له هه‌ر پێنج رۆژێكدا و له هه‌رێمی كوردستان ژنێك به‌بێ ده‌نگی به پاساوی جۆراوجۆر ده‌كوژرێت، ئه‌وه‌ش نیگه‌رانی قوڵی لای داكۆكیكاران له مافه‌كانی ژنان دورستكردووه و پێیانوایه دوباره‌بونه‌وه‌ی ده‌ربازبونی تاوانباران له سزا و پێداگری حكومه‌ت بۆ روماڵنهكردنی تاوانی كوشتن، هۆكاری به‌رده‌وامبونی به‌ئامانجگرتنی ژنانه.
له 12 مانگی ساڵی 2025دا تۆڕی 8ی مارس كوشتنی 69 ژنی له ناوچه جیاوازه‌كانی هه‌رێمی كوردستان تۆماركردووه، له‌پاڵ كوشتنی 13 ژنی تر له دوو مانگی سه‌ره‌تای ئه‌مساڵدا، ئه‌وه‌ش به‌و مانایه دێت له‌و ماوه‌یه‌دا له هه‌ر پینج رۆژێكدا ژنێك كوژراوه.
ئاماره‌كه به‌پێی تۆڕی 8ی مارس "شۆكهێنه‌ره"، ئه‌و تۆڕه تایبه‌ته به داكۆكیكردن له مافه‌كانی ژنان و له ژماره‌یه‌ك رێكخراوی تایبه‌ت به پرسی مافه‌كانی ژنان پێكهاتووه، ئه‌وان پێیانوایه ئاماره‌كه مانای ئه‌وه ده‌گه‌یه‌نێت "هه‌رێمی كوردستان هێشتا په‌ناگه‌یه‌كی ئارام نییه بۆ ژنان"، ئه‌مه سه‌ره‌ڕای بانگه‌شه‌ی به‌رده‌وامی لێپرسراوانی هه‌رێمی كوردستان له به‌رگریكردن له مافه‌كانی ژنان و نیشاندانی پاڵپشتی بۆ یه‌كسانیی لە نێوان ژن و پیاودا.
له رۆژی جیهانی ژناندا (ئه‌مڕۆ 8ی مارس)، به‌رگریكاران له مافه‌كانی ژنان ئه‌و ئاماره بیری ده‌سه‌ڵاتدارانی هه‌رێمی كوردستان ده‌هێننه‌وه و به ئامارێكی "مه‌ترسیدار" بۆ ژینگه‌ی هه‌رێمی كوردستان له ژیانكردنی ژنان داده‌نێن.
بەهار مونزیر، چالاكوانی مافەكانی ژنان و بەڕێوەبەری رێكخراوی خەڵك بۆ گەشەپێدان، به (كه‌ركوك ناو)ی وت "ئه‌و ئاماره تووشی نیگه‌رانی كردووین... له‌هه‌ر شوێنێك ئەگەر مافی یەكسان نەبێت له نێوان ژن و پیاودا، وه‌ك مافی ئابووری، سیاسی، كلتووری، كۆمەڵایەتی و یاسایی، ئه‌وه جیاكارییەكان وادەكەن كوشتنی ژنان بەردەوام بێت".
به‌هار كه رێكخراوه‌كه‌ی ئه‌ندامه له تۆڕی 8ی مارس و تۆڕه‌كه‌ش ئاماری كوشتنی ژنانیان تۆماركردووه، وتی "كوشتنی ژنان لە هەرێمی كوردستاندا، پەیوەستە بە عەقڵییهتی خێڵەكی، ئه‌مه‌ش پشتیوانی دەكات لەوەی ژن بە هۆكاری ناموس بكوژرێت و كوشتنی ژنان ئاسان دەكات".
نیگه‌رانی قوڵی به‌هار مونزیر ئه‌وه‌یه كه ستراتیژی بەرهەڵستیكردنی ئەم تاوانانە بونی نییه و "تەنیا لەڕوكەشدا باسدەكرێت".
له‌باره‌ی هه‌وڵی رێكخراوه‌كان بۆ روبه‌ڕبونه‌وه‌ی ئه‌و پرسه، وتی "ئه‌وان هه‌وڵی بێ‌وچانیان داوه، به‌ڵام بێ پشت و پەنا بون... رێگری هەیە بۆ ئەوەی پرسی كوشتن و پرسی ژن ببێتە پرسێكی كۆمەڵگه".
