ئیداره‌ی خۆجێی كه‌ركوك روبه‌ڕوی ناڕه‌زایی توندی به‌ڵێنده‌ران و هاوڵاتیان بۆته‌وه، به‌هۆی راگرتنی سه‌دان پڕۆژه‌ی خزمه‌نگوزاریی، له‌كاتێكدا ئه‌و پڕۆژانه له دوو ساڵی رابردودا بوبون به رۆشنایی و پته‌وبونی په‌یوه‌ندی نێوان لێپرسراوان و خه‌ڵكی پارێزگاكه.
ئیداره‌كه له‌وكاته‌وه‌ی به به‌شداریی ته‌واوی پێكهاته‌كان له ئابی 2024دا پێكهێنرا، سه‌دان گرێبه‌ستی له‌گه‌ڵ به‌ڵێنده‌راندا واژۆكردووه، له‌كاتێكدا نه بودجه‌ی له‌به‌رده‌ستدا بووه، نه دڵنیابووه له‌وه‌ی حكومه‌تی عیراق بودجه‌ی پێده‌دات.
"ده‌بێت ئیداره‌ی كه‌ركوك وه‌ڵامی ئه‌وه‌مان بداته‌وه، له‌كاتێكدا بودجه‌ی نییه، چۆن گرێبه‌ستی له‌گه‌ڵ به‌ڵێنده‌راندا واژۆكردووه"، سامی لهێبی به‌ڵێنده‌رێكی كه‌ركوك، وای به (كه‌ركوك ناو) وت. سامی ده‌ڵێت پێنج پڕۆژه‌ی به‌هۆی پێنه‌دانی شایسته داراییه‌كانه‌وه راگرتووه.
راگرتنی پێنج پڕۆژه‌كه‌ی سامی لهێبی، مشتێكه له خه‌رواڵێك، چونكه به‌پێی ئامارێكی یه‌كێتی به‌ڵێنده‌رانی عیراق مه‌زنده‌ی 400 پڕۆژه له كه‌ركوك راگیرابن، ئه‌وه‌ش دوای ئه‌وه هات كه حكومه‌تی خۆجێی كه‌ركوك ئاشكرای كرد كه توانای پێدانی شایسته داراییه‌كانی به‌ڵێنده‌رانی نییه.
سامی وتی "پڕۆژه‌كانم راگرتووه، چونكه تائێستا هیچ پێشینه‌یه‌كیان پێنه‌داوم، هیچ گره‌نتییه‌كیش نییه ئه‌وه‌ی خه‌رجمان كردووه، وه‌ریبگرینه‌وه".
هیچ گره‌نتییه‌ك نییه ئه‌وه‌ی خه‌رجمان كردووه، وه‌ریبگرینه‌وه
گرێبه‌ستی زۆرینه‌ی پڕۆژه‌كان، له سه‌رده‌می كابینه‌ی رێبوار ته‌ها، پارێزگاری پێشوی كه‌ركوك و جێگری ئێستای پارێزگار، واژۆكراون.
ئیداره‌ی كه‌ركوك، له نێویاندا رێبوار ته‌ها، له بانگه‌شه‌ی هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مانی عیراقدا له كۆتایی 2025 پڕۆژه‌كانی وه‌ك ده‌ستكه‌وتی گرنگی كابینه‌كه‌ی وێناكرد. به‌گشتی زۆری كاركردن له پڕۆژه‌كان هۆكاربون بۆ نزیكبونه‌وه‌ی خه‌ڵك له حكومه‌ت، ره‌نگه ئه‌وه هۆكاربێت بۆ ئه‌وه‌ی رێبوار ته‌ها، ده‌نگی یه‌كه‌می په‌رله‌مان بهێنێت له‌سه‌ر ئاستی عیراق كه 90 هه‌زار ده‌نگ بوو.
به‌ڵام له‌گه‌ڵ كۆتاییهاتنی هه‌ڵبژاردنه‌كان، ورده ورده ده‌نگی ناڕه‌زایی له‌نێو به‌ڵێنده‌راندا سه‌ریهه‌ڵدا، به‌و هۆیه‌وه به‌شێكی زۆری پڕۆژه‌كان به‌رله‌وه‌ی راده‌ستی حكومه‌ت بكرێنه‌وه، كاركردن تیایاندا راگیرا.
