لە گوندێكی کەناری روباری ئەڵوەن، خەلیل ئەشرەف سەرقاڵی ئاودێری زەوییەكی بەرفراوانی كشتوكاڵییە. ئەو زەوییەی باوباپیرانی تیایدا ژیاون و زیاتر لە 50 ساڵە لێی زەوت كراوە.
ئێستا ئومێدێك بۆ خەلیل و سەدان جوتیاری دیكەی خانەقین دروستبووە، بەپێی یاسا و لەڕێی گرێبەستی كشتوكاڵییەوە، جارێكیتر خاوەندارێتی زەوییەكانیان بۆ دەگەڕێتەوە، ئەوەش دوای نیو سەدە لە چاوەڕوانی. ئەو هەنگاوە نوێیە بێ بەربەست نییە، پێویستی بە ژمارەیەك بەڵگەنامە و راییكردنی مامەڵەیەكی پڕ لە رێكاری ئیداری هەیە.
نیو سەدە لە دابڕان
چیرۆكی ئاوارە و دابڕانی جوتیاران لە زەوییەكانیان دەگەڕێتەوە بۆ ساڵی 1975 و دواتر، ئەوكاتە خەلیل تەمەنی تەنیا هەشت ساڵ بوو، كاتێك لە چوارچێوەی سیاسەتی تەعریبدا، خێزانەكەی ئەو و سەدان خێزانی دیكەی كورد لە زێدی باوباپیرانیان دەركران.
"هەر ئەوكات كە ئاوارەبوین و لە خاك و ئاوی زێدی خۆمان دورخراینەوە، زەوییە كشتوكاڵییەكانمان دەستی بەسەرداگیرا و درا بە عەرەبی هاوردە" خەلیل ئەشرەف، بۆ (كەركوك ناو) وای وت. خەلیل جوتیارێکی بەتەمەنی گوندی (محەمەد شیربەگ)ـی خۆرئاوای قەزای خانەقینە لە دیالە.
بهپێی بڕیارهكانی ئهنجومەنی باڵای شۆڕش و لیژنهی كاروباری باكوری سهردهمی دهسهڵاتدارێتی حزبی بهعس، زهوییه كشتوكاڵییهكانی كورد له كۆتایی حهفتاكانی سهدهی رابردوو بهشێوهی گرێبهست بهسهر عهرهبی ناوهڕاست و خواروی عیراقدا دابهشكران، ئهوهش له چوارچێوهی پرۆسهی تهعریب و راگواستنی خێزانه كورد و توركمانهكاندا.
خەلیل، كە نوێنەرایەتی ژمارەیەك لە جوتیارانی ناوچەكەی دەكات، وتی لە دوای ساڵی 2003ـەوە گەڕانەوە بۆ سەر زەوی و خاكی خۆیان، لە بەرانبەردا جوتیارانی عەرەب گوندەكەیان بەجێهشتووە.
دوای روخانی رژێمی پێشوو خەلیل و هاوگوندەکانی گەڕانەوە، بەڵام کێشەکە کۆتایینەهات. هەرچەندە خاکەکە لە ژێر پێی جوتیارە کوردەکاندا بوو، بەڵام لەسەر کاغەز و لە ناو تۆمارە فەرمییەکاندا، زەوییەکان هێشتا بە ناوی "هاوردەکان"ـەوە مابوو.
"تا ئەم ساتە زەوییەكان بەپێی گرێبەست بەناوی عەرەبەكانەوەیە، بۆیە وەكو جوتیارانی كورد ئەو هەموو ساڵە بێبەش بووین لە سەرجەم هاوكاری و پشتیوانییەكی حكومی بۆ جوتیاران" وەكو خەلیل باسیكرد، لە 2003ـەوە تائێستا سودمەند نەبوون لە پێدانی ئامێر و كەرەستەی كشتوكاڵی، گازی مۆلیدە، دانانی سیستمی ئاودێری پێشكەوتوو، جگە لەوەی حكومەت تەنانەت بەرهەمەكانیشیان ناكڕێتەوە، بەوپێیەی گرێبەستی فەرمییان نییە.
كێشەی زەوییە كشتوكاڵییەكان بە هەڵپەسێراوی مایەوە تا لە دوای روداوەكانی 16ـی ئۆكتۆبەری 2017ـدا و لێكەوتەكانی ریفراندۆمی سەربەخۆی هەرێمی كوردستان، جارێكیتر بە بارگرژیی و ئاڵۆزییەوە سەریهەڵدایەوە، كاتێك هێزە ئەمنییەكانی حكومەتی فیدراڵی عیراق بۆ خانەقین و تەواوی ناوچەكانی دیكەی جێناكۆك گەڕانەوە و هێزەكانی سەر بە حكومەتی هەرێم كشانەوە، بەوهۆیەوە ناوبەناو جوتیارانی عەرەب هەوڵیان دەدا زەوییە كشتوكاڵییەكانیان بەدەستبهێننەوە.
