ساڵانە دەیان هەزار خوێندکار ماڵئاوایی لە خوێندنی زانکۆ دەکەن، بۆ دەستپێكردنی گەشتێکی دیکەی نادیار، كە گەڕانە بەدوای هەلی كاردا، لە كاتێكدا دامەزراندنی حكومی بەرەو نەمان دەچێت و لە كەرتی تایبەتیشدا بە ئاسانی جێگەیان نابێتەوە.
غەمی بێكاریی، قسەی زۆرێك لەو دەرچوانەی زانكۆی تەكنیكی باكور بوو، كە پەیامنێری (كەركوك ناو) لە ئاهەنگی تەواوكردنی خوێندنەكەیاندا پرسیاری لێكردن.
تەنیا لەو زانكۆیەدا، ئەمساڵ 11 هەزار و 500 خوێندكاری كچ و كوڕی گەنج، لە پارێزگاكانی نەینەوا، كەركوك و سەڵاحەدین بڕوانامەیان بەدەستهێنا، كە بە خەونی دامەزراندنەوە چوار ساڵیان بەڕێكرد، بەڵام كۆتاییەكەی بە دڵی ئەوان نەبوو.
خۆشییەكی ناتەواو
دەرچوانی زانكۆ، هێشتا رۆب و كڵاوی ئاهەنگی تەواوكردنی خوێندنیان دانەناوە، كە بیر لە چارەنوسیان دەكەنەوە و نیگەرانن لەوەی دوای چوار ساڵ، دەبێت لە ماڵەوە دابنیشن.
دینە سەڵاح خەڵكی كەركوكە، بەشی سڕكردنی پەیمانگای تەکنیکیی پزیشکی لە موسڵ تەواوكردووە، دەڵێت دەڵێت خۆشییەکەی تەواو نابێت ئەگەر كارێكی دەستنەكەوێت، بە تایبەت چاویان لەوەیە لە یاسای نوێی بودجەدا، دامەزراندنیان جێگیر بكرێت، چونكە "دەرچوانی بەشی سڕکردن لە کەرتی تایبەتدا هەلی کاریان نییە و تەنیا بژاردە بەردەممان كەرتی گشتییە كە دابمەزرێین".
لەگەڵ دینە، نزیكەی 600 كچ و كوڕی دیكە ئەمساڵ هەمان بەشیان لە هەمان پەیمانگەدا تەواو كردووە، لەكاتێكدا پێشتر دەرچوانی سڕكردن راستەوخۆ دادامەزران، بەڵام ئێستا ئەوە نەماوە.
ئەو دەڵێت دەرچوانی خولەکانی پێشووش هێشتا بێکارن، بۆیە داوایكرد حكومەت لەگەڵیاندا دادپەروەر بێت و ئەولەویەتی دامەزراندنیان پێبدرێت، یان هاوشێوەی پسپۆڕییەکانی دیکە لە کەرتی تایبەتدا دەرفەتی كاركردنیان بۆ بڕەخسێنێت.
دامەزراندنی راستەوخۆ چیتر بۆ بەشە پزیشکییەکان یان نەماوە یاخود زۆر سنوردار كراوە، چونکە حکومەت بەرەو کەمکردنەوەی ئاستی پشتبەستن بە دامەزراندن هەنگاو دەنێت، بەهۆی ئەو فشارە داراییانەی روبەڕوی وڵاتەكە بۆتەوە.
نور سەعد جبوری، تاقیگە پزیشکییەکانی لە موسڵ تەواوكردووە، منداڵەکەی لە باوەشیدا بوو كاتێك بەشداریی ئاهەنگی دەرچونی کرد. سەرەڕای بەرپرسیارێتییە خێزانییەکانی، توانی خوێندنەکەی تەواو بکات، بەڵام ئێستا چاوەڕێی هەلی کارە و هیوادارە لە بودجەی ساڵی 2027 دەرچووانی بەشە پزیشکییەکان دابمەزرێن.
جبووری دەڵێت دابینكردنی هەلیكار، وادەكات ببنە خاوەنی سەربەخۆیی ئابوری، تا بە مافەكانی خۆیان بگەن، وەك چۆن لە چەندین ساڵی خوێندندا توانییان زۆر بەربەست تێپەڕێنن.
