رەوە بەراز، ئارامی شوانكارە و جوتیارانی داقوق دەخاتە مەترسییەوە، لانیكەم شەش كەس لە دوو هەفتەی رابردودا بەهۆی پەلاماردانی بەرازەوە بە سەختی برینداربون.
ژمارەی بەراز بەراورد بە ساڵانی رابردوو لە سنوری داقوق زۆر بووە و بونەتە مەترسی بۆ سەر ژیانی هاوڵاتیانی ناوچەكە، بەتایبەت گوندنشینان.
نبراس هلال، شوانكارەیەكی 14 ساڵانە، دووشەممە 24ی تشرینی دووەم لە گوندی تەل بسەڵە لە باشوری داقوق بە سەختی برینداربوو، دوای ئەوەی رەوە بەرازێك هێرشیانكردە سەری.
نبراس لە نەخۆشخانەی گشتی داقوق قسەی بۆ (كەركوك ناو) كرد، وتی "لە نزیك چەمی رۆخانە هاژ و هوژێكی زۆر دەهات، لەپڕ بینیم لە نێو چەمەكەوە رەوە بەرازێك رووە و من هاتن، ژمارەیان زۆر بوو، فریای راكردن نەكەوتم، كە لێیاندام كەوتمە سەر زەوی، كاتێك هەستامەوە دیسان لێیاندامەوە، تا براكانم فریاكەوتن منیان رزگاركرد".
نبراس لە دوو شوێنەوە بە سەختی و 40 تەقەڵ برینداربووە.
محەمەد سەلمان، جێگری بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی داقوق، بە (كەركوك ناو)ی وت "تەنیا لە ماوەی دوو هەفتەدا شەش كەس بە پەلاماردانی بەراز برینداربون، دوانیان تەندروستیان ناجێگیرە، یەكێكیان ئافرەتە و گواستراوەتەوە بۆ نەخۆشخانەكانی كەركوك و پێویستی بە نەشتەرگەریی هەیە".
بەپێی تێبینی گوندنشینان، ئەمساڵ بەراز بەراورد بە ساڵانی رابردوو زیاتر بون، هۆكارەكەی دەگەڕێننەوە بۆ چۆڵبونی گوندەكان.
ئازاد محەمەد، دانیشتوی گوندی کولی تەپە لە داقوق، وتی "بەراز لەكاتی پەلامارداندا زۆر مەترسیدارە، هەندێكجار رەوە بەراز بینراوە نزیكەی 50 دانە بون".
"ئاوەدانی لە گوندەكان زۆر كەمبۆتەوە، ئەوەش بۆ گەشەكردنی ژمارەی بەراز و توانای زاوزێكردنیان لەبارە، بەتایبەت گوندەكانی باشور و باشوری خۆرئاوای داقوق".
داقوق قەزایەكی سەر بە پارێزگای كەركوكە بەدوری 44كم دەكەوێتە باشوری ناوەندی كەركوك، دانیشتوانهكهی له كورد، توركمان و عهرهب پێكهاتون و كشتوكاڵی و ئاژەڵداریی بەشێكی سەرەكی بژێوی ژیانی خێزانەكانە.
ئازاد وتی "بەراز زیاتر لەو ناوچانە دەژین كە دەوەن و چەم و ئاوی لێیە و گەشە دەكەن".