زه‌نگی ته‌له‌فونه‌كه‌ی به‌هار عه‌لی لێده‌دات، هه‌واڵده‌ره‌كه له بنكه‌یه‌كی پۆلیسی هه‌ولێره‌وه‌یه و پێی راده‌گه‌یه‌نێت كه پێویسته له بنكه‌كه ئاماده‌بێت. به‌هار به‌ده‌م زه‌نگه‌كه‌وه ده‌چێت و له‌وێ پێیان ووتووە "دەبێت دەستگیرت بکەین".
ئه‌م زه‌نگه له 14ی ته‌مموزی ئه‌مساڵ بۆ ته‌له‌فونه‌كه‌ی به‌هار دێت، به‌ڵام دۆسیه‌كه نوێ نییه و مێژووه‌كه‌ی بۆ 2024 ده‌گه‌ڕێته‌وه، كاتێك به‌هار له به‌رنامه‌یه‌كی ته‌له‌فیزیۆنی 25 خوله‌كیدا چه‌ند ووشه و رسته‌یه‌كی ده‌ربڕی له چوارچێوه‌ی پاڵپشتیكردنی له ده‌قێكی یاسایی كه تیایدا فره‌ژنی له هه‌رێمی كوردستاندا قه‌ده‌غه‌ده‌كات.
ئه‌و ده‌ربڕینانه‌ی به‌هار ئێستا بونه‌ته دۆسییه‌یه‌كی دادگا، ئه‌وه‌ش پاڵپشت به مادده‌یه‌كی یاسایی كه به‌هار عه‌لی تۆمه‌تبار ده‌كه‌ن به‌وه‌ی سوكایه‌تی به ئایینی ئیسلام و پیرۆزییه‌كانی كردووه.
بەهار عەلی کە بەرگریکارێکی مافه‌كانی ژنانه و له هه‌ولێر داده‌نیشێت، به‌ڕێوه‌به‌ری رێكخراوێكه كه وه‌ك داكۆكیكار له مافه‌كانی ژنان کاردەکەن، به‌ڵام ئێستا خۆی کەوتووەتە بەر سکاڵا و بێنه و به‌رده‌ی نێوان پۆلیس و دادگا.
كرۆكی كێشه‌كه
له حوزه‌یرانی 2024دا سێ پارێزەری كورد له‌سه‌ر داوای ئه‌ندامێكی سه‌ركردایه‌تی یه‌كگرتوی ئیسلامی كوردستان (ئیسماعیل خورماڵی)، له دادگای باڵای فیدراڵی عیراق سكاڵایان له‌سه‌ر مادده‌یه‌كی یاسایی تۆماركرد كه په‌یوه‌سته به فره‌ژنی.
ئه‌و مادده‌یه یاساییه له چوارچێوه‌ی هەمواری جێبەجێکردنی یاسای باری کەسێتی ژمارە 188ی ساڵی 1959ی عیراقدا هاتووه، كه په‌رله‌مانی كوردستان له ساڵی 2008دا په‌سه‌ندی كردووه و تیایدا جه‌ختكراوه‌ته‌وه له‌وه‌ی كه لە هەرێمی کوردستاندا نابێت پیاو ژنی دووەم یان زیاتر بهێنێت، ته‌نیا به چه‌ند مه‌رجێك نه‌بێت.
ئاسۆ هاشم، یه‌كێك له‌و سێ پارێزه‌ره‌ی كه‌یسه‌كه‌یان برده دادگای فیدراڵی، به (كه‌ركوك ناو)ی وت "ئەم رێگرییانەی بەردەم فرەژنی له هه‌رێمی كوردستان، وایکردووە میللەتی کورد وەچەی کەم ببێت بەراورد بە نه‌ته‌وه‌ی عەرەب، له‌م گۆشه‌یه‌وه باوه‌ڕم وایه هەر پیاوێک چوار ژن بهێنێت". هه‌روه‌ها زیاتر وتی "ئه‌م یاسایه وایكردووه کوشتنی ژنان و ناپاکی هاوسەرگیری زۆر بێت، له‌گه‌ڵ زۆربونی گێڵ فرێند و قەیرە کچ".
