پۆلیسی دوزخورماتوو دووان لەو سێ گەنجەی دەستگیركرد كە بە دەمانچە تەقەیان لە بارەگای ناوچەی پارتی دیموكراتی كوردستان كرد لە قەزای دووزخورماتوو و بڕیارە ئەمڕۆ لێكۆڵینەوەیان لەگەڵدا بكرێت.
درەنگانێكی شەوی شەممە 13ی ئەیلول، سێ گەنج كە ئۆتۆمبێلێكی توێتا لاندكرۆزەریان پێبووە، بە دەمانچە دەستڕێژی گولـلەیان لە بارەگاكەی پارتی كرد و هەڵاتن، بەبێ ئەوەی هیچ زیانێكی گیانی و ماددی هەبێت.
ئیسماعیل مەحمود، لێپرسراوی ناوچەی پارتی، بە (كەركوك ناو)ی وت "سێ كەس لەناو ئۆتۆمبێلەكەدا بون، ئۆتۆمبێلەكەمان ناسییەوە و پۆلیس و هەواڵگریمان ئاگاداركردەوە، ئەوان رێكاری خۆیان بۆ دۆزینەوە و دەستگیركردنیان گرتەبەر".
وتیشی "پۆلیس توانی دووان لە سێ هێرشبەرەكە دەستگیربكات، ئەو دوو كەسە ناسراون، ناسنامەی لایەنێكی سیاسییان پێبووە و كوردن، نامانەوێت ناوی خۆیان و ئەو لایەنە ئاشكرابكەین".
لێپرسراوی ناوچەی دوزخورماتوی پارتی، ئاماژەی بەوەدا كە ئەوان هیچ گومانێكیان نییە لەوەی ئەو گەنجانە بە ئەنقەست تەقەیان كردووە، هەر بۆیە كەیسەكەیان رادەستی دەزگا ئەمنییەكان كردووە. لەگەڵ جەختكردنەوە لەوەی "پێدەچێت لەكاتی تەقەكردندا سەرخۆش بوبن".
"ئێمە چاوەڕێی یاساین، پۆلیس تەقەكەرەكانی بردۆتە دادگا و بڕیارە ئەمڕۆ دووشەممە لێكۆڵینەوەی زیاتر بكرێت و شایەتحاڵەكانیش ئامادەدەبن".