شێرزاد سەمەد شەریف، لێپرسراوی ژوری هەڵبژاردنی مەڵبەندی دووی یەكێتیی نیشتیمانیی كوردستان لەكەركوك، دوپاتیدەكاتەوە كە هەوڵی حزبەكەی ئەوەیە رێبوار تەها، سەرۆكی لیستی یەكێتی بەرزترین دەنگ بهێنێت لەسەر ئاستی كەركوك و تەنانەت عیراق، پێیانوایە بتوانێت 100 هەزار دەنگ بهێنێت.
شێرزاد سەمەد، پێیوایە كاندیدكردنی رێبوار تەها و هێنانی ئەو دەنگانە، دوو سودی هەیە، یەكەمیان بەهۆی دەنگی ئەوەوە دوو بۆ سێ كاندیدی تر دەردەچێت، دووەم بۆ كەسایەتی خۆی، لەگەڵ جەختكردنەوە لەوەی چاویان لەوەیە ئەمجارە 200 هەزار دەنگ لە كەركوك بەدەستبهێنن.
بەپێی ئاماری نافەرمی ژوری هەڵبژاردنی مەڵبەندی كەركوكی یەكێتی، نزیكەی لەسەدا 10ی دەنگدەرانی كەركوك، لە شارەكانی هەرێمی كوردستان نیشتەجێن بە دیاریكراوی نزیكدەبێتەوە لە 100 هەزار دەنگدەر، ئەمانە دەبێت بۆ دەنگدان بگەڕێنەوە بۆ پارێزگاكانی خۆیان، شێرزاد سەمەد وتی "بڕیاری حزب ئەوەیە بەبێ جیاوازی بیركردنەوەی حزبی، هۆیەكانی گواستنەوەیان بۆ دابین دەكەین بۆ ئەوەی بۆ دەنگدان بگەڕێنەوە بۆ كەركوك".
کەرکوک ناو: بارودۆخی كەركوك لەگەڵ هەڵبژاردندا چۆنە؟
شێرزاد سەمەد: دۆخی بانگەشە زۆر ئارامە و تائێستا هیچ بەرکەوتنێکی خراپ روینەداوە، یەكێتی كە تاڕادەیەکی زۆر لەم شارە باڵادەستە کادیران و لایەنگرانمان ئاگاداركردۆتەوە زۆر ئارامانە بانگەشە بکەن و خۆیان لە بەریەكکەوتن لەگەڵ لایەنەکانی دیکە بپارێزن. خۆتان دەزانن بەشێک لە دەنگدەران، دەنگدەری جێگیری حزبەکانن و بڕیاری پێشوەختەی خۆیان داوە و بڕیاری حیزب جێبەجێ دەکەن، بەڵام جەماوەر بەگشتی و ئەوانەی بڕیاری پێشوەخەتیان نەداوە ئەوا سەیری خزمەتگوزارییەکان دەکەن وەک پێوەری دەنگدان بەتایبەت کە دوای هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکان یەکێتیی نیشتیمانیی کوردستان ئەو بەڵێنانەی بە خەڵکی دابوو جێبەجێی کرد، وایدەبینم جێبەجێکردنی بەڵێنەکان وادەکات ژمارەی دەنگەکانی یەکێتیی زیاد دەکات.
کەرکوک ناو: کەواتە مەزندەتان کردووە چەند دەنگ زیاد بکەن؟
شێرزاد سەمەد: خەڵک لەم شارە ئەزموونی لەگەڵ یەکێتی هەیە، بۆیە وەڵامی داواکارییەکەی دەداتەوە، تەنانەت لە پێکهاتەکانی دیکەش ئومێدمان وایە دەنگ بهێنین. لە هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکان لە دەنگدانی گشتی 157 هەزار دەنگمان هێنا و بەراورد بە هەڵبژاردنی پێشتر كە هەڵبژاردنی پەرلەمانی عیراق بوو، نزیکەی سەدا 40ی دەنگەکانمان زیادیکرد، بۆ ئەمجارە پێشبینی دەكەین 200 هەزار دەنگ بەدەستبهێنین.