ئەم رێگرییانەی بەردەم فرەژنی له هه‌رێمی كوردستان، وایکردووە میللەتی کورد وەچەی کەم ببێت
چه‌ند رۆژێك دوای ئه‌وه‌ی سكاڵاكه له دادگای فیدراڵی عیراق تۆمارده‌كرێت، كه‌ناڵی ئاسمانی رووداو به‌رنامه‌یه‌كی ته‌له‌فیزیۆنی 25 خوله‌كی به به‌شداریی هه‌ریه‌كه له به‌هار عه‌لی و ئاسۆ هاشم رێكده‌خات.
له خوله‌كی 19 و 36 چركه‌دا، ئاسۆ هاشم وه‌ك پارێزه‌ری دۆسییه‌كه، ده‌ڵێت "هەمواری یاساكه‌ی هەرێمی كوردستان دژی شەریعەتی ئیسلامە، شەریعەتی ئیسلام رێگەی بە فرە ژنی داوە".
دواتر روده‌كاته به‌هار عه‌لی و پێی ده‌ڵێت "کەواتە تۆ دژی شەریعەتی ئیسلامی؟"، بەهار لە وەڵامدا دەڵێت "دژی یاسایه‌ك دەوەستمەوە کە مافی نیوەی کۆمەڵگەکه‌م (مەبەستی ژنانە کە بە نیوەی کۆمەڵگە لە بەرنامەکە ناویان دەبات) پێشێلدەکات".
دژی یاسایه‌ك دەوەستمەوە کە مافی نیوەی کۆمەڵگەکه‌م پێشێلدەکات
به‌هار عه‌لی له كۆتایی به‌رنامه‌كه‌دا ئاماژه‌ی به ئایه‌تێكی قورئان كرد له پرسی فره ژنیدا و وتی "تێکستێکی دینی هاتووە پێش هەزار و 500 ساڵ، ناکرێت دوای ئەم هەموو پێشکەوتنەی کۆمەڵگە بتەوێت کۆمەڵگا بگەڕێنیتەوە بۆ دواوە".
دوابه‌دوای ئه‌م گفتوگۆیه و ئه‌و به‌شانه‌ی قسه‌كانی به‌هار بووه هۆی كردنه‌وه‌ی دۆسییه‌كی یاسایی له به‌رامبه‌ر ناوبراو، كاره‌كته‌ری كردنه‌وه‌ی ئه‌و دۆسییه‌یه‌ش پیاوی ئایینی مەلا مەزهەر خۆراسانی-یه.
مه‌لا مه‌زهه‌ر وه‌كو هه‌واڵده‌ر له‌گه‌ڵ چه‌ند كه‌سێكی تر چۆته داواكاریی گشتی هەولێر و داوایكردووه سکاڵا لە دژی بەهار عەلی بجوڵێنن، بەهۆی ئه‌وه‌ی "بێڕێزی بە ئایینی پیرۆزی ئیسلام كردووه". له‌و رۆژه‌دا پارێزه‌ر ئاسۆ هاشم-ی له‌گه‌ڵدا بووه. به‌ڵام ناوبراو ده‌ڵێت ئه‌و به‌شێك نه‌بووه له سكاڵاكه و ته‌نیا وه‌كو پارێزه‌ری مه‌لا مه‌زهه‌ر له‌وێ بووه.
گه‌ڕانه‌وه بۆ دواوه
دادگای فیدراڵی عیراق، هه‌ر له ته‌مموزی 2024دا سكاڵای پارێزه‌ره‌كانی ئیسماعیل خۆرماڵی ره‌تكردۆته‌وه، به‌ڵام ئه‌وه‌ی له‌و نێوه‌نده‌دا مایه‌وه، ئه‌و سكاڵایه بوو كه له دژی به‌هار عه‌لی تۆماركران.
ئاسۆ هاشم، وتی "ئیسماعیل خورماڵی پێیوایه به‌هۆی ئه‌و مادده یاساییه‌ی كه فره‌ژنی قه‌ده‌غه‌كردووه ئه‌و و خه‌ڵكانی تریش زیانی زۆریان به‌ركه‌وتووه"، زیاتر وتی "بۆیه ئێمه داوای هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی ئەو بڕگەیەی یاساكه‌مان كرد كه په‌رله‌مانی كوردستان په‌سه‌ندی كردووه".
