گه‌نجێكی كاكه‌یی، كه هه‌فته‌ی رابردوو له خانه‌قین ده‌ستگیركرا، چیرۆكی "ئه‌شكه‌نجه‌دانی توندی" ده‌رونی و جه‌سته‌یی خۆی له نێو زیندانه‌كانی "ئاژانسی هه‌واڵگریی عیراق" له دیاله ده‌گێڕێته‌وه، له نێویاندا لێدان به كێبڵ، شه‌قتێهەڵدان، هێشتنه‌وه له ژوری تاكه‌كه‌سی و لێدانی ته‌زووی كاره‌با له ئه‌ندامی زاوزێی. له‌گه‌ڵ ناچاركردنی به واژۆكردنی دانپێدانان.
ئه‌م گێڕانه‌وه‌یه ته‌نیا پشتی به وته‌كانی رێبین ستار، گه‌نجه كاكه‌ییه‌كه نه‌به‌ستووه، به‌ڵكو پاڵپشت و سه‌لمێنراوه به راپۆرتی پزیشكی دادی وه‌زاره‌تی ته‌ندروستی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان، كه كۆپیییه‌كی ده‌ست (كه‌ركوك ناو) كه‌وتووه.
چیرۆكی رێبین ستار ناسراو به (رێبینی ئاسنگه‌ر) بۆ 26ی ئابی رابردوو ده‌گه‌ڕێته‌وه، دوای ئه‌وه‌ی تابلۆی دوكانه‌كه‌ی كه ته‌نیا به زمانی عه‌ره‌بی نوسرابوو، گۆڕی بۆ كوردی و عه‌ره‌بی. وتی "تا گشت كه‌س بزانێت خانه‌قین كوردییه". ئه‌مه‌شی به ڤیدیۆ له تۆڕه كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كاندا بڵاوكرده‌وه.
قه‌زای خانه‌قین، هه‌فته‌یه‌كی ئاڵۆزی ئه‌منی و ناڕه‌زایی و هه‌ڕه‌شه‌ی ده‌ستگیركردنی چالاكوانانی به‌ڕێكرد، دوای ئه‌وه‌ی كه‌ناڵی ئاسمانی رووداو پرسی نوسینی تابلۆی دوكانه‌كانی قه‌زاكه‌ی به عه‌ره‌بی ورووژاند، رێبینی ئاسنگه‌ر یه‌كه‌م كه‌س بوو هه‌ڵمه‌تی نوسینی تابلۆی به زمانی كوردی ده‌ستپێكرد، هه‌ر ئه‌ویش یه‌كه‌م كه‌س بوو باجی ئه‌و هه‌ڵوێسته‌یدا.
ڕێبین ڕێی لێ گیرا
رێبین 29ساڵ، خێزانداره و باوكی دوو منداڵه به ناوه‌كانی ئا‌ڤێستا 3 ساڵ و ئارین 11 مانگ، خاوەنی كارگەیەكی بچوكی ئاسنگەرییە لە خانەقین و له تۆڕه كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كاندا چالاكه، ئه‌و ده‌ڵێت "به‌رنامه ته‌له‌فیزیۆنییه‌كه، وایلێكردم ده‌ستپێشخه‌ریی بكه‌م بۆ ئه‌وه‌ی تابلۆكان ته‌نیا به زمانی عه‌ره‌بی نه‌بن، به‌ڵكو به زمانی كوردی و عه‌ره‌بی بن پێكه‌وه".
چوار رۆژ دوای ئه‌وه و سه‌ر له به‌یانی 30ی ئاب، په‌یوه‌ندییه‌كی ته‌له‌فۆنی به رێبین ستاره‌وه ده‌كرێت. كه‌سێك به زمانی كوردی داوای لێده‌كات سه‌ردانی بكات بۆ ئه‌وه‌ی كارێكی ئاسنگه‌رییان بۆ بكات. به‌ڵام رێبین ده‌ڵێت سه‌رقاڵی كاركردنه و ئێواره په‌یوه‌ندی پێوه ده‌كات.
