23 خێزانی گوندێك ئاگاداركراونه‌ته‌وه خانووه‌كانیان بهجێبهێڵن و تۆمه‌تبارده‌كرێن به ئه‌نجامدانی زیاده‌ڕۆیی له‌سه‌ر شوێنه‌وارێكی مێژویی گونده‌كه.
گوندی تهلجۆمهل سەر بە ناحیەی كەڵەكچی لە سنوری قەزای شێخان كه 40 خێزان تیایدا ده‌ژین، ره‌تیده‌كه‌نه‌وه خانوه‌كانیان چۆڵبكه‌ن، له‌كاتێكدا حكومه‌ت هه‌ڕه‌شه‌ی روخاندنیان ده‌كات.
ئەحمەد عەبدولستار، یه‌كێكه له‌و كه‌سانه‌ی كه هه‌ڕه‌شه‌ی روخاندنی خانووه‌كه‌ی لێكراوه، به (كه‌ركوك ناو)ی وت "ئه‌م خانووه‌م له‌سه‌ر پێشینه‌ی خانوبه‌ره دروستكردووه، ئه‌گه‌ر به زیاده‌ڕۆیی دروستمكردووه بۆچی حكومه‌ت پێشینه‌ی پێداوم"، زیاتر وتی "چەند رۆژێك له‌مه‌وبه‌ر ئیدارەی ناحیەی كەڵەكچی به‌نوسراوێك ئاگاداریان كردمه‌وه له‌وه‌ی زیاده‌ڕۆییم له‌سه‌ر زه‌وی شاره‌وانی كردووه و ده‌ڵێن ده‌بێت چۆڵی بكه‌یت و بیڕوخێنیت".
بەپێی سەرچاوە مێژوییەكان شەڕی "گۆگامێلا" كە لە نێوان ئەسكەندەری مەقدۆنی و پاشای فارسەكان (دارای سێیەم) رویداوە، بەشێكی زۆری شەڕەكە لە سنوری ئه‌و گوندەدا بووه.
ئەو شەڕە له نێوان ساڵانی (333_ 331) پێش زاینی بووە بە سەركەوتنی ئەسكەندەری مەقدۆنی كۆتایی هات، مێژووی ئاوەدانكردنەوەی گوندەكە بۆ زیاتر لە 300 ساڵ پێش ئێستا دەگەڕێتەوه.
به‌و هۆیه‌وه گونده‌كه ده‌یه‌یه‌كه وه‌كو شوێنه‌وارێكی مێژویی گرنگ دانراوه، به‌تایبه‌ت دوای ئه‌وه‌ی تیمێكی ئیتاڵی له ساڵی 2010 تاوه‌كو ساڵی 2023 كاریان تیاكرد و به شوێنه‌وارێكی مێژویی ناویان برد.
ئەحمەد عەبدولستار وتی "تیمه‌كه كاری هه‌ڵكۆڵین و دۆزینەوەی ئەو پارچە شوێنەوارانەیان ده‌كرد كه له گونده‌كه بوو، چه‌ند جارێكیش كێشه له نێوان ئێمه و تیمه‌كه دروستبوو، چونكه هەركاتێك پارچە شوێنەوارێكیان بدۆزیایه‌ته‌وه یەكسەر به ئێمه‌یان ده‌وت بڕۆنه‌وه ئه‌مڕۆ ئیش ناكه‌یت".
خه‌ڵكی گونده‌كه كه وه‌كو كرێكار له‌گه‌ڵ تیمه‌كه بون، ده‌ڵێن شوێنه‌واره‌كانیان به ئۆتۆمبێلی جامڕه‌ش ده‌گواسته‌وه.
هەڤاڵ محەمەد، بەڕێوەبەری ناحیەی كەڵەكچی سەر بە قەزای شێخان بە (كەركوك ناو)ی وت "ئێمه له‌سه‌ر داوای بەڕێوەبه‌رایەتی شوێنەواری دهۆك نوسراوه‌كه‌مان ده‌ركردووه، نابێت خانوی زیاده‌ڕۆ له‌و ناوچه‌یه دروستبكرێت و ئه‌وانه‌شی دروستكراون ده‌بێت لاببرێن".
بێكەس بریفكانی، بەڕێوەبەری گشتی كەلەپور و شوێنەواری دهۆك، بە (كەركوك ناو)ی وت "ئەو كەسانەی زیادەڕۆییان كردووە دەبێت لایببه‌ن... ئێمه پێشتر خەڵكەكەمان ئاگاداركردۆته‌وه له‌وه‌ی سیاج و خانوو دروستنه‌كه‌ن و دار له‌و ناوچه‌یه نه‌چێنن، چونكه زیادهرؤیی بۆ سه‌ر شوێنەواره مێژوییه‌كان رێپێنه‌دراوه".
گوندی تهلجۆمهل كه به‌شێكه له قه‌زای شیخان له نه‌ینه‌وا و ناوچه‌یه‌كی جێناكۆكه به‌پێی ده‌ستوری عیراق، به‌ڵام له‌ڕوی ئیدارییه‌وه سه‌ر به پارێزگای دهۆكه.