بەپێی یاسای هەمواركراوی وەزارەتی پەروەردە:
دەرماڵەی پیشەیی لە 150 هەزار دینارەوە دەبێتە 300 هەزار دینار

بەغدا/ 25ی ئابی 2025/ ساتی دەنگدان لەسەر هەمواركردنەوەی یاسای وەزارەتی پەروەردە. فۆتۆ: راگەیاندنی وەزارەتی پەروەردە

كەركوك ناو

بەپێی هەمواری یەكەمی یاسای وەزارەتی پەروەردە، خزمەتی مامۆستایانی گوندەکان بە دوو هێندە هەژمار دەكرێت و دەرماڵەی پیشەیی لە 150 هەزار دینارەوە دەبێتە 300 هەزار دینار.

هەمواری یاساكە دووشەممە 25ی ئاب لە پەرلەمانی عیراق دەنگی لەسەر درا و ئامانج لێی گرنگیدانە بە پەروەردە لە گوند و ناوچە دورەدەستەكان.

نەجوە كاكەیی، ئەندامی پەرلەمانی عیراق، بە (كەركوك ناو)ی وت "هەمواركردنەوەی یاساكە بەشێوەیەكی گشتی سودێكی باش دەگەیەنێت بە مامۆستایان و كەرتی پەروەردە لە تەواوی عیراق جگە لە هەرێمی كوردستان... بۆ نمونە زیادكردنی دەرماڵەی پیشەیی بۆ 300 هەزار دینار كە پێشتر تەنیا 150 هەزار دینار بوو، جگەلەوەش مامۆستایان و كارمەندانی گرێبەست لە كەرتی پەروەردەیی لەمەودوا خزمەتیان بۆ هەژماردەكرێت".

وتیشی "ئەو مامۆستایانەی ماوەی دامەزراندنیان لە دەرەوەی شار بووە، هەر ساڵێكیان بە دوو ساڵ بۆ هەژمار دەكرێت و هەر كارمەندێكی پەروەردەییش پارچە زەوییەكی پێدەدرێت".

ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق لە راگەیەنراوێكدا لەبارەی هەموارەكەوە بڵاویكردەوە "ئامانج لێی ئەوەیە کە پەروەردە لە گوند و ناوچە دورە دەستەکان ئەو گرنگییەی بدرێت کە شایەنییەتی، ئەوەش لەڕێی هاندانی کادیرانی پەروەردەیی بۆ کارکردن لە ناوچەکانی دور لە شوێنی نیشتەجێبونی خۆیان".

هەروەها هاتووە "دابینکردنی کەشێکی گونجاوی ژینگەی ناو قوتابخانەكان بۆ تەواوی قوتابیان ئامانجێكی تری هەمواركردنەوەكەیە... ئەمە یارمەتیدەر دەبێت بۆ پڕکردنەوەی کەمیی کارمەندانی قوتابخانەکان لە گوند و ناوچە دورەکان و باشترکردنی بارودۆخی ژیانی پەروەردەکاران".

  • FB
  • Instagram
  • Twitter
  • YT