"ئه‌و كه‌سه‌م نه‌ده‌ناسی، ئێواره، په‌یوه‌ندیم پێوه كرد و له به‌رامبه‌ر راسان سیتی، چاوه‌ڕوانیم ده‌كرد، له‌وكاته‌دا ئۆتۆمبێلێكی پیكابی جامڕەش، له ته‌نیشتمه‌وه وه‌ستا، دەستبەجێ دابەزین و په‌لاماریاندام، تیشێرتەكەیان له‌به‌رم داكه‌ند و بەسەر سەرمیاندادا و كه‌له‌پچه‌یان كردم".
تیشێرتەكەیان له‌به‌رم داكه‌ند و بەسەر سەرمیاندادا و كه‌له‌پچه‌یان كردم
رێبین زیاتر وتی "وتیان به تۆمه‌تی تیرۆر ده‌ستگیركراویت و سواری ئۆتۆمبێلەكەیان كردم"، رێبین ده‌ڵێت ئه‌ویان بردووه بۆ به‌شی هه‌واڵگری به‌ره‌نگاربونه‌وه‌ی تیرۆر كه باره‌گاكه‌ی له‌ناو قه‌زای خانه‌قینه.
به‌پێی به‌دواداچونی (كه‌ركوك ناو)، رێبین ستار، به‌پێی مادده‌ی 200ی یاسای سزادانی عیراقی ده‌ستگیركراوه، كه تایبه‌ته به پرسی بڵاوكردنه‌وه‌ی هه‌ستی رق و كینه، بانگه‌شه‌كردن بۆ مه‌زهه‌بێك كه ئامانج لێی گۆڕینی بنه‌ما سه‌ره‌كییه‌كانی ده‌ستور، یان تێكدانی سیستمی كۆمه‌ڵایه‌تی و هه‌ڵگیرساندنی كێشه‌ی مه‌زهه‌بی و نه‌ته‌وه‌ییه.
له خانه‌قینه‌وه بۆ دیاله... ئه‌شكه‌نجه‌دان و ژورری تاكه‌كه‌سی
له نێو به‌شی هه‌واڵگریی به‌ره‌نگاربونه‌وه‌ی تیرۆر له خانه‌قین، كه چه‌ند دامه‌زراوه‌یه‌كی تری ئه‌منی لێیه، گفتوگۆیه‌كی كورت له‌گه‌ڵ رێبین ستار-دا ده‌كرێت و پێی ده‌ڵێن بەڕێوەبەری هەواڵگیریی دیالە داوای كردویت، بۆ ئه‌وه‌ی وه‌ڵامی چه‌ند پرسیارێكی بده‌یته‌وه.
"چاویان به‌ستم و به ئۆتۆمبێل گواستمیانه‌وه بۆ ئاژانسی هه‌واڵگریی و لێكۆڵینه‌وه‌ی فیدراڵی عیراق له پارێزگای دیاله"، ئه‌م دامه‌زراوه‌یه سه‌ر به وه‌زاره‌تی ناوخۆی عیراقه و نوسینگه‌ی له به‌عقوبه‌یە.
له‌گه‌ڵ گه‌یشتنی بۆ نوسینگه‌ی ئاژانسه‌كه، وێنه‌یه‌كی رێبین ده‌گرن و ئه‌شكه‌نجه‌دان ده‌ستپێده‌كات، به‌بێ ئه‌وه‌ی سه‌ره‌تا هیچ لێپرسینه‌وه‌یه‌كی له‌گه‌ڵدا بكه‌ن.
رێبین وتی "نزیكه‌ی كاتژمێرێك به كێبڵ له‌ژێر پێیه‌كانمیان ده‌دا، له‌به‌ر ئازار پڕ به قوڕگم هاوارم ده‌كرد... دەمپرسی بۆچی لێم دەدەن، بەڵام كەس وەڵامی نەدەدامەوە و چاوەكانیشم هێشتا بەستراوبوون".
نزیكه‌ی كاتژمێرێك به كێبڵ له‌ژێر پێیه‌كانمیان ده‌دا، له‌به‌ر ئازار پڕ به قوڕگم هاوارم ده‌كرد
دوای یه‌ك كاتژمێر ئازاردان، وه‌ك ئه‌وه‌ی رێبین ده‌ڵێت، راسته‌وخۆ ده‌یگوازنه‌وه بۆ ژووری تاكه‌كه‌سی.