خەلیل و جوتیارانی دیكە، بە پاڵپشتی نوێنەرانی ناوچەكانیان لە پەرلەمانی عیراق، بەردەوام لە هەوڵدا بوون مافەكانیان بەدەستبهێننەوە، تا گەیشت بە ئەنجام، "ئەگەرچی هەموو رێكارەكان و رەزامەندی لایەنەكان هاتووە بۆ گەڕانەوە و ئەنجامدانی گرێبەستی زەوی كشتوكاڵی باوباپیرانمان، بەڵام هێشتا بەربەست و گرفت هەیە" بەوتەی خەلیل.
هەزاران سودمەند و چەندین رێكار
بڕیاری گەڕاندنەوەی زەوی جوتیاران و ئەنجامدانی گرێبەست، هەزاران جوتیار لێی سودمەند دەبن، بەڵام لە خانەقین كەمترین جوتیار بەدەم مامەڵەكانیانەوە دەڕۆن، چونكە رێكار و مەرجی هەیە.
ئەوس ئیبراهیم، ئەندامی ئەنجومەنی پارێزگای دیالە بە (كەركوك ناو)ـی وت "نزیكەی 3400 جوتیاری كورد لەسەرجەم ناوچەكانی دیالە بەهۆی سیاسەتی شۆڤێنی سەرجەم رژێمی پێشوو ئاوارە بوون و زەوییەكانیان دەستی بەسەردا گیرا، بۆیە خۆشبەختانە لە ئێستادا دەتوانن گرێبەستەكانیان نوێ بكەنەوە و زەوی باوك و باپیرانیان بۆ بگەڕێتەوە".
ئەو رێكارانە لە چوارچێوەی جێبەجێكردنی یاسای گەڕانەوەی زەوی و زارە بۆ خاوەنەكانیان، كە ساڵی 2025 پەرلەمانی عیراق پەسەندیكرد و تایبەتە بە هەڵوەشاندنەوەی بڕیارەكانی ئەنجومەنی سەركردایەتی شۆڕش بە سەركردایەتی سەدام حسێن، بەهۆیەوە ئەو زەوی وزارانەی لە كەركوك و خانەقین و چەندین ناوچەیەكی تر لە خاوەنە رەسەنەكانیان سەندرابون، دەگەڕێنرێنەوە بۆیان.
لە خانەقین 670 جوتیار زەوییەكانیان دەستی بەسەردا گیرابوو و ئێستا دەتوانن گرێبەستەكانیان نوێ بكەنەوە
تەنیا لە ناوەندی قەزای خانەقین نزیكەی 670 جوتیار زەوییەكانیان دەستی بەسەردا گیرابوو و ئێستا دەتوانن گرێبەستەكانیان نوێ بكەنەوە، ئەوس دەشڵێت گرفتێك هەیە، ئەویش ئەوەیە جوتیارەكان مامەڵەكانیان جێبەجێناكەن، "لە كۆی 670 جوتیار تەنیا نزیكەی شەش بۆ حەوت جوتیار مامەڵەیان پێشكەشكردووە بۆ گرێبەست و كارەكانیان ئەنجامدراوە".
بهپێی ئامارێكی بهشی زهویی كشتوكاڵی له هۆبهی كشتوكاڵی خانهقین بۆ (كهركوك ناو)، له ساڵانی 1976 تا 2003 زیاتر له دوو ههزار گرێبهستی زهویی كشتوكاڵی بۆ هاوڵاتیانى عهرهب كراوه. هەروەها ئەو روبەرەی یاساكە دەیگرێتەوە بەپێی هەموو گرێبەستەكان، بریتییە لە نزیكەی 30 هەزار دۆنم زەوی كشتوكاڵی لە خانەقین و هەموو گوندەكانی دەوروبەری.