سامی وتی "پڕۆژه‌ی خزمه‌تگوزاریی، كاتی ده‌ستپێكردن و ته‌واوبونی هه‌یه، قۆناغ به قۆناغ، ئینجا كاتی راده‌ستكردنیان به حكومه‌ت و چاككردنه‌وه‌یان، له هه‌موو ئه‌و قۆناغانه‌دا، پاره‌ی پێویسته، به‌ڵام من هیچم بۆ سه‌رفنه‌كراوه".
به‌پێی ئامارێكی لقی کەرکوکی یەکێتی بەڵێندەرانی عیراق، به‌ڵێنده‌رانی كه‌ركوك 240 ملیار دیناریان لای حكومه‌ته، ئه‌مه ته‌نیا ئه‌و پاره‌یه‌یه كه له پڕۆژه‌كاندا خه‌رجكراوه به‌ر له راگرتنیان.
هه‌ندێك له پڕۆژه‌كان، له نێویاندا پرد و رێگاوبانه‌كان گرفتیان بۆ هاتوچۆی هاوڵاتیان دروستكردووه، له‌كاتێكدا هاوڵاتیان متمانه‌یه‌كی تاڕاده‌یه‌ك باشیان به ئیداره‌ی كه‌ركوك و كابینه‌كه‌ی هه‌بوو.
"ئه‌وه دوو ساڵه ئه‌م گه‌راجه و رێگاوبانه‌كانی ده‌وروبه‌ری ئه‌م پڕۆژه‌یه ته‌واونه‌بوون، ده‌بینن له زستاندا له‌به‌ر قۆڕاو رێگه نییه بڕۆین و له هاویندا له‌به‌ر ته‌پوپۆز و قه‌ره‌باڵغی"، سه‌فا عه‌لی، فه‌رمانبه‌رێكی كه‌ركوك كه رۆژانه له‌كاتی هاتوچۆدا رێگه‌ی ده‌كه‌وێته نزیك پڕۆژه‌ی گه‌راجی به‌غدا وایوت.
ئه‌و پڕۆژه‌یه له‌ناو شاری كه‌ركوك، ئێستا كاركردن تیایدا راگیراوه، دوای ئه‌وه‌ی شایسته داراییه‌كانی به‌ڵێنده‌ره‌كه‌ی نه‌درا. سه‌فا وتی "ده‌بێت حكومه‌ت وه‌ڵامی ئه‌مه بداته‌وه چۆن پڕۆژه ده‌ستپێده‌كات و بودجه‌ی نییه! ئه‌مه چ جیاوازییه‌كه له‌گه‌ڵ كابینه‌كانی پێشوو؟ بڕیاربوو ئه‌م حكومه‌ته باشتر بێت".
ئیداره‌ی ئێستای كه‌ركوك به رێككه‌وتنی هه‌رسێ لایه‌نی كورد، عه‌ره‌ب و توركمان پێكهاتووه، هه‌رسێكیان له‌كاتی پێكهێنانی كابینه‌كه‌دا به‌ڵێنیان به هاوڵاتیاندا خزمه‌ت بكه‌ن. هه‌ر ئه‌وه‌ش دروشمی حكومه‌ته‌كه بوو.
له ئابی 2024 تاوه‌كو نیسانی 2026 پۆستی پارێزگار لای رێبوار ته‌ها بوو، له پشكی كورد، دواتر له 16ی نیسانه‌وه پۆسته‌كه راده‌ستی محه‌مه‌د سه‌معان كرا له پێكهاته‌ی توركمان.
سه‌فا وتی "راسته گرێبه‌سته‌كان له سه‌رده‌می رێبوار ته‌ها كراون، به‌ڵام كابینه‌كه هی هه‌رسێ پێكهاته‌كه بووه، هه‌مویان به‌رپرسیارن له به‌رمبه‌ر ئه‌م دۆخه".