"پانی و درێژی ژووره‌كه یەك مەتر بوو... تاریك بوو، دەرگایەكی ئاسنینی هەبوو و هیچ روناكی و تیشكێكی خۆری لێنه‌ده‌دا، هه‌رچه‌نده چاوم كرابۆوه، به‌ڵام هیچم نه‌ده‌بینی"، رێبین زیاتر وتی "پێیانوتم یه‌ك كاتژمێری تر دێینه‌وه ته‌ربیه‌تت ده‌ده‌ین".
دوای یه‌ك كاتژمێر، وه‌ك ئه‌وه‌ی رێبین ده‌ڵێت، جارێكی تر چاویان به‌ستۆته‌وه و بردویانه‌ته‌وه بۆ ژورێكی تر و نزیكه‌ی پێنج تا شه‌ش كه‌سی لێبووه، "وتیان چاوه‌كانت ده‌كه‌ینه‌وه، بەڵام ئەگەر سەیرمان بكەیت خراپت بەسەردا دەهێنین".
"سه‌ریان خستمه سه‌ر زه‌وییه‌كه، سوكایه‌تیان پێده‌كردم، دەستەكانم بەستراوبوونه‌وه و بە بەتانییەك پێچایانمەوە، وەك چۆن تەرم ده‌پێچرێته‌وه"، رێبین ده‌ڵێت ترسی زۆری هه‌بووه و هه‌ستی كردووه ئه‌مجاره ده‌یكوژن، به‌تایبه‌ت دوای ئه‌وه‌ی جارێكی تر ئه‌شكه‌نجه‌یانداوه.
له‌كاتی ئه‌شكه‌نجه‌داندا، رێبین لێیانده‌پرسێت، "تاوانم چییه؟"، ئه‌وان وتویانه تۆ "چه‌كداری داعشی". به‌ڵام له وه‌ڵامدا رێبین تۆمه‌ته‌كانی ره‌تكردۆته‌وه و وتویه‌تی ته‌نانه‌ت داعش ئامۆزایه‌كیان كوشتووه. له‌وكاته‌دا، تۆمه‌تی ئه‌وه‌ی ده‌ده‌نه پاڵ، كه رێبین ئامۆزای خۆی كوشتووه.
دوابه‌دوای ئه‌وه، تۆمه‌ته‌كه‌یان گۆڕیوه به‌وه‌ی زانیاریی بارەگاكانی حەشدی شەعبی داوه به ئیسرائیل. رێبین ئه‌و تۆمه‌ته‌ش ره‌تده‌كاته‌وه. به‌ڵام ئه‌وه ده‌بێته هۆی ئازاردانی زیاتری.
رێبین ستار ده‌ڵێت، ئەو كەسەی ئەشكەنجەی دەدا، داوای ئامێری تەزووی كارەبای كردووه، "دەنگی تەزوی كارەباكەم بیست زۆر ترسام، وتم ئێستا دڵم لە لێدان دەوەستێت... ته‌زوی كاره‌بایان لە ژێر پێیه‌كانم ده‌دا و هاوارم ده‌كرد".
لێكۆڵینه‌وه له گۆڕینی تابلۆ‌كه
دوای ئه‌و ئه‌شكه‌نجه‌دانه، ئاڕاسته‌ی لێكۆڵینه‌وه‌كان له تۆمه‌تباركردنی به داعش و كوشتنی خه‌ڵك، ده‌گۆڕێت بۆ لێكردنه‌وه‌ی تابلۆ.
"بۆچی تابلۆی دوكانەكەت گۆڕی؟"، به‌م پرسیاره ده‌ستپێده‌كه‌ن، رێبین وتی "لەوكاتەدا تێگەیشتم كە تەواوی ئەم بابەتە و دەستگیركردنه‌م لەسەر گۆڕینی تابلۆی دوكانەكەم بووه".
رێبین به‌م شێوه‌یه وه‌ڵامده‌داته‌وه "من ئاسنگەرم و هیچ هەڵەیەكم نەكردووە، تەنها زمانی كوردیم بۆ تابلۆكە زیادكردووە و زمانی عەرەبییەكەش وەك خۆی ماوەتەوە".