له‌گه‌ڵئه‌وه‌شدا نیگه‌رانه له به‌كارهێنانی سوڵحی عه‌شایه‌ری بۆ چاره‌سه‌ری پرسی كوشتنی ژنان و جه‌ختیكرده‌وه "پێدانی هێز به سوڵحی عه‌شایه‌ری وایكردووه ژنان جارێكی تر ببنه‌وه به قوربانی، ته‌نانه‌ت وایكردووه هه‌ندێك كات له دادگا دۆسییەكان بەلاڕێدا ببرێت، لەبەرئەوەی تۆمەتبار سەر بە یەكێك لە عەشیرەتە گەورەكان بووە و حزبەكان پاڵپشتیان لێكردون".
گەشە دارا حەفید، یاساناس و چالاكوانی بواری مافەكانی ژنان، ده‌ڵێت كاتێك له یاسا سزا داده‌نرێت، بۆ ئەوەیە تاوانبار بە سزای خۆی بگات و رێگریش بكرێت لە خەڵكانێكی تر ئه‌و كاره دوباره نه‌كه‌نه‌وه، "بەڵام لەبەرئەوەی هەموو هاوڵاتییەك لەبەردەم یاسا یەكسان نییە و هەموو كەس روبەڕوی سزا نابێتەوە، بۆیه توندوتیژی له نێویاندا تاوانی كوشتن به‌رده‌وام ده‌بێت".
ده‌ربازبون له سزا، یه‌كێكه له گرفته گه‌وره‌كانی به‌رده‌م حوكمڕانی له هه‌رێمی كوردستان، له‌و نێوه‌نده‌شدا ژنان پریشكی ئه‌و گرفته‌یان به‌رده‌كه‌وێت.
"ئەم پشتگیرییە لە تاوانباران و دەربازبونیان لە یاسا دەبێتەهۆی چاولێكەريي و هۆكارێكیشە بۆ دوبارەبونەوەی تاوان، كە بەداخەوە زۆرجار كەسانی سیاسی و حزبیش داڵدەی تاوانباران دەدەن و دەیانپارێزن بەتایبەت لەتاوانی كوشتنی ژن‌دا".
پشتگیریی لە تاوانباران و دەربازبونیان له یاسا دەبێتەهۆی چاولێكەريی و هۆكارێكیشە بۆ دوبارەبونەوەی تاوان
ئه‌و كه ئەندامی خولەكانی سێیەم و چوارەمی پەرلەمانی كوردستان بوو، تێبینی له‌سه‌ر یاساكان یان جێبه‌جێكردنیان هه‌بوو، پێیوایه جۆرێك له ئاسانكاریی هه‌یه بۆ ده‌ربازبون له سزا، به‌تایبه‌ت به‌و ده‌ق و بڕگانه‌ی باس له سوڵحكردن و ئاشتەوایی ده‌كات.
وتیشی "له سه‌رده‌می په‌رله‌مانتاری ئێمه‌دا پێداگریمان كرد بۆ ئه‌وه‌ی بڕیارێك ده‌ربچێت كە لە لێبوردنە گشتییەكاندا بكوژی ژنان نەگرێتەوە، ئه‌مه پێویستی بە ئیرادەیەكی بەهێز هەبوو لەناو پەرلەماندا، ئەگەر فشاری ئێمەی ژنان نەبوایە، ئەو بڕگەیە دانەدەنرا كە بكوژی ژن لێبوردنی گشتی نەیگرێتەوە".
رازاو گوڵێ، یاسا ناسا و چالاكوانانی بواری مافەكانی ژنان پاڵپشتی له قسه‌كانی گه‌شه دارا ده‌كات، له‌گه‌ڵئه‌وه‌شدا پێیوایه كارانهبونی په‌رله‌مان له‌وه‌ی نه‌توانێت هه‌مواری یاساكان به‌شێوه‌یه‌كی باشتر بكاته‌وه و نه‌شتوانێت چاودێری حكومه‌ت و جێبه‌جێكردنی یاساكانی بكات، كاریگه‌ریی له‌سه‌ر سڵنه‌كردنه‌وه‌ی تاوانی كوشتن و دوباره‌بونه‌وه‌ی هه‌یه، "كاتێك دامەزراوەی یاسا دانانت نەبوو، نەیتوانی سزای تاوانبار بدات، بێگومان كاریگەری دەبێت لەسەر بەرزبونەوەی تاوانەكانی ژن كوشتن"، رازاو گوڵێ.
وتیشی "لە سەردەمانێكدا ئەزمونی هەرێمی كوردستان لەبەردەم پەیوەندییە نێودەوڵەتییەكاندا پێویستی بەوەبووە واخۆی پیشان بدات كه مافی ژنی پاراستوە، بۆیه كاركرا بۆ هه‌مواركردنه‌وه‌ی هه‌ندێك مادده و بڕگه كه له‌دژی مافه‌كانی ژنان بوو، به‌تایبه‌ت له یاسای باری كه‌سێتی و هه‌روه‌ها ده‌ركردنی یاسای تر بۆ پاراستنی ژنان، له‌وانه یاسای خراپ بەكارهێنانی ئامێرەكانی پەیوەندی و یاسای بەرەنگاربونەوەی توندوتیژی دژی ژنان"، به‌ڵام نیگه‌رانی خۆی نیشاندا له به‌رده‌وامی كوشتنی ژنان.
وه‌زاره‌تی ناوخۆی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان، چوار ساڵه به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تییه‌كانی به‌ره‌نگاربونه‌وه‌ی توندوتیژی دژی ژنانی ئاگاداركردۆته‌وه كه نابێت چیتر ئاماری كوشتن بڵاوبكه‌نه‌وه، ئه‌مه‌ش وایكردووه (كه‌ركوك ناو) نه‌توانێت ئاماری ره‌سمی حكومه‌تی ده‌ستبكه‌وێت. پۆلیس جه‌ختیانكرده‌وه كه ئاماره‌كه لای به‌ره‌نگاربونه‌وه‌ی توندوتیژییه، ئه‌وانیش وتیان لای پۆلیسه.
دواینجار به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی به‌ره‌نگاربونه‌وه‌ی توندوتیژی دژی ژنان له ساڵی 2022دا جه‌ختیكرده‌وه كه 44 ژن له‌و ساڵه‌دا كوژراون، بۆ ساڵی 2023یش لانیكه‌م 30 ژن كوژراون، به‌پێی سه‌رچاوه‌ی جیاوازی حكومی.
خانزاد ئه‌حمه‌د، ئه‌نجومه‌نی باڵای خانمان – دامه‌زراوه‌یه‌كی داكۆكیكاره له مافه‌كانی ژنان و سه‌ر به ئه‌نجومه‌نی وه‌زیرانه-، له په‌یامێكیدا له رۆژی هه‌شتی مارسدا، جه‌ختی له پابه‌ندبونی حكومه‌تی هه‌رێم كرده‌وه له بابه‌تی ئه‌مساڵی نه‌ته‌وه یه‌كگرتووه‌كان، له‌وانه مافه‌كان، دادپه‌روه‌ری و كردار. خانزاد وتی "ئه‌م بابه‌ته په‌یوه‌ندییه‌كی قوڵ و راسته‌وخۆی هه‌یه به ئه‌وله‌یه‌تی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستانه‌وه، تاوه‌كو هه‌موو ئافره‌تان ده‌ستیان به خوێندن، دامه‌زراندن، دارایی و ژینگه‌یه‌كی ته‌ندروستی كاركردن رابگات".
خانزاد، جه‌ختیكرده‌وه پرسی دادپه‌روه‌ری، بۆ به‌رنامه‌ی حكومه‌تی هه‌رێم، به واتای پڕكردنه‌وه‌ی كه‌لێنه یاساییه‌كان و جێبه‌جێكردنیان دێت.
پرسی دادپه‌روه‌ری، بۆ به‌رنامه‌ی حكومه‌تی هه‌رێم، به واتای پڕكردنه‌وه‌ی كه‌لێنه یاساییه‌كان و جێبه‌جێكردنیان دێت.
ساڵی رابردوو له دوو كاتی جیاوازدا داواكاری گشتی له مانگی ئادار و ده‌سته‌ی سه‌ربه‌خۆی مافەکانی مرۆڤ له مانگی ئه‌یلول داوایانكرد چیتر روماڵی روداوه‌كانی كوشتن نه‌كرێت، بۆیه چالاكوانانی ژنان پێیانوایه ئێستا كوشتنی ژنان به‌بێ ده‌نگی تێده‌په‌ڕێت.