ئەو هەستكردنە بە نایەكسانی لە رەخساندنی هەلیكار، هاوشێوەی دەرچوانی پێشوتری بەشە پزیشكییەكان، لای زۆرێك لە دەرچوانی نوێ هەیە، وەكو رەغد ئەیاد، كە خەڵكی سەڵاحەدینە و بەشی پشكنینی چاوی خوێندووە، دەڵێت "هەموو دەرچوانی بەشە پزیشكییەكانی پێش ساڵی 2020 دامەزراون، بەڵام ئەوانیتر تا ئێستا روبەڕوی چارەنوسێکی نادیار بوینەتەوە"، ئەو داوایكرد بە یەكسانیی مامەڵەیان لەگەڵ بكرێت، هاوشێوەی دەرچوانی پێشوتر و دامەزراندنیان جێگیر بكرێت.
حكومەت پشت دەكاتە دامەزراندن
لێپرسراوانی حكومی و زانكۆ، نایشارنەوە بەردەوامی پشتبەستن بە دامەزراندن چیتر کارێکی گونجاو نییە بۆ حكومەت و بارگرانییە، بۆیە كاردەكەن بۆ ئەوەی شێوازی خوێندنی زانكۆیی، بە پێی خواستی بازاڕ بێت.
جاسم فەتحی عەلی، سەرۆکی زانکۆی تەکنیکیی باکور بە (كەركوك ناو)ـی وت "دەوڵەت لە ژێر باری قورسی دامەزراندندا شەکەت بووە کە بوونەتە قورسایی و بارگرانی"، رونیشیكردەوە كە زانکۆ تەکنیکییەکان کار دەکەن بۆ بەستنەوەی پرۆگرامەکانی خوێندن بە پێداویستییەکانی بازاڕی کارەوە، بە مەبەستی ئامادەکردنی دەرچوان بە جۆرێك کە توانای کارکردنیان هەبێت بەبێ پشتبەستن بە دامەزراندن.
هەروەها دەڵێت دامەزراندنی راستەوخۆی بەشە پزیشكییەكان هەڵوەشێندراونەتەوە، بەهۆی قەیرانی دارایی و ئەو بارودۆخە هەرێمی و نێودەوڵەتییەی وایكردووە دەوڵەت توانای هەڵگرتنی ئەو بارگرانییەی نەبێت. لەو بارودۆخەشدا، دەرچوان پشت بە خۆیان دەبەستن تا لە بازاڕی كاردا جێگەی خۆیان بكەنەوە.
11 هەزار و 500 دەرچوی ئەمساڵ زانكۆوە لە سێ پارێزگا، تەنیا بەشە پزیشییەكان نییە، بەڵكو ئەندازیاری، کشتوکاڵی، کارگێڕی و یاساییشی تێدایە.
عیراق لە بەردەم گفتوگۆی پرۆژەیاسای بودجەی نوێدایە، كە دەیان هەزار دەرچووی زانكۆ و پەیمانگەكان هیوایان لەسەر هەڵچنیوە دەرفەتی دامەزراندنیان بۆ بڕەخسێنێت. یان لانیكەم ببتە هۆی بوژاندنەوەی بازاڕ و دەستپێكردنەوەی پرۆژە وەستاوەكان لە پارێزگاكاندا كە ئەویش دەرفەتێكە بۆ دەستكەوتنی كار.
فالح ساری، وەزیری دارایی عیراق، لە میانی بەشداریکردنی لە کۆڕبەندی ناوەندی بیری عیراقی – تورکی، جەختیكردەوە كەحکومەت بەرەو جێگیرکردنی فەرمانبەرانی گرێبەست و ئەوانەی کرێی رۆژانە لەسەر میلاکی هەمیشەیی هەنگاو دەنێت، هەروەها هەژمارکردنی ساڵانی خزمەتی پێشوویان لە چوارچێوەی ڕێکارەکانی جێگیرکردنیاندا، ئەوەش دوای پەسەندکردنی بودجەی ساڵی 2027.