من ئاسنگەرم و هیچ هەڵەیەكم نەكردووە، تەنها زمانی كوردیم بۆ تابلۆكە زیادكردووە
به‌ڵام له‌وكاته‌دا لێكۆڵه‌ره‌كان پێی ده‌ڵێن "تۆ هانی خه‌ڵكت داوه"، هه‌روه‌ها پرسیاری ئه‌وه‌ی لێده‌كه‌ن، كێ پشتگیری و هانی داویت، بۆ تێكدانی بارودۆخی خانه‌قین.
دوای ئه‌وه‌ی رێبین هه‌موو تۆمه‌ته‌كان ره‌تده‌كاته‌وه، ئه‌شكه‌نجه‌دان قورس‌تر ده‌كه‌ن. رێبین وتی "به ئامێری تەزووی كارەبا له ئەندامی نێرینەیان دام، پێنج تا شەش جار ئەم كارەیان دوبارە كردەوه".
ئه‌و پرۆسەیە به‌گشتی نزیكەی یه‌ك كاتژمێری خه‌یاندووه، دوای ئه‌وه كیسه‌ی نایلۆنیان كردۆته سه‌ر رێبین و هه‌ڕه‌شه‌ی راكێشانی ددانه‌كانیان كردووه. رێبین وتی "هه‌ر ئه‌وه‌نده‌م زانی له هۆش خۆم چووم".
راپۆرته پزیشكییه‌كه كه له 3ی ئه‌یلول كراوه و واژۆی پزیشك و مۆری بنكه‌ی پۆلیسی نه‌خۆشخانه‌ی رزگاری پێوه‌یه. تیایدا هاتووه "له‌كاتی پشكنیندا ده‌ركه‌وتووه، شوێنه‌واری سوتاندن، به‌شێوه‌ی نوقته‌ی ره‌ش له‌سه‌ر ئه‌ندامی زاوزێی رێبین هه‌یه".
له‌گه‌ڵ هه‌موو ئه‌وانه‌شدا، ئازاری ده‌رونیانداوه، وتی "دوای گەڕانەوەی هۆش و هەناسەم، پرسیاریان كرد وتیان خودا حەقە؟ وتم حەقە، پێیانوتم دە بگەڕێوە بۆ لای خواكەت".
لێكۆڵه‌ره‌كان، فشار ده‌خه‌نه سه‌ر رێبین بۆ ئه‌وه‌ی "قسه‌ی راست بكات"، وه‌ك رێبین ده‌ڵێت، به‌ڵام ئه‌و وتویه‌تی "من به‌رده‌وام ده‌موت ئه‌وه‌ی ده‌یڵێم راسته". له‌وكاته‌دا هه‌ڕه‌شه‌ی كێشانی ددانی ده‌كه‌ن و "پلایس-یان له ده‌موچاوم نزیك ده‌كرده‌وه".
بە زۆر ئیعتراف پێکردن
له درێژه‌ی ئه‌شكه‌نجه‌دانه‌كه‌دا، داوا له رێبین ستار ده‌كرێت، دانبه‌وه‌دا بنێت، كه كاروان یاروه‌یس، لێپرسراوی مه‌ڵبه‌ندی خانه‌قینی یه‌كێتیی نیشتیمانیی كوردستان، پارەی پێداوه بۆ هاندانی شەقام.
رێبین ده‌ڵێت لە پێناو پاراستنی گیانی خۆی وتویه‌تی باشه، "چاویان كردمه‌وه و كه‌له‌پچه‌یان لێكردمه‌وه و په‌نجه مۆریان پێ‌كردم".
دوای پەنجەمۆركردن، جارێكی دیكە دەستەكانیان بەستوه‌ته‌وه و روبەڕوی ئەشكەنجەدان بۆته‌وه، رێبین وتی "لە ئەنجامی ئەشكەنجەدان دەست و باڵم لە شوێنی خۆیان دەرچون، كە بەهۆی توندی ئازارەكەیەوە بەگوڕ هاوارم دەكرد و دەگریام".
لە ئەنجامی ئەشكەنجەدان دەست و باڵم لە شوێنی خۆیان دەرچون
رێبین باسی هه‌ندێك له سوكایه‌تی و ئازاردانی تر ده‌كات، له جۆری پێڵاو خستنه‌سه‌ر سه‌ری و سوكایه‌تی له‌سه‌ر بنه‌مای نه‌ته‌وه‌یی.