هه‌رسێ پێكهاته‌كه به‌رپرسیارن له به‌رمبه‌ر ئه‌م دۆخه
به‌شێك له به‌ڵێنده‌ران هه‌فته‌ی رابردوو له‌كۆنگره‌یه‌كی رۆژنامه‌وانیدا دژی پێنه‌دانی شایسته داراییه‌كان وه‌ستانه‌وه و داوایانكرد ئیداره‌ی كه‌ركوك فشار بخاته سه‌ر حكومه‌تی عیراق بۆ پێدانی پاره‌ی پڕۆژه‌كان.
سامی لهێبی، گله‌ییكرد له‌وه‌ی "لە کەرکوک تایبەتمه‌ندێتی ده‌درێته هه‌ندێك پڕۆژه، ئه‌وه‌ش به‌هۆی گه‌وره لێپرسراوێكی شاره‌كه‌وه"، به‌بێ ئه‌وه‌ی ناوی بهێنێت. زیاتر وتی "گەندەڵی زۆر گەورە هەیە لە بواری پڕۆژەکاندا"، هه‌رچه‌نده نه‌چووه ورده‌كارییه‌كه‌یه‌وه.
له كۆنگره رۆژنامه‌وانییه‌كه‌دا، به‌ڵێنده‌ران ئیداره‌ی كه‌ركوكیان ئاگاداركردۆته‌وه له‌وه‌ی حكومه‌تی عیراق بودجه‌ی پڕۆژه‌كانی بۆ چه‌ند پارێزگایه‌ك ناردووه، به‌ڵام له‌و نێوه‌نده‌دا ناوی كه‌ركوكی تیا نییه.
سامی وتی "چه‌ند پارێزگایه‌ك پاره‌ی خۆیان وه‌رگرت، به‌ڵام هیچ باسی كه‌ركوك ناكرێت، ئه‌وه ئه‌ركی ئیداره و ئه‌نجومه‌نه به‌دواداچونی بۆ بكات"، زیاتر وتی "ئه‌گه‌ر سبه‌ی پاره‌كه‌ش بێت چ گره‌نتییه‌ك هه‌یه من وه‌ریبگرم، چونكه ئه‌و بڕیاره له‌ده‌ست لیژنه نییه، به‌ڵكو كه‌سانێك به‌پێی تایبه‌تمه‌ندی خۆیان پاره به به‌ڵێنده‌ران و پڕۆژه‌كانیان ده‌ده‌ن".
ئه‌نجومه‌نی پارێزگای كه‌ركوك بۆ ئه‌و مه‌به‌سته چه‌ند كۆبونه‌وه‌یه‌كی له‌گه‌ڵ به‌ڵێنده‌راندا كردووه، به‌ڵام نه‌گه‌یشتونه‌ته ئه‌نجام.
عه‌بدوڵا میروه‌یس، ئه‌ندامی ئه‌نجومه‌نی پارێزگا و سه‌رۆكی لیژنه‌ی خزمه‌تگوزارییه‌كان، به (كه‌ركوك ناو)ی وت "پاڵپشتی داوا رەواکانی به‌ڵێنده‌ران ده‌كه‌ین، له‌ڕێی سه‌رۆكی ئه‌نجومه‌نی پارێزگاوه نوسراو بۆ وه‌زاره‌تی دارایی عیراق و سه‌رۆك وه‌زیران ده‌كه‌ین تا له‌و كێشه‌یه ئاگاداربێت".
میروه‌یس وتی "ده‌مانه‌وێت ئەو پڕۆژانەی ده‌ستپێكراوه و کارکردن تێیدا رایگراوه، له خزمه‌تی هاوڵاتیان تەواو بکرێن... ئێمه ده‌زانین راگرتنی پڕۆژه‌كان كێشه‌ی بۆ هاتوچۆی هاوڵاتیان دروستكردووه".
به‌ڵام سامی لهێبی پێیوایه، حكومه‌تی خۆجێی "بێ هه‌ڵوێسته"، وتی "زۆرینه‌ی بەڵێندەران قەرزارن، به‌شێكیان ده‌چن ئۆتۆمبێل به قه‌رز ده‌هێنن و بۆ ته‌واوكردنی پڕۆژه‌كانیان ده‌یفرۆشنه‌وه".
