خوێندنگه‌یه‌كی تایبه‌ت به زمانی دایك له شنگال كرایه‌وه و ئامانج لێی پاراستنی ئه‌و شێوه‌زاره‌یه كه پێكهاته‌ی ئایینیی ئێزیدی قسه‌ی پێده‌كه‌ن. چونكه به‌پێی كۆمه‌ڵێك پسپۆڕی زمان خه‌ریكه ئێزیدییه‌كان واز له شه‌ش هه‌زار ده‌سته‌واژه‌ی خۆیان ده‌هێنن له قسه‌كردنی رۆژانه‌یاندا.
خوێندنگه‌كه كه ناوه‌ڕاستی حوزه‌یرانی ئه‌مساڵ كرایه‌وه، هیچ وابه‌ستیی و مۆڵه‌تێكی له وه‌زاره‌ته‌كانی په‌روه‌رده‌ی حكومه‌تی فیدراڵ و هه‌رێمی كوردستاندا نییه و وانه‌كان ته‌نیا تایبه‌تن به زمانی دایك و ئه‌و شێوه‌زاره‌ی ئێزیدییه‌كان قسه‌ی پێده‌كه‌ن.
رێکخراوی شەمسی ئایندە، سه‌رپه‌رشتی پڕۆژه‌كه ده‌كات، ئه‌وه‌ش به هاوكاریی و پاڵپشتی كۆمه‌ڵێك پسپۆڕی زمان و ئه‌وانه‌ی له شێوه‌زاری ئێزیدی قاڵبونه‌ته‌وه.
عەجاج حەسەن، لێپرسراوی رێکخراوی شەمسی ئایندە بە (کەرکوک ناو )ی وت "له‌م خوێندنگه‌یه‌دا منداڵان فێری پیتەکان ده‌كرێن، دواتر ئاشناده‌كرێت به‌و شێوه‌زاره‌ی كه ئێزیدییه‌كان له ژیانی رۆژانه‌یاندا قسه‌ی پێده‌كه‌ن و هانیان ده‌ده‌ین به‌و شێوه‌زاره قسه بكه‌ن له پێناو پاراستنی‌دا".
هانیان ده‌ده‌ین به شێوه‌زاری ئێزیدی قسه بكه‌ن له پێناو پاراستنی‌دا
ئه‌م هه‌وڵه دوای ئه‌وه هات كه به‌پێی توێژینه‌وه‌كانی به‌رده‌م پسپۆڕانی زمان و شێوه‌زاری ئێزیدی، به نزیكه‌یی شه‌ش هه‌زار ده‌سته‌واژه كه ئه‌و پێكهاته‌یه به‌كاریانده‌هێنا خه‌ریكه ورده ورده له‌ناوده‌چێت به‌هۆی به‌كارنه‌هێنان و تێكه‌ڵبونی زمان و شێوه‌زاری تر له ژیانی رۆژانه‌دا.
"ئێمه ده‌مانه‌وێت گرنگی زۆر به زمانی دایك بده‌ین، به‌تایبه‌ت بۆ نه‌وه‌ی تازه، ئێستا كه رۆژانه قسه ده‌كه‌ین به‌شێكی ده‌سته‌واژه‌كان و ووشه‌كانی كه به‌كاریده‌هێنین عه‌ره‌بی-یه، ئه‌مه ورده ورده كاریگه‌ریی ده‌بێت له‌سه‌ر زمانی دایك"، عه‌جاج وایوت.
خوێندن له‌و خوێندنگه‌یه خۆڕاییه و لە سێ قوناغ پێکهاتووە، باخچەی ساوایان، قۆناغی سه‌ره‌تایی و دواتر قۆناغی پێشكه‌وتوو. ته‌مه‌ن تیایدا جێگیرنه‌كراوه، به‌ڵام زیاتر له چوار ساڵ تا حه‌وت ساڵ ده‌ستپێده‌كات. هه‌ر قۆتاغێكی خوێندن ساڵێك و چوار مانگه.
ئامانجی رێكخراوه‌كه له داهاتودا ئه‌وه‌یه خوێندنگه‌ی هاوشێوه له ناوچه ئێزیدینشینهكان بكاته‌وه ته‌نانه‌ت له ده‌ره‌وه‌ی وڵات.
له عیراق له‌و ناوچانه‌ی ئێزیدییه‌كان لێی نیشته‌جێن، وه‌زاره‌تی په‌روه‌رده‌ی حكومه‌تی هه‌رێم وانه‌یه‌كی تایبه‌تی به‌ناوی ئێزیدیاتی هه‌یه كه له هه‌ردوو خوێندنی كوردی و عه‌ره‌بی وانه‌كه ده‌خوێنرێت، به‌ڵام زیاتر تایبه‌ته به ناساندنی ئایینی ئێزیدی و جه‌ژن و رێوڕه‌سمه ئایینه‌كانیان.
عەجاج حەسەن، وتی "گرنگە ئەو پڕۆگرامه بگۆڕێت، لەجیاتی ناساندنی ئایینه‌كه، گرنگی به شێوه‌زاری ئێزیدی بدرێت، تا زمانه‌كه بە زیندوویی بمێنێتەوه".