هه‌ر به‌پێی راپۆرته پزیشكییه‌كه، ده‌ركه‌وتووه كه شوێنه‌واری لێدان له‌سه‌ر قاچه‌كانی راست و چه‌پ و ژێر پێیه‌كانیدا هه‌یه. هاتووه "هۆكاری ئه‌و زیانانه به‌هۆی فشاری ده‌ره‌كییه‌وه بووه".
(كه‌ركوك ناو)، جگه له دانپێدانانه‌كانی رێبین ستار و راپۆرتی پزیشكی دادی، هه‌وڵیدا رای ناوه‌نده ئه‌منییه‌كانی تری پارێزگای دیاله وه‌ربگرێت، به‌ڵام هیچ ئه‌نجامێكی نه‌بوو. ته‌نیا لێپرسراوانی ئه‌منی خانه‌قین جه‌ختیانكرده‌وه له‌وه‌ی "رێبین له‌لایه‌ن ئاژانسی هه‌واڵگریی و لێكۆڵینه‌وه‌ی فیدراڵی عیراقه‌وه ده‌ستگیركراوه".
باوكی رێبین كه قسه‌ی بۆ ده‌زگاكانی راگه‌یاندن كردووه، وتویه‌تی "له به‌عقوبه‌وه هێز جوڵێنراوه بۆ كوڕی من، له‌كاتێكدا تاوانه‌كه‌ی ته‌نیا ئه‌وه‌یه له‌بری ئه‌وه‌ی ته‌نیا به زمانی عه‌ره‌بی بنوسێت، زمانی كوردیشی بۆ زیاد كردووه".
خانه‌قین كه به مێرگی پێكه‌وه‌ژیان ده‌ناسێنرێت، به‌هۆی ئه‌وه‌ی دانیشتووانه‌كه‌ی تێكه‌ڵه‌یه‌كن له كورد، عه‌ره‌ب و توركمان، هه‌فته‌ی رابردوو به قۆناغێكی بارگژیی سیاسی و ئه‌منیدا تێپه‌ڕی. رووباری ئەڵوەن دیارترین هێمای شارەکەیە و درێژییەکەی 150 کیلۆمەتر دەبێت.
سه‌رچاوه‌ی پشێوییه‌كانی خانه‌قین، ئه‌و لێدوانه توندانه بون كه لایه‌نه سیاسییه‌كان له میدیا و تۆڕه كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كاندا دژ به یه‌كتر به‌كاریانده‌هێنا. په‌یوه‌ست به پرسی تەعریب و ئاستەنگەکانی بەردەم كاری حزبی و پرسی مادده‌ی 140ی ده‌ستوری عیراق.
كاروان یاروەیس، لێپرسراوی مه‌ڵبه‌ندی خانه‌قینی یه‌كێتی، له به‌رنامه‌یەکی تەلەڤزیۆنیی كه‌ناڵی ئاسمانی رووداو-دا، دۆخی چه‌ند ناوچه‌یه‌كی پارێزگای دیاله‌ی به (جورف سەخر) ناساند، ئه‌مه‌ش ناڕه‌زایی توندی لایه‌نه عه‌ره‌بییه‌كانی ناوچه‌كه‌ی به‌دوادا هات.
رێبین ستار كه قوربانی سه‌ره‌كی ئه‌و بارگرژییه بوو، ده‌ڵێت له ماوه‌ی دوو شه‌وی ده‌ستگیركردنیدا، ئازار و ئه‌شكه‌نجه‌ی جه‌سته‌یی و ده‌روونی نه‌ماوه نەیچێژێت.
كارزان حەمدان، یەكێكە لە رێكخەرانی خۆپێشاندانەكە، به (كه‌ركوك ناو)ی وت "هەڵەتێگەیشتن هه‌بووه له‌باره‌ی داواكارییه‌كانی خەڵكی خانەقین... برا عەرەبەكانمان بەشێوەیەك لێكدانەوه‌یان بۆ داواكارییەكان كرد كە ئێمە دژی عەرەبین، به‌ڵام بە پێچەوانەوه ئێمە دژی گۆڕینی دیموگرافیای ناوچەكەین و داوای پاراستنی شوناسی خانەقین دەكەین".
