پەیامنێری (كەركوك ناو) لە دادگای دوبز ئامادەبوو

كەركوك/15ی ئایاری 2019/ ئامادەبونی كاروان ساڵحی پەیامنێری (كەركوك ناو) و سەلام عومەر سەرنوسەری ماڵپەڕەكە لە دادگای دوبز

كەركوك ناو

كاروان ساڵحی پەیامنێری (كەركوك ناو) و ئاسۆ ئەحمەد پەیامنێری NRT و وێنەگرەكەی هاوتا بەهرۆز، ئامادەی دادگای لێكۆڵینەوەی دوبز بون، لەسەر سكاڵای هێزێكی سوپای عیراق دوای ئەوەی دوێنێ سێشەممە بۆ ماوەی شەش كاتژمێر دەستبەسەركران.

دانیشتنەكەی دادگا، بەیانی ئەمڕۆ چوارشەممە 15ی ئایار بەڕێوەچوو، كە بەپێی ماددەی 240ی یاسای سزادانی عیراقی و بەتۆمەتی ئەوەی چونەتە ناوچەی سەربازییەوە.

دەستبەسەركردن و لێكۆڵینەوە لەو رۆژنامەنوسانە لەكاتێكدایە ئەوان بە خاڵی پشكنین و بە بازگەكاندا تێپەڕبون بەرەو گوندی پەڵكانە لە سنوری سەرگەڕان و پێشتریش سوپا ئەو ناوچانەی بە زۆنی سەربازی نەناساندبوو.

هەروەها ناوچەكە خەڵكی تێدادەژیت و دەیان گوند و جوتیاری لێ نیشتەجێیە.

لە ئێستادا دۆسییەی ئەو سێ راگەیەندكارە بەرەو كۆتایی دەڕوات.

سەلام عومەر سەرنوسەری (كەركوك ناو) كە لە دادگای دوبز ئامادەبوو، نیگەرانی خۆی نیشاندا لە مامەڵەی هەندیك لە فەرماندەكانی سوپا و دەزگا ئەمنییەكانی پارێزگای كەركوك و داوایكرد "ژینگەیەكی باشتر لە ناوچەكەو كەركوك بۆ كاری رۆژنامەوانی بڕەخسێنرێت".

ژینگەیەكی باشتر لە ناوچەكەو كەركوك بۆ كاری رۆژنامەوانی بڕەخسێنرێت

هەروەها سوپاسی بەشێك لە فەرماندەكانی پۆلیس و دەزگا ئەمنییەكان كرد بە دەم كەیسەوە چون و هاوكاریی رۆژنامەنوسە دەستبەسەركراوەكانیان كردووە.

هەر ئەمڕۆ چوارشەممە 15ی ئایار، لقی كەركوكی سەندیكای رۆژنامەنووسانی كوردستان ئیدانەی دەستدرێژیكردنە سەر رۆژنامەنوسانی پارێزگاكەی كرد، ئەوەش لە یاداشتێكی ناڕەزاییدا كە تیایدا هەڕەشەی پەنابردن بۆ سكاڵای یاسایی و گردبونەوەی ناڕەزایی دەكات دژ بە هێزە ئەمنییەكان، ئەگەر دەستبەرداری ئەو رێگریی و سوكایەتییانە نەبن.

كاتژمێر 2:45 خوله‌كی پاشنیوه‌ڕۆی سێشه‌ممه‌ 14ی ئایار، كاروان ساڵحی له‌كاتی روماڵكردنی روداوه‌كه‌ی گوندی په‌ڵكانه‌ی سه‌ر به‌ ناحیه‌ی سه‌رگه‌ڕان له‌ قه‌زای دوبز ده‌ستبه‌سه‌ركرا، پاش لێكۆڵینه‌وه كاتژمێر 8:30 خوله‌كی شه‌وی رابردوو لەگەڵ پەیامنێر و وێنەگری NRT به‌ كه‌فاله‌ت ئازادكران.

  • FB
  • Instagram
  • Twitter
  • YT