رەمزیە جەباری، پارێزەری راوێژکار لە دۆسییە کۆمەڵایەتییەکاندا، قسەکانی ئاسۆ هاشم، پارێزه‌ری مه‌لا مه‌زهه‌ر ره‌تده‌كاته‌وه كه پێیوایه "یاساكه وایكردووه کوشتنی ژنان و ناپاکی هاوسەرگیری زۆر بێت".
ره‌مزییه ده‌ڵێت "ئەسڵ و ئەساسی نییە، چونکە ئەو پیاوانەی ویستویانە ژنی دووەم بهێنن، بەهیچ شێوەیەک چاوەڕوانی رەزامەندی ژنی یەکەمیان نەکردووە و چوون لە کەرکوک و ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی حکومەتی (فیدراڵ) عێراق ژنی دووەمیان مارەکردووە، یانیش تەنیا لای مەلا مارەیی بڕیووە، یان بەدزییەوە کردویەتی"، وه‌ك ئاماژه‌یه‌ك به‌وه‌ی پرۆسه‌ی هێنانی ژنی دووه‌م هێشتا به‌رده‌وامه.
ئەو پیاوانەی ویستویانە ژنی دووەم بهێنن، چاوەڕوانی رەزامەندی ژنی یەکەمیان نەکردووە
به‌پێی ده‌قه یاساییه‌كه‌ی هه‌مواری یاسای باری كه‌سێتی له په‌رله‌مانی هه‌رێمی كوردستان، هێنانی ژنی دووه‌م، ده‌بێت "بەڕێگەپیدانی دادوەربێت"، ئەوەش لەچوارچێوەی چەند مەرجێکدا له نێویاندا به‌ده‌ستهێنانی رەزامەندی هاوسەری یەکەم، یان نەخۆشکەوتنی ژنەکە بەجۆرێک ببێتە رێگر لەسەرجێیی یان نەزۆکی، یاخود ئومێدی چاکبونەوەی نەبێت.
ئاسۆ هاشم وتی "ئێمه به پشتبه‌ستن ماددەی (2)ی دەستووری عیراقی فیدڕاڵ، سکاڵامان لەسەر یاساكه‌ی هه‌رێمی كوردستان تۆمارکردووه، چونكه ئه‌و یاسایه پێچەوانەی دەستووری عیراقه".
بڕگەی یەکەمی مادەی دووەم لە دەستووری عیراق دەڵێت "ئيسلام ئايينى فەرمى دەوڵەتە و سەرچاوەى سەرەكی دانانی قانونە، نابێت قانونێک دابنرێت لەگه‌ڵ حوكمە جێگيرەكانى ئيسلام‌دا ناتەبا بێت". بەڵام هەر لەهەمان بڕگەدا ئەوەش هاتووە كه نابێت یاسایه‌ك دابنرێت لەگەڵ بنەما ديموكراسيیەكاندا ناتەبا بێت. هەروەها ناكۆك و ناتەبا بێت لەگەڵ ئەو ماف و ئازاديیە بنەڕەتییانەى كە لەم دەستورەدا هاتون".
دادگای فیدراڵی عیراق سكاڵای ئه‌و سێ پارێزه‌ره‌ی ره‌تكرده‌وه، "بە پاساوی ئەوەی ئیسماعیل خورماڵی زیانمەند نەبووە".
ئیسماعیل خورماڵی، له په‌یوه‌ندییه‌كی ته‌له‌فۆنیدا له‌گه‌ڵ (كه‌ركوك ناو)، وتی "ئاماده‌نیم له‌و راپۆرته‌دا قسه بكه‌م... ئه‌وه پرسێكی خێزانییه".
زه‌نگی ته‌له‌فونه‌كه‌ی به‌هار لێده‌داتەوە
له 12ی ته‌مموزی ئه‌مساڵ، دانیشتنێكی دادگاییكردنی به‌هار عه‌لی، سەرۆکی رێکخراوی ئێمە بۆ گەشەپێدانی مرۆیی - رێكخراوێكی قازانج نەویستی بواری ژنانە، لە ساڵی 2013 لەلایەن گروپێك لە ژنانی چالاكوان دامەزراوە -، به‌بێ ئاماده‌بونی خۆی له دادگای کەتنی هەولێر/لقی سێ به‌ڕێوه‌ده‌چێت، له‌و دانیشتنه‌دا دادوه‌ر بڕیاری ده‌ستگیركردنی به‌هار عه‌لی ده‌رده‌كات.
"پێش دانیشتنەکە نە خۆم، نە پارێزەرەکەم هیچ پێڕاگەیاندنێک و هیچ ئاگادارکردنەوەیەکمان پێنەگەیشتووە، نە لەسەر رۆژی دادگاییەکە و نە لەسەر بڕیاری گرتنەکەم"، به‌هار عه‌لی زیاتر وتی "تەنیا ئەوە نەبێت رۆژێک پێش دادگاییەکە یەکێک له‌ڕێی واتسئه‌پ ئاگاداركردنه‌وه‌یه‌كی بۆ ناردم".
به‌هار كه خۆیشی پارێزه‌ره، وتی "من له ده‌ره‌وه‌ی هه‌ولێر بوم و نەمدەتوانی ئامادەبم، لەڕوی یاساییه‌وه هیچ پێڕاگەیاندنێکی دادگام بەدەست نەگەیشتووە و واژۆم لەسەر هیچ پێڕاگەیشتنێک نەکردووە".
لەڕوی یاساییه‌وه هیچ پێڕاگەیاندنێکی دادگام بەدەست نەگەیشتووە
دوو رۆژ دواتر، له 14ی ته‌مموز، زه‌نگی ته‌له‌فونه‌كه‌ی به‌هار لێده‌دات و له بنكه‌یه‌كی پۆلیسی هه‌ولێره‌وه ئاگادارده‌كرێته‌وه له‌وه‌ی پێویسته له بنكه‌كه ئاماده‌بێت بۆ پێدانی ئاگاداركردنه‌وه‌یه‌كی دادوه‌ر.
"رۆژی دواتر كاتێك به‌ده‌م ته‌له‌فۆنه‌كه‌وه چووم، وتیان بابەتەکە ئەوەیە دەبێت دەستگیرت بکەین و بتبەینە بەردەم دادوەر"، به‌هار زیاتر وتی "بەڵام دیارە پێش ئەوەی پێڕاگەیاندنەکە بە من بگات، بەدەست کۆمەڵێک کەس گەیشتبوو، چونكه ئه‌وان (لایه‌نی سكاڵاكه‌ر) له‌به‌رده‌م دادگا ئاماده‌بوون بۆ به‌ستنی كۆنگره‌یه‌كی رۆژنامه‌وانی... پێده‌چێت هەموو کەس زانیبێتی تەنیا من نەبێت".
به‌هار ده‌ڵێت ئه‌وه‌ی رویداوه به‌شێكی رێكاریی یاساییه، "به‌ڵام گشتاندنەکە و گەیشتنی به كه‌سانێك پێش من، جێگەی گومانە، بەڵام پۆلیس بەوپەڕی رێزەوە مامەڵەیان لەگەڵدا کردم".
به‌هار نزیكه‌ی سێ كاتژمێر ده‌ستبه‌سه‌ر بوو، دواتر به كه‌فاله‌ت ئازادكرا تا رۆژی دادگاییكردنی.
"من پاڵپشتیم له یاسا كردووه، نه‌ك سوكایه‌تیی به ئایین"
بەهار عەلی، جه‌ختده‌كاته‌وه له‌وه‌ی كه ئه‌وه‌ی ئه‌و له به‌رنامه‌كه‌دا وتویه‌تی، "هیچ شتێکی تێدا نەبوو کە شایه‌نی تۆماركردنی سکاڵا بێت، به‌رگریم له یاسایه‌ك كردووه كه په‌رله‌مانی كوردستان له ساڵی 2008 په‌سه‌ندی كردووه". زیاتر وتی "نازانم کێ لە پشتەوەی سکاڵاکەوەیە جگە لەوەی مەلایەک چۆتە لای داواکاری گشتی".
وتیشی "داواکاری گشتی کەوتۆتە ژێرباری گوشاری ئەوانەی سەردانیان کردوون، چونكه ئه‌وانه‌ی سكاڵایان كردووه، هه‌ر كه دێنە دەرەوە یەکسەر کۆنگرەی رۆژنامەوانی دەگرن و دەڵێن داواکاری گشتی بەڵێنی جوڵاندنی كه‌یسه‌كه‌ی پێداوین".