ئێمە دژی گۆڕینی دیموگرافیای ناوچەكەین و داوای پاراستنی شوناسی خانەقین دەكەین
"ئێمه نیگه‌رانین له‌وه‌ی كه زانیارییمان پێگەیشت له‌وه‌ی دەیان كەس بڕیاری دەستگیركردنیان بۆ دەرچووە، بۆیە ژمارەیەك لە چالاكوانانی خانەقین، شاره‌كه‌یان به‌ره‌و هەرێمی كوردستان به‌جێهێشت".
به‌ره‌و دادگاییكردن
له رۆژی 31ی ئاب، رێبین ده‌بردرێته به‌رده‌م دادوه‌ر، به‌ڵام به‌رله‌وه‌ی ببرێت بۆ دادگا، له زیندان ئاگادارده‌كرێته‌وه به‌هیچ شێوه‌یه‌ك له‌و دانپێدانانه په‌شیمان نه‌بێته‌وه كه واژۆ و په‌نجه‌مۆری كردووه، رێبین وایوت. هه‌روه‌ها ده‌ڵێت به هیواوه بووه دادوه‌ر ئازادی بكات.
كاتێك چۆته ژوری دادوه‌ر، رێگه‌نه‌دراوه كه‌س له‌گه‌ڵیدا بچێته ژووره‌وه.
"له‌به‌رده‌م ده‌رگای دادوه‌ر چاومیان كرده‌وه و چومه ژوره‌وه، زۆر دڵم پڕبوو، به‌ڵام هه‌ستێكم هه‌بوو كه ئه‌م دادوه‌ره ده‌بێته فریادڕه‌سی من و رزگارم ده‌بێت له ئه‌شكه‌نجه‌دان"، رێبین ده‌ڵێت به دادوه‌ری وتووه "وه‌كو كوڕی خۆی گوێم لێبگرێت.. ئه‌مانه زۆریان لێداوم، له‌ژێر ئه‌شكه‌نجه‌دا په‌نجه‌مۆریان پێكردوم... دەستم برد بۆ قورئانی بەردەم دادوەر و هەڵمگرت و وتم ئەم دانپێدانە خۆیان نوسیانە".
بۆ ئه‌وه‌ی بۆ دادوه‌ره‌كه‌ی بسه‌لمێنێت، رێبین داوایكردووه ئه‌و خانمه‌ی له ژوری دادوه‌ر بووه، بچێته ده‌ره‌وه، تاوه‌كو كۆئه‌ندامی زاووزێی به دادوه‌ر نیشانبدات و شوێنه‌ورای ته‌زووی كاره‌باكه‌ی ببینێت، به‌ڵام دادوه‌ر وتویه‌تی پێویست ناكات.
"لەكاتی قسەكردندا هەناسەم ده‌بڕا و دەگریام، دادوەر داوایلێكردم دابنیشم و بە پاسەوانەكەی وت ئاوم بۆ بهێنن و ئاوم خواردەوە... ئیتر وتی بڕۆ ده‌ره‌وه ئه‌وه سه‌هله"، رێبین ده‌ڵێت له‌وكاته‌دا دڵی لای ئه‌وه بووه، ئاخۆ راسته‌وخۆ ئازاد ده‌كرێت، یان ده‌بردرێته‌وه بۆ هه‌مان زیندان، له‌كاتێكدا پێیانوتووه "نابێت دانپێدانانه‌كانت بگۆڕێت".
لەكاتی قسەكردندا هەناسەم ده‌بڕا و دەگریام، دادوەر داوایلێكردم دابنیشم و بە پاسەوانەكەی وت ئاوم بۆ بهێنن
به‌پێی مادده‌ی 200 كه رێبین ستاری پێ تۆمه‌تبار كراوه، هه‌ركه‌سێك بانگه‌شه بۆ مه‌زهه‌بێك بكات، كه ئامانج لێێ گۆڕینی بنه‌ما سه‌ره‌كییه‌كانی ده‌ستور و كۆمه‌ڵگه بێت، یان بیه‌وێت چینێكی كۆمه‌ڵایه‌تی به‌سه‌ر چینه‌كانی تردا زاڵبكات، یان چینێكی كۆمه‌ڵایه‌تی تر له‌ناو ببات. یان كار بۆ تێكدانی سیستمه كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كه بكات، به زیندانیكردن كه له حه‌وت ساڵ زیاتر نه‌بێت سزاده‌درێت.
