پرۆژەی ملیاری و گوندی بێ خزمەت
پرۆژەكانی ئاوەدانیی بەبێ جیاوازی دەگاتە هەموو ناوچەیەكی نەینەوا؟

نەینەوا / 2026/ دانیشتنێكی ئەنجومەنی پارێزگای نەینەوا بە ئامادەبونی عەبدولقادر دەخیل، پارێزگار فۆتۆ: ئەحمەد بله

ئەحمەد بلە – نەینەوا

هێشتا چەندین ناوچەی نەینەوا، بە تایبەت گوند و ناوچە دورەدەستەكان چاوەڕێی سادەترین خزمەتگوزاری دەكەن، لەكاتێكدا پرۆژە گەورەكانی شار بودجەی ملیاری دەبەن و حكومەتیش لە غەمی ئەوەدایە؛ بە كەمترین زیان لە قەیرانی دارایی عیراق رزگاری ببێت.

هەرچەندە حكومەتی خۆجێیی نەینەوا، هاوشێوەی هەموو پارێزگاكان بەدەست كەمی بودجە و قەیرانی داراییەوە دەناڵێنێت، بەڵام ئەو كێشەیە نەبۆتە هۆی راگرتنی ئەو گفتوگۆیەی لە ناوەندی بڕیاردانی پارێزگاكەدا هەیە، دەربارەی نەبوونی دادپەروەری لە دابەشكردنی پرۆژەكاندا.

"ناڕەزایەتییەكی گەورە هەیە لە ناحیەی باشیك، لە گوندەكانی ئەو ناحیەیە، چونكە زیاتر لە 50 گوند ناڕازین كە خزمەتگوزارییان پێناگات، لە قیرتاوەوە بۆ كەمی بینای قوتابخانە و بنكەی تەندروستی" مەعاز حەجی، ئەندامی ئەنجومەنی پارێزگای نەینەوا وای وت، لە وەڵامی پرسیارێكی (كەركوك ناو) سەبارەت بە دادپەوەری و یەكسانی لە گەیاندنی پرۆژە بۆ هەموو ناوچەكانی پارێزگاكە.

دوای ساڵانێك لە جەنگ و لێكەوتەكانی، زۆربەی ناوچەكانی نەینەوا پێویستیان بە ئاوەدانی و نۆژەنكردنەوە هەیە، لە هەموو كەرتە خزمەتگوزارییەكاندا، ئەوەش پشت بە بودجە دەبەستێت كە ئەنجومەن بەرپرسە لە پەسەندكردن و دابەشكردنی.

ياساى پارێزگا رێكنەخراوەكان لە هەرێمێكدا ژمارە 21 بۆ ساڵی 2008 – هەمواركراو، زیاتر لە جارێك باسی دابەشكردنی بودجەی تێدایە بەپێی رێژەی دانیشتوان، هەروەها هاتووە؛ دەسەڵاتی خۆجێیی پشكی دادپەروەرانە (بودجە) بۆ یەكە ئیدارییەكانی تەرخاندەكات، بە جۆرێك بەشی هەستانەوەی بارگرانی و بەرپرسیارێتییەكان بكات بەپێی رێژەی دانیشتوان تیایاندا.

musil-2024
نەینەوا/ شەقامێكی سەرەكی لە ناوەندی شاری موسڵ فۆتۆ: ئەحمەد بلە

نەینەوا، لە پلەی سێیەمی پارێزگاکانی عیراقدایە لەرووی ژمارەی ئەو پرۆژە بیناسازییانەی دراون بە بەڵێندەران بۆ ساڵی 2025، ئەوەش بە جێبەجێکردنی 231 پرۆژە بە تێچوی زیاتر لە تریلیۆنێك دینار، لە كۆی 24 تریلیۆن دینار ی تەرخانكراو بۆ پرۆژەکانی بیناسازی لە سەرانسەری عیراق.

حەجی پێیوایە کێشەکە تەنیا لە قەبارەی پارەکەدا نییە، بەڵکو لە دابەشکردنی بودجەدایە، "ئەو پارانەی دەگەیشتنە نەینەوا بەشێوەیەکی راست و ورد، بەپێی چڕی دابەشبونی دانیشتوان دابەشنەدەکران"

ناڕەزایی لە بارەی نایەكسانیی دابەشكردنی پرۆژە و بودجە، هاوكاتە لەگەڵ قەیرانی دارایی عیراق، كە بەهۆیەوە نەك خەرجكردنی بودجەی گەشەپێدانی پارێزگا و زۆرێك لە پرۆژەكان راگیراون، لە كۆتایی تەمموزی ئەمساڵ، دابەشكردنی موچەی فەرمانبەرانیش لە وادەی خۆیدا دواكەوت.

عەبدولقادر دەخیل، پارێزگاری نەینەوا وتی "حکومەت و دەوڵەت روبەڕوی قەیران و كێشەی دارایی بۆتەوە، بۆیە دەبێت رەچاوی بارودۆخەكە بكەین و لە ئاستی بەرپرسیارێتیدا بین و بەکاربردن و خەرجی رێکبخەینەوە، تا بەرگەی ئەم قەیرانە بگرین،... بەپشتیوانی خوا ئەم قەیرانە تێدەپەڕێنین" قسەكانی ناوبراو لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا هات لە وەڵامی پەیامنێری (كەركوك ناو).

دانیشتوانی نەینەوا زیاتر لە چوار ملیۆن كەسە، دوەم گەورەترین پارێزگای عیراقە و نزیك بە نیوەی خەڵكەكەی گوندنشینن و لە ناوچەكانی دەوروبەری شارە گەورەكاندا، پێویستیان بە رێگەوبان، قوتابخانە، بنكەی تەندروستی و خزمەتگوزارییە سەرەتاییەكانی دیكە هەیە.

لە ساڵی رابردودا، حكومەتی فیدراڵی عیراق، 14 پرۆژەی خستە بواری جێبەجێكردنەوە بۆ دەشتی نەینەوا و شنگال، ئەوەش لە چوارچێوەی زنجیرەیەك پرۆژەدا بۆ ئاوەدانكردنەوە و نەهێشتنی شوێنەوارەكانی شەڕ لە نێویاندا، نۆژەنكردنەوەی رێگاوبان و بنیاتنانی نەخۆشخانەی تێدایە. بەڵام قەیرانی دارایی كێشەی بۆ زۆربەی پرۆژەكان دروستكردووە.

داخستنی گەروی هورمز لە لێكەوتەی شەڕی چەند مانگەی نێوان ئەمریكا/ئیسرائیل لەگەڵ ئێران، لە شوباتی ئەمساڵدا، بۆتە هۆی پەككەوتنی سەدا 85ـی هەناردەی نەوتی عیراق، كە سەرچاوەی دابینكردنی سەدا 90ـی داهاتی وڵاتەكەیە، بەوەش قەیران سەریهەڵداوە، بەوتەی مەزهەر محەمەد ساڵح، راوێژكاری سەرۆك وەزیران بۆ ئاژانسی فەرمی عیراقییە.

anjwamni parezga nainawa 2026
نەینەوا/ 2026/ دانیشتنێكی ئەنجومەنی پارێزگا دەربارەی كێشە و پرۆژەكانی پارێزگاكە فۆتۆ: ئەحمەد بله

بەپێی ياساى پارێزگا رێكنەخراوەكان لە هەرێمێكدا، سەرچاوەكانی دیكەی دارایی پارێزگاكان؛ بەشێكی بریتییە لە بەشە بودجەی تەرخانكراو لە بودجەی فیدراڵی بۆ پارێزگاكە هێندەی بەشی هەڵگرتنی بارگرانی و بەرپرسیارێتی بكات، بەپێی رێژەی دانیشتوان و بە جۆرێك ببێتە هۆی گەشەپیدانی هاوسەنگ لە ناوچە جیاوازەكاندا، لەگەڵ داهاتی بەدەستهاتووی نا نەوتی.

هەروەها هەندێك پارێزگا بودجەی پترۆدۆلاری هەیە، لە نێویاندا نەینەوا، كە بریتییە لە پێنج دۆلار لە هەر بەرمیلێك نەوتی خاوی بەرهەمهێنراوی پارێزگاكە، لەگەڵ پێنج دۆلار بۆ هەر بەرمیلێك نەوتی خاو پاڵێوراو لە پاڵاوگەی پارێزگاكە و هەروەها پێنج دۆلار لە هەر (150) مەتر سێجا لە بەرهەمهێنانی غازی سروشتی لە پارێزگاكەدا.

ئەحمەد عەبد رەبە، ئەندامی ئەنجومەنی پارێزگای نەینەوا دواکەوتنی ناردنی بودجە و شایستەی پارێزگاكە، رەنگدانەوەی لەسەر جێبەجێکردنی پرۆژە و خزمەتگوزارییەکان دەبێت، "بودجەی سێ ساڵی 2023 بۆ 2025 زیاتر لە ترلیۆنێك بوو، بەڵام ئەوەی گەیشتوە 512 ملیارە،... دەبوو گەیشتنی ئەو پارەیە لە ساڵی 2025 تێنەپەڕێت" وتیشی هەوڵدەدەن لەڕێی بڕیارێكەوە تاوتوێی ئەو دۆسیەیە لەگەڵ بەغدا بكەن.

لێپرسراوانی نەینەوا، چاوەڕێن پەسەندکردنی بودجەی فیدراڵی ساڵی نوێ، ببێتە هۆی تەواوکردنی پرۆژەكان و چارەسەرکردنی بەشێك لە کێشە ئابوری و خزمەتگوزارییەکان، لە هەموو ناوچەكانی پارێزگاكە بەبێ جیاوازی.

مەعاز حەجی دەڵێت "هیوادارین لە ساڵی 2027ـدا, بودجەی فیدراڵی لە گشت پارێزگاکان پەسەند بکرێت و بێتە چارەسەرێك بۆ زۆربەی ئەو کێشە و قەیرانە ئابورییانەی لە ساڵانی رابردوودا پشتی وڵاتەكەیان شکاند".

شنگال و چەندین ناوچەی دیكەی نەینەوا لە ساڵانی نێوان 2014 بۆ كۆتایی 2017 روبەڕوی شەڕ و ململانێی چەكداری بونەوە بەهۆیەوە ژێرخانی خزمەتگوزاری وێران بوو. ئەوەش لە كاتێكدایە هێشتا هەزاران خێزان لە ئاوارەییدا دەژین بەهۆی نەبونی سەقامگیری تەواوەتی و كەمی پرۆژەكانی خزمەتگوزاری لە ناوچەكانیاندا.

  • FB
  • Instagram
  • Twitter
  • YT