یوسف ئیبراهیم، لێپرسراوی بەشی یاسایی لە دیوانی قایمقامیەتی قەزای خانەقین بۆ (كەركوك ناو)ـی رونيكردەوە جوتیارە كوردەكان دەتوانن گرێبەستەكانیان نوێ بكەنەوە، بەڵام پێویستیان بە چەندین بەڵگەنامانە هەیە لەكاتی سەردانیكردنی هۆبەی كشتوكاڵی خانەقین، ئەوانیش بەڵگەنامە فەرمییەكان ئەسڵی و كۆپی، هەروەها "قەسام شەرعی و تەخویلكردنی یەكێك لە وارسەكان، دواتر مامەڵەكە بەرز دەكرێتەوە بۆ رەزامەندی ئەمنی و پاشان فەرمانگە لاوەكییەكان، لە كۆتاییدا و دوای جێبەجێكردنی رێكارەكان، گرێبەستەكان بە ناویانەوە دەكرێت".
یاسای گەڕانەوەی زەوی و زار سەدان هەزار دۆنم زەوی دەگرێتەوە لە پارێزگاكانی كەركوك، سەڵاحەدین و دیالە.
قسام شەرعی؛ بەربەستێكی نوێ
ئێستا کە بڕیاری گەڕانەوەی گرێبەستەکان بۆ خاوەنە رەسەنەکان دەرچووە، بەربەستێکی یاسایی نوێ سەریهەڵداوە، ئەویش داواكردنی قسام شەرعییە.
ئەوس ئیبراهیم وتی "دەبێت قسام شەرعی بۆ وارسەكان بكرێت و كەسێك ببێتە بریكاری وارسەكان، تا رێكارە یاساییەكانی گرێبەستەكە تەواو بكات".
بەوپێیەی زەوییە كشتوكاڵییەكان بە ناوی باوباپیرانیانەوەیە، دەبێت جوتیاران (میراتگرەکان – وارسەكان) قسام شەرعی بکەن.
خەلیل ئەشرەف، ئەو داواكارییە بە "مەرجی مەحاڵ" ناودەبات، چونکە وەكو ئەو دەڵێت، زۆرێك لە وارسەکان کۆچی دواییان کردووە یان لە دەرەوەی وڵاتن، یان بەهۆی کێشەی کۆمەڵایەتییەوە کۆناکرێنەوە. "ئەو مەرجانە بۆتە رێگر و گرفت لەبەردەممان بۆ گەڕانەوەی زەوییەكان بەشێوەی فەرمی و ئەنجامدانی گرێبەستەكان،.. مەحاڵە هەموو وارسەكان بتوانن قسام شەرعی بكەن".
ئەو پێشنیار دەکات "سەرەتا زەوییەكان بگەڕێتەوە بۆ ناوی خاوەنە رەسەنەكانیان كە باوك و باپیرانمانن، دواتر وەك وەرەسە (میرات) دابەش بكرێت بەسەر وارسەكاندا"
خەلیل چاوی لەوەیە سەرباری گەڕاندنەوەی زەوییەكان، دواتر قەرەبووش بكرێنەوە، چونكە نیو سەدەیە لە داهاتی زەوییەكانیان بێبەشن و دەیان ساڵیشە حكومەت بەهۆی نەبوونی گرێبەستەوە پشتی تێكردوون، بۆیە بەراورد بە جوتیاری ناوچەكانی دیكەی عیراق زیانیان بەركەوتووە "تائێستا بەهۆی نەبوونی و ئەو زوڵمەی لێمانكراوە بە پاسكیل هاتوچۆ دەكەم بۆ سەر زەوییەكەم، بارودۆخی داراییمان باش نییە"، بۆیە ناتوانێت ئۆتۆمبێل و كەرەستە و پێداویستییەكانیان دابین بكەن.
زەوییە كشتوكاڵییەكان یەكێكە لە دۆسییە ئاڵۆزەكانی پارێزگای كەركوك و ناوچەكانی تری جێناكۆك لە نێویاندا خانەقین؛ ئەوەش وایكردووە چەندین جار شەڕ و ئاژاوە و سكاڵاكردن لە نێوان جوتیارانی كورد، عەرەب و توركمان دروستبێت. چارەسەری ریشەیی و یەكلاییكردنەوەی خاوەندارێتی زەوییە كشتوكاڵییەكان، وەك بەشێك لە قۆناغە سەرەتاییەكانی ماددەی 140ـی دەستوری عیراق جێگیركراوە، ئەو ماددەیە سێ قۆناغە و هێشتا كەمترین رێژەی قۆناغی یەكەمی جێبەجێكراوە.
هەرچەندە لێپرسراوان وەكو موژدە تەواوبونی رێكارەكانی گەڕاندنەوەی زەوییەكان بە جوتیاران دەدەن، بەڵام بۆ خەلیل، تا ئەو کاتەی گرێبەستە فەرمییەکە لە باخەڵیدا نەبێت، ناتوانێت دڵنیابێت لەوەی مافەكانیانی بەدەستهێناوەتەوە.