کەرکوک ناو: زۆرجار دەنگ زیاد دەکات، بەڵام نابێتەهۆی زیادبونی کورسی، کەواتە یەکێتی لەم هەڵبژاردنە چەند کورسی دەهێنێت؟
شێرزاد سەمەد: زەمینەکە لەبارە بۆ زیادکردنی دەنگ و کورسی، چونکە ركابەرەکانمان لە پێکهاتەکانی دیکە پەرتەوازەن، ئەگەر پێشتر دوو یان سێ لیست بووبن ئەمجارە عەرەبەکان حەوت لیستن، تورکمان زیاتر لە سێ لیستی شیعە و سوننەی تێکەوتووە، لەناو بەرەی تورکمانی کێشە هەیە، ئەمانە و بونی رێسای سانت لیگۆ كە لە بەرژەوەندی حزبە گەورەكانە، هاوکارن لەوەی ژمارەی کورسییەکانمان زیاد بکات بۆ پێنج کورسی و شەڕی کورسی شەشەم دەکەین.
کەرکوک ناو: خەریکە ئەمە دەبێتە دروشمی یەکێتی لە کەرکوک کە رێبوار تەها، کاندیدی ژمارە یەک و پارێزگاری شارەکە 100 هەزار دەنگ بهێنێت، مەبەستتان لەم بانگەشەیە و پەیامی پشتییەوەی چییە؟ ئایا ئەمە بەمانای پشتگوێخستنی كاندیدەكاتی تر نایات؟ چونكە دەبینین زۆرینەی كات كاتێك ئاسۆ مامەند، كەسی یەكەمی یەكێتی لە كەركوك بانگەشە بۆ یەكێتی دەكات رێبوار تەها لەگەڵیدا دەردەچێت؟
شێرزاد سەمەد: كاك رێبوار پارێزگاری شارەکەیە و هەروەها کاک ئاسۆ پێش بانگەشەش هەموو دەم لەناو خەڵکدا بووە، هاوکات لای جەماوەریش ئەوە رونە کە کەرکوک لای یەکێتی ژمارە یەکە و هەموو دەم یەکێتی لەگەڵ خەڵکەکە بووە و جێی نەهێشتووە، تەنانەت ئەو دەمەی کە چەکیشمان لەدەست نەبوو ئەوا هەر لەگەڵ خەڵکدا بووین، ئەمە وادەکات کاک ئاسۆ پشتیوانێکی بەهێز بێت بۆ جەماوەر و هەروەها پشتیوانێکی بەهێزیشە بۆ کاک رێبوار، بەڵام کاک ئاسۆ بەیەک مەسافە لەگەڵ هەموو کاندیدەکاندایە، ئەوەی وادەکات هەمیشە کاک رێبواری لەگەڵدا بێت ئەوەیە کە کاک رێبوار پارێزگاری شارەکەیە و سەرۆکی لیستیشە، ئەمەیە وادەکات کە هەوڵدەین کاک رێبوار نەک تەنیا لەسەر ئاستی کەرکوک بەڵکو لەسەر ئاستی عیراقیش زۆرترین دەنگ بەدەستبهێنێت، ئەوەشت لەبیر بێت ئەو دەنگەی کاک رێبوار دەیهنێت دوجار سودی لێوەردەگرین، جارێک بۆ لیستەکە و کاندیدەکانی دیکە کە دەمانەوێت دوو بۆ سێ کاندیدی دیکە بە دەنگی ئەو دەربچن، جارێکیش بۆ كەسایەتی خۆی. جگە لەمەش ئێمە هەموو هەڵبژاردنێک لە کەرکوک وەک راپرسییەک لێی دەڕوانین کە کورد زۆرینە و یەکەمی شارەکەیە، هەروەها یەکێتیی نیشتیمانیی کوردستانیش لەناو لیستە کوردییەکاندا یەکەم و نوێنەرایەتی کورد لە شارەکە دەکات.