(كه‌ركوك ناو) هه‌فته‌ی رابردوو سه‌ردانی دیوانی پارێزگای كه‌ركوكی كرد، به‌ڵام كه‌س ئاماده‌نه‌بوو قسه له‌سه‌ر ئه‌و پرسه بكات.
عەوف عه‌بدولڕه‌حمان عوبەیدی، به‌ڵێنده‌رێكی تری كه‌ركوكه، جه‌ختیكرده‌وه له‌وه‌ی راگرتنی پڕۆژه‌كان له‌لایه‌كی تر بۆته‌هۆی زیادبونی بێكاریی له پارێزگاكه‌دا، "هه‌موو كۆمپانیایه‌ك به‌لایه‌نی كه‌مه‌وه 50 كه‌س كاری تێدا ده‌كات، ئێستا هه‌مویان نێردراونه‌ته ماڵه‌وه".
عه‌وف وتی "ئه‌م كێشه‌یه هی ئه‌م دوو رۆژه نییه، هه‌موو ئه‌و پڕۆژانه‌ی له ساڵی 2022وه گرێبه‌ستیان هه‌یه تا ئێستا به‌مشێوه‌یه ده‌ڕوات، تا والێهات ئه‌مساڵ هه‌موی راگیران".
عەوف عوبەیدی، نیگه‌رانی خۆی نیشاندا له چاره‌سه‌ركردنی گرفته‌كه و وتی "ئاگاداركراوینه‌ته‌وه ئه‌وانه‌ی ئه‌مساڵ گرێبه‌سته‌كانیان واژۆكردووه، ده‌توانن هه‌ڵیبوه‌شێننه‌وه، یان بوه‌ستن تاوه‌كو بودجه له به‌غداوه دێت".
ئاگاداركراوینه‌ته‌وه ئه‌وانه‌ی ئه‌مساڵ گرێبه‌سته‌كانیان واژۆكردووه، ده‌توانن هه‌ڵیبوه‌شێننه‌وه
بەکر حەسەن، به‌ڵێنده‌رێكی تره، ده‌ڵێت پێنج پڕۆژه‌ی جیاوازی له كه‌ركوك راگرتووه، چونكه "ساڵێک و هەشت مانگه هیچ پێشینه‌یه‌كی پڕۆژه‌كانمان وه‌رنه‌گرتووه".
پڕۆژه‌كانی به‌كر حه‌سه‌ن كه راگیراون، پێكهاتووه له دروستكردنی باخچه‌یه‌ك، له‌گه‌ڵ دوو باڵه‌خانه بۆ هه‌ریه‌كه له فیرقه‌ی 11و 8ی سوپای عیراق. وتی "زیاتر له‌سه‌دا 80ی پڕۆژه‌كه‌م ته‌واوكردووه و رامگرتووه"، زیاتر وتی "كێشه‌یه‌كی تر ئه‌وه‌یه راگرتنی پڕۆژه‌كان به مانای وێرانكردنیان دێت، چونكه ئه‌گه‌ر كاتێكی زۆر ئیشی تیانه‌كه‌یت ئه‌وكات پێویستیان به نۆژه‌نكردنه‌وه ده‌بێت، له‌وه‌شدا زه‌ره‌ری زۆر ده‌كه‌ین و قه‌ره‌بوو ناكرێینه‌وه".
به‌ڵام نه‌وزاد ئه‌نوه‌ر، سەرۆکی لقی كه‌ركوكی یەکێتی بەڵێندەران، وتی "کێشەکە تەنیا کەرکوک نییە، هه‌مو عیراقی گرتۆته‌وه، گرفته‌كه ئه‌وه‌یه حکومەتی عیراق لە قەیرانێکی قوڵی دارایدا، ئێمەش بووینە به قوربانی ئەم قەیرانە داراییە... به‌ڵام كه‌ركوك زیانی زۆری به‌ركه‌وتووه چونكه پڕۆژه‌ی زۆری كردووه و هێشتا ته‌واویش نه‌بون".
نه‌واز وتی "ئه‌م جۆره مامه‌ڵه‌یه له‌گه‌ڵ به‌ڵێنده‌ران له مێژوی عیراقدا نه‌بووه، ناكرێت گرێبه‌ست بكه‌یت و دواتر پاره‌یان نه‌ده‌یتێ".