به‌هار عه‌لی، پاڵپشت بە مادەی 372ی یاسای سزادانی عیراقی، بڕیاری دەستگیرکردنی بۆ ده‌رچووه، مادده‌كه له چوارخاڵ پێكدێت و تایبه‌ته به سوکایەتیکردن بە ئایین و ئەنجامدانی هەر کردارێک یان وتەیەک کە بە ئاشکرا سوکایەتی بێت بە هێما یان کەسایەتییەکی ئایینی کە جێگەی پیرۆزی و رێزە.
مه‌لا مه‌زهه‌ر خوراسانی، یه‌كێكه له‌و كه‌سانەی چه‌ندجارێكی تر دژایه‌تی خۆی بۆ رێكخراوه‌كانی به‌رگریكار له مافه‌كانی ژنان و چالاكوانی ژنان ده‌ربڕیوه، له نێویاندا له به‌رنامه‌ی ته‌له‌فیزیۆنیدا به‌شێك له ژنانی چالاكوانی به "دایناسۆر" وه‌سفكردووه. به‌و هۆیه‌وه زیاتر له سكاڵایه‌كی یاسایی له‌سه‌ره.
(كه‌ركوك ناو) چه‌ند رۆژێك له هه‌وڵدابوو تاوه‌كو بۆچونی مەلا مەزهەر خۆراسانی، له‌سه‌ر ئه‌و پرسه وه‌ربگرێت، له‌ڕێی نامه‌ی واتسئەپەوە له هۆكاری په‌یوندییه‌كه ئاگاداركرایه‌وه، به‌ڵام دوای دروستبونی په‌یوه‌ندییه‌كه‌ش هیچ وه‌ڵامێكی نه‌بوو.
به‌هار عه‌لی، له ده‌رئه‌نجامی كۆنگره‌یه‌كی رۆژنامه‌وانی مه‌لا مه‌زهه‌ر خوراسانی، كه رێكخراوه‌كانی به "هه‌ڵته‌كاندنی ئەخلاقی كۆمه‌ڵگه" ناوبرد، سكاڵای له دژی مه‌لا مه‌زهه‌ر و ئاسۆ هاشم تۆماركردووه. ئه‌مه هه‌ر له ته‌مموزی 2024 و كه‌یسه‌كه له دادگایه.
له ئێستادا به‌هار عه‌لی سه‌رقاڵكراوه به كه‌یسێكی ئایینی، له‌كاتێكدا بابه‌ته بنه‌ڕه‌تییه‌كه كه به‌هار ده‌نگی بۆ به‌رزده‌كاته‌وه بریتییه له پاڵپشتیكردن له جێبه‌جێكردنی یاسایه‌ك كه فره‌ژنی قه‌ده‌غه‌كردووه.
هاوپەیمانی ژنانی کوردستان كه له ژماره‌یه‌ك رێكخراوی داكۆكیكار له مافه‌كانی ژنان پێكدێن، له راگه‌یه‌نراوێكدا ده‌ڵێت "مێژوی خه‌باتی ژنان له كوردستان هه‌میشه پڕبووه له روبه‌ڕوبونه‌وه‌ی ته‌حه‌ددیاتی گه‌وره، به‌ڵام ژنانی ئێمه له هیچ قۆناغێكدا سه‌ختدا پاشه‌كشه‌یان نه‌كردووه".
ژنانی ئێمه له هیچ قۆناغێكدا سه‌ختدا پاشه‌كشه‌یان نه‌كردووه
بەیاننامەکەی هاوپەیمانی تۆڕی ژنان، پشتگیری لەلایەن تۆڕی ٨ـی مارس، دەستەی داکۆکیکردن لە داکۆکیکاران و تۆڕی هاوبەشی رێکخراوەکان و ژمارەیەک لەکەسایەتی چالاکوانی بواری ژنان، پشتگیری لێکراوه و له به‌شێكی تری‌دا هاتووه "ئه‌م جۆره فشار و كۆسپانه ناتوانن ئیراده‌مان لاواز بكه‌ن، به‌ڵكو پێداگیریمان زیاتر ده‌كه‌ن له‌سه‌ر به‌دیهێنانی دادپه‌وه‌ری".