له هه‌مان مادده‌دا هاتووه "هه‌ركه‌سێك هانی روخاندنی سیستمی كارپێكراو له عیراق بدات، یان رق و كینه بڵاوبكاته‌وه و پڕوپاگه‌نده بۆ شتێك بكات كه ده‌بێته‌هۆی هه‌ڵگیرساندنی كێشه‌ی زه‌هه‌بی و تائیفی، یان ململانێین نه‌ته‌وه‌یی و تائیفی" ئه‌وا هه‌مان سزا ده‌یگرێته‌وه.
ئازادی دوای خۆپیشاندان
له دادگاوه رێبین ستار، به‌ره‌و هه‌مان شوێن ده‌بردرێته‌وه و راسته‌وخۆ بۆ ژووری تاكه‌كه‌سی، "ئێواره سه‌مونێكی وشك و كه‌بابێكیان بۆ هێنام، به‌ڵام كه‌بابه‌كه له‌به‌ر بۆن نه‌متوانی بیخۆم، له‌كاتێكدا رۆژی پێشتریش جگه له ئاو هیچیان پێنه‌دابوم".
رێبین ده‌ڵێت له ژووری تاكه‌كه‌سی به‌تانییه‌كیان پێداوه، ئه‌ویش لولی كردووه و له باوه‌شی گرتووه، "به درێژایی شه‌و، قسه‌م له‌گه‌ڵ به‌تانییه‌كه ده‌كرد، وه‌ك ئه‌وه‌ی قسه له‌گه‌ڵ كچه سێ ساڵانه‌كه‌م (ئا‌ڤێستا) بكه‌م، بۆ ئه‌وه‌ی خه‌و بمباته‌وه، به‌ڵام هه‌رگیز له‌به‌ر ئازاری ئه‌شكه‌نجه‌دانه‌كه نه‌مده‌توانی بخه‌وم".
ئه‌و شه‌وه رێبین ستار ئه‌شكه‌نجه‌ی جه‌سته‌یی نادرێت، به‌یانییه‌كه‌ی یه‌كی ئه‌یلول، جارێكی تر ناوی سیانی و زانیاریی تری لێوه‌رده‌گرنه‌وه، تاوه‌كو له چاوه‌ڕوانیدا ده‌یهێڵنه‌وه.
كاتژمێر 12ی 20 خوله‌كی هه‌مان رۆژ ده‌رگای زیندان له رێبین ده‌كرێته‌وه و به كه‌فاله‌ت ئازاد ده‌كرێت. ئه‌م ئازادكردنه یه‌كێك بوو له داواكاریی چالاكوانانی خانه‌قین، به‌هۆیه‌وه وایكرد خۆپیشاندانه‌كان دژی پێشێلكاریی و ئاڵۆزییه‌كانی خانه‌قین هه‌ڵپه‌سێردرێت و داواكارییه‌كانیان به‌ره‌و به‌غدا و بۆ لای سه‌رۆك كۆماری عیراق برد.
"ئه‌وكاته‌ی له زیندان ده‌ركرام، له خۆشییا بیرم چوو پێڵاوم له پێ نییه، تا بانگیان كردمه‌وه پێڵاو له پێ بكه‌م"، رێبین ده‌ڵێت "به‌ڵام به‌ر له ئازادكردنم، هەڕەشەیان لێكردم كە هیچ قسەیەك نەكەم و بڵاونه‌كه‌مه‌وه، به پێچه‌وانه‌وه خۆی یان باوكی جارێكی تر روبه‌ڕوی هه‌مان كاره‌سات ده‌بنه‌وه".
له‌گه‌ڵ هه‌موو ئه‌وانه‌شدا، رێبین دڵخۆشه به‌وه‌ی كاتێك گه‌ڕاوه‌ته‌وه ماڵ، پشتیوانی زۆری خه‌ڵك بۆ دۆسییه‌كه‌ی هه‌بووه، به‌تایبه‌ت له توڕه كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كاندا.
رێبین ستار، له‌گه‌ڵ هه‌موو ئه‌وانه‌شدا سكاڵای تۆمارنه‌كردووه، سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی راپۆرتی پزیشكی-یