سەجا ئیسماعیل، ئەندامی تۆڕی رۆژنامەنوسانی ژن بۆ روماڵکردنی ژینگەیی - کەرکوک ناو، خەڵاتی یەكەمی پێشبڕكێیەكی بردەوە لە نێو لانیكەم 200 بەشداربودا.
ئەنجامی ئەو پێشبڕكێیە لە 16ی ئەیلول لە هەولێر لەلایەن تۆڕی ئۆزۆن بۆ پاراستنی ژینگە راگەیەنرا، تیایدا چوار رۆژنامەنوس خەڵاتەكەیان وەرگرت، لەنێویاندا سەجا ئیسماعیل.
سەجا ئیسماعیل راپۆرتەكەی لە 13ی تشرینی دووەمی 2024 لە ماڵپەڕی (كەركوك ناو)دا بڵاوكردەوە، بەناونیشانی (جیاكردنەوەی خاشاك؛ گۆڕینی ئاڵنگاری بۆ دەرفەت)، كە تیایدا باس لەوە دەكات كۆمپانیایەكی ناوخۆیی خاشاكی قەزاكانی ئاكرێ، بەردەڕەش و شێخان جیادەكاتەوە و جارێكی تر ریسایكلینی دەكاتەوە، لەپێناو ئەوەی ژینگە پیس نەبێت و دەرفەتی كاریش بۆ سەدان كەس فەراهەم دەكات.
سەجا ئیسماعیل بە (كەركوك ناو)ی وت "ئەم راپۆرتەم لە چوارچێوەی پڕۆگرامێكی ژینگەییدا بەرهەمهێنا، كە وەزارەتی دەرەوەی كۆماری ئەڵمانیای فیدراڵ پشتگیری دارایی دەكرد و دەزگای كەركوك ناو جێبەجێی دەكرد... لە پڕۆگرامەكە 18 خانمە رۆژنامەنوس بەشداربون و بۆ ماوەی شەش مانگ بەردەوامبوو".
"خەڵاتەكەم لەسەر بنەمای ئەو راپۆرتە بونیاتنەرە وەرگرت، ئێمە لە چوارچێوەی پڕۆگرامەكەدا فێری بەرهەمهێنانی راپۆرتی بونیاتنەری ژینگەیی بوین، ئەمەش هەوێنی وەرگرتنی ئەو خەڵاتە بوو لە نێو 200 بەشداربووی پێشبڕكێیەكەدا"، سەجا وایوت.
سەجا كە لە ئێستادا ئەندامێكی تۆڕی رۆژنامەنوسانی ژن بۆ روماڵکردنی ژینگەیی – (کەرکوک ناو)ە، وتی "دوای ئەوەی راپۆرتەكەم بڵاوكردەوە، ژمارەیەك دامەزراوەی تری میدیایی بە زمانی كوردی، عەرەبی و ئینگلیزی ستۆرییان لەسەر هەمان بیرۆكە بەرهەمهێنا".

لەگەڵ ئاماژەدان بەوەی هەر دوای بڵاوبونەوەی راپۆرتەكە، لێپرسراوانی چەند ناحیە و قەزایەكی تر بیریان لەوە كردۆتەوە هەمان هەنگاوبنێن لە جیاكردنەوەی خاشاكی ماڵان، ئەوەش لە پێناو پیسنەبونی ژینگە و ریسایكلینی ئەو پاشماوانەی دەتوانرێت ریسایكل بكرێنەوە.
"هەستێكی زۆر خۆشم هەیە كە بومەتە براوەی ئەم خەڵاتە، بەتایبەت راپۆرتەكە لەسەر پاراستنی ژینگەیە و لەناو راپۆرتەكەشدا چارەسەری كێشەیەكی ژینگەیی تیایە كە ئیلهامبەخشە بۆ تەواوی پارێزگا، قەزا و ناحیەكانی تری عیراق كە بەدەست پاشماوە و خاشاكەوە گیرۆدەبون".
سەجا هەروەها وتی "بردنەوەی ئەم خەڵاتە نیشانەی كاریگەریی و بەردەوامی تۆڕی رۆژنامەنوسانی ژنە بۆ روماڵکردنی ژینگەیی و هانمان دەدات بۆ كاری زیاتر لە داهاتودا".