ئه‌ندامێكی كوتله‌ی عه‌ره‌بی: پۆستی پارێزگاری كەركوك موڵكی هیچ لایەنێك نییه‌

كه‌ركوك، 10ی حوزه‌یرانی 2019، كۆنگره‌ی رۆژنامه‌وانی خه‌لیل حه‌دیدی ئه‌ندامی ئه‌نجومه‌نی پارێزگا فۆتۆ: كاروان ساڵحی

كاروان ساڵحی – كه‌ركوك

خه‌لیل ئیبراهیم حه‌دیدی، ئه‌ندامی كوتله‌ی عه‌ره‌بی له‌ ئه‌نجومه‌نی پارێزگای كه‌ركوك جه‌ختیكرده‌وه‌ له‌وه‌ی پۆستی پارێزگار موڵكی هیچ لایه‌نێك نیه‌ و له‌ شاره‌كه‌شدا كه‌سایه‌تی خاوه‌ن بڕیاری زۆری تێدایه‌ بۆ ئه‌و ئه‌ركه‌، داوایكرد له‌ ده‌ره‌وه‌ی پارێزگاكه‌ هه‌وڵی یه‌كلاییكردنه‌وه‌ی ئه‌و پرسه‌ نه‌درێت.

وته‌كانی حه‌دیدی له‌ كۆنگره‌یه‌كی رۆژنامه‌وانیدا هات، كه‌ ئه‌مڕۆ دوشه‌ممه‌ 10ی حوه‌زیران له‌ بینای پارێزگای كه‌ركوك ئه‌نجامیدا و په‌یامنێری (كه‌ركوك ناو) ئاماده‌ی بوو.

له‌و كۆنگره‌یه‌دا ئه‌ندامه‌كه‌ی كوتله‌ی عه‌ره‌بی وتی "له‌م رۆژانه‌دا له‌ راگه‌یاندنه‌كانه‌وه‌ ناوی نوێی دێته‌ به‌رگوێمان بۆ پۆستی پارێزگاری كه‌ركوك كە سەرجەمیان لە یەك نەتەوەن.. وه‌ك ئه‌وه‌ی كەركوك خاوەن بڕیاری تێدا نەبێت و لەدەرەوەی شارەكە بڕیاری لەسەر بدرێت".

"با هەمولایەك بزانێت پۆستی پارێزگاری كەركوك موڵكی هیچ لایەنێك نیە، كەركوك كەسایەتی و خاوەن بڕیاری زۆری تێدایە لە سەرجەم نەتەوەكان، ئەنجومەنی پارێزگاش مافی یاسایی و دەستوری هەیە بۆ دەستنیشانكردنی پارێزگار".

حه‌دیدی داوایكرد دەستنیشانكردنی پارێزگار "بەرێككەوتنی تۆكمە بێت له‌گەڵ سەرجەم نەتەوەكانی شارەكە، ئێمە پارێزگارێكمان دەوێت كار بۆ سەرجەم نەتەوەكان بكات نەك تەنها بۆ یەك كەس و نەتەوە".

ئەنجومەنی پارێزگای كه‌ركوك مافی یاسایی و دەستوری هەیە بۆ دەستنیشانكردنی پارێزگار

هه‌روه‌ها له‌باره‌ی پێداگری یه‌كێتی بۆ وه‌رگرتنه‌وه‌ی ئه‌و پۆسته‌، ده‌ڵێت "ئەو مافە ساڵانێكی زۆری بەسەردا تێپەریوه‌ و دەگاتە 14 ساڵ، .. له‌ ماوەی 14 ساڵدا لە سیاسەتدا زۆر شت دەگۆڕدرێت، ئێستا پارێزگارێك هەیە كار بۆ سەرجەم نەتەوەكان دەكات بە بێ جیاوازی بەڵام شاری كەركوك پێوستی بەوە هەیە كە هەڵبژادنێكی پاك و بێگه‌ردی ئەنجومەنی پارێزگای تێدا ئه‌نجامبدرێت".

ئه‌ندامه‌كه‌ی كوتله‌ی عه‌ره‌بی جه‌ختیكرده‌وه‌ "لەگەڵ هەمو كەس و لایەنێك رێكدەكەوین بەمەرجێك بڵێت شاری كەركوك شاری پێكەوەژیانە و نەتەوەی جیاواز تێیدا دەژی".

ئه‌وه‌ش له‌كاتێكدایه‌ یەكێتیی نیشتیمانیی كوردستان، له‌ دوایین كۆبونه‌وه‌ی مه‌كته‌بی سیاسیدا 6ی حوزه‌یران، ناوی پێنج كاندیدی تر بەڕەسمی ئاراستەی پارتی دیموكراتی كوردستان كرد.

یەكێتی شەوی 27ی ئایار، رۆژێك بەر لە هەڵبژاردنی نێچیرڤان بارزانی بۆ پۆستی سەرۆكی هەرێم لە پشكی پارتی، سێ كاندیدی لەڕێی تەلەفونەوە بۆ پۆستی پارێزگاری كەركوك ئاراستەی ئەو حزبە كرد، پارتی هەر بە تەلەفون هەرسێ كاندیدەكەی رەتكردەوە.

ئەو سێ كاندیدە، بابەكر سدیق ناسراو بە (كاكەڕەش سدیق) و ئەحمەد عەسكەری ئەندامانی یەكێتی لە ئەنجومەنی پارێزگای كەركوك، لەگەڵ رەوەند مەلا مەحمود جێگری لێپرسراوی مەڵبەندی كەركوك.

به‌وته‌ی سەرچاوەیه‌ك له‌ مەكتەبی سیاسی یەكێتی بۆ (كه‌ركوك ناو) "ئەو سێ كاندیدە و هەریەكە لە لیوا جەمال تاهیر، بەڕێوەبەری پێشوتری پۆلیسی كەركوك و د. عومەر ئینجە یاریدەدەری سەرۆكی زانكۆی كەركوكیش پێكەوە ناوەكانیان لە كۆبونەوەیەك دەدرێنە مەكتەبی سیاسی پارتی بۆ رەزامەندی نیشاندان لەسەر ئەو پێنج كاندیدە یان یەكێك لەو كاندیدانەی پێشتر ناوەكانیان بۆ پارتی نێردرابون".

یەكێتی دەیەوێت لەگەڵ پێكهێنانی كابینەی نوێی حكومەتی هەرێمدا پارێزگاری كەركوكیش لە ئەنجومەنی پارێزگادا هەڵبژێردرێت لە بەرژەوەندی حزبەكەی.

پۆستی پارێزگاری كه‌ركوك، له‌ 16ی ئۆكتۆبه‌ری 2017وه‌ له‌لایه‌ن راكان سه‌عید جبوری، له‌ پشكی عه‌ره‌ب به‌وه‌كاله‌ت به‌رێوه‌ده‌برێت دوای دورخستنه‌وه‌ی نه‌جمه‌دین كه‌ریم، له‌وكاته‌شه‌وه‌ یه‌كێتی هه‌وڵی به‌ده‌ستهێنانه‌وه‌ی پۆسته‌كه‌ ده‌دات.

جگه‌ له‌ یه‌كێتی، به‌ره‌ی توركمانی زیاد له‌ جارێك داوای پۆستی پارێزگاری كه‌ركوكی كردووه‌، پێكهاته‌ی عه‌ره‌بیش هێشتا ئاماده‌ییان بۆ راده‌ستكردنه‌وه‌ی پۆسته‌كه‌ نیشان نه‌داوه‌.

  • FB
  • Instagram
  • Twitter
  • YT