له‌سه‌ر داوای ده‌سته‌ی سه‌ربه‌خۆی مافه‌كانی مرۆڤ، سەرۆكایەتیی دیوانی ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان گشتاندتێكی له 18ی ئه‌یلولی 2025 ئاڕاستەی گشت وەزارەت و دامودەزگاکانی حکومەت كردووه و تیایدا هاتووه "لەمەودوا ڕێگە بە هیچ كەناڵ و پەڕەی تۆڕی كۆمەڵایەتی نادرێت، دیمەن و ڤیدیۆی روداوی تاوان و تۆمەتباران و شوێن و كاتی تاوانەكان بڵاوبكەنەوە و روماڵی بکەن".
شاره‌زایانی بواری میدیا ده‌ڵێن هەوڵدان بۆ لێکدانەوەی ئەم هەنگاوە، ئاڵۆزییەکی زۆر لەگەڵ خۆیدا دەهێنێت، "لەبەرئەوەی نازانیت چی راستبکەیتەوە".
ئەرسەلان رەحمان، توێژه‌ری بواری میدیا، پێیوایه ناكرێت روداوی كوشتنی ژنان دور له چاوی میدیا تێپه‌ڕبێت، به‌ڵام پێشنیازده‌كات ئه‌و رۆژنامه‌نوسانه‌ی روماڵی پرسه‌كانی ژنان ده‌كه‌ن له نێویاندا كوشتن و توندوتیژی، "راهێنانی تایبەت وەربگرن بۆ ئەوەی ئاشنای وردەكاری جۆری روماڵی میدیایی بن".
هه‌ر بۆیه دژایه‌تی خۆی بۆ بڕیاری روماڵنهكردنی تاوانی كوشتن ده‌ربڕی و وتی "دەبێت كۆمەڵگە ئاگاداری ئەوەبن كەچی لە دەوروبەریدا دەگوزەرێت و هۆشیاری پێویست هه‌بێت لەبارەی توندوتیژییەكان"، ئه‌و جه‌ختیكرده‌وه "روماڵنەكردنی توندوتیژییەكان بەجۆرێكی دیكە زەمینەسازییە بۆ توندوتیژی و كوشتنی ژنان، بۆیه پێویستە پشتیوانی لە روماڵی توندوتیژییەكان بكرێت".
روماڵنەكردنی توندوتیژییەكان بەجۆرێكی دیكە زەمینەسازییە بۆ توندوتیژی و كوشتنی ژنان
له‌گه‌ڵئه‌وه‌شدا وتی "بەڵام لەڕووی چۆنێتی روماڵكردن و پێشكەشكردنی زانیاریی و دروستكردنی كاریگەری بە ئاڕاستەی دوركەوتنەوە لەتوندوتیژی، هێشتا میدیا وەك پێویست نەیتوانیوە رۆڵی خۆی بگێڕێت... لە بنەڕەتدا میدیای كوردی میدیایەكی چارەسەرییانە نییه".
دڵسۆز زەنگەنە، بەڕێوەبەری رێكخراوی دابین و داكۆكیكار لە مافەكانی ژنان، له پرسی چی بكرێت بۆ كه‌مكردنه‌وه‌ی تاوانی كوشتین ژنان، پێشنیار ده‌كات رێكخراوه‌كان گۆڕانكاریی له چالاكییه‌كانیاندا بكه‌ن، "چەندین ساڵە هاوار دەكەین بۆ وەستانی كوشتنی ژنان، بەڵام هیچ بەدەنگەوە هاتنێك نییە، پێوبسته بیر له‌جۆری چالاكیی تر بكه‌ینه‌وه تا كاریگه‌ریی زیاتری هه‌بێت و فشار دروستبكات".
به‌هار مونزیر-یش پێیوایه بواری پەروەردە خاڵێكی گرنگە كە تێيدا منداڵ و نەوجەوانان بە جۆرێك پەروەردە بكرێن، تا تێگەیشتنی مرۆڤانه بۆ ژنان هەبێت، "پێویسته پرسی ژن بچێته ناو پڕۆگرامی په‌روه‌رده‌وه"، زیاتر وتی "منیش پاڵپشتی ئه‌وه ده‌كه‌م رێكخراوەكانی ژنان میتۆدی نوێ بگرنەبەر بۆ ئەوەی دیدی ژن دۆستی لە دەوری خۆیاندا كۆبكەنەوە، چونكە بەتەنیا ناتوانن روبەڕوی لافاوی كوشتنی ژنان ببنەوە".