کەرکوک ناو: کەواتە پێتانوایە 100 هەزار دەنگ بهێنێت؟
شێرزاد سەمەد: بە پشتیوانی حیزب و جەماوەری کەرکوک خۆی سەلماندووە، دورە لە کۆمەڵێک شتی خراپ و دڵسۆزە بۆ کەرکوکییەکان و هەموو تواناکانی خۆی خستۆتە خزمەت شارەکە، بۆیە پێمانوایە بتوانێت 100 هەزار دەنگ بەدەستبهێنێت.
کەرکوک ناو: رێبوار تەها دەچێتە پەرلەمان یان وەكو پارێزگار لە كەركوك دەمێنێتەوە؟
شێرزاد سەمەد: لەهەر كوێیەك حزب پێویستی پێبێت كاك رێبوار دەچێت، جا لە بەغدا بێت یان كەركوك.
کەرکوک ناو: ئەمە وەڵامێکی دیبلۆماسییە، بە هەرحاڵ، دەمەوێت بپرسم وەک دەزانن بەشێک لە دەنگدەرانی کەرکوک لە سلێمانی و هەولێر نیشتەجێن، ئامارێکتان لایە ژمارەیان چەندە و پلانتان چییە بۆ ئەوەی بەشداری لە هەڵبژاردن بکەن؟
شێرزاد سەمەد: بە دیاریکراوی ئامارێکی دروست نییە کە ژمارەیان چەندە، بەڵام مەزندە دەکەین 10٪ـی دەنگدەرانی پارێزگاكە پێكبهێنن، پێمانوایە بە نزیكەیی 97 هەزار دەنگدەر بن، هەڵبژاردنەکانی پێشوتریش هەر یەکێتیی نیشتیمانیی کوردستان پاس و هۆیەکانی گواستنەوەی بۆ دەنگدەرانی کەرکوك دابینکردووە، ئەمجارەش دابینی دەکات بێ جیاوازی حیزبی. لای ئێمە ئەوەی گرنگە کەرکوکییەك بێتەوە دەنگ بدات جا بە هەر لایەنێکی بدات ئەوا ئازادە.
کەرکوک ناو: وەک دەزانن رێسای سانتلیگۆ لە بەرژەوەندی لیستە گەورەکاندایە، بۆ لایەنە کوردییەکان نەگەیشتن بەوەی لە کەرکوک بە یەک لیست دابەزن و ئەمە زیانی چەند کورسی لە کورد دەدات؟
شێرزاد سەمەد: هەوڵی زۆردرا و کۆبونەوەی زۆریش کرا، بەڵام لایەنی بەرانبەر کە پارتی دیموکراتی کوردستانە رێککەوتنی بەشداری بە یەک لیستییان بەستەوە بە پێکهێنانی کابینەی دەیەمی حکومەتی هەرێم، کارتەکانیان تێکەڵ کرد، بەدڵنیاییەوە ئەگەر بە یەك بیست بەشداریمان بكردایە ئەو کورسییەکمان زیاتر دەهێنا، کە ئێستا پەرتەوازەین کورسییەک کەمتر دەهێنین.
کەرکوک ناو: ئەگەر بیکەمە دوا پرسیار، یەکێتی لە کەرکوک چەند کورسی دەبات؟
شێرزاد سەمەد شەریف: بەهۆی ئەو متمانەیەی هەمانە لای دەنگدەرانمان، هەروەها ئەو خزمەتەی کاک رێبوار کردوویەتی وەک پارێزگار، باوەڕمانوایە کاریگەری گەورەی لەسەر دەنگی ناوچەی خۆڵەمێشی، تەنانەت عەرەب و تورکمانیش دروستدەکات، بۆیە پێشبینی دەکەین پێنج بۆ شەش کورسی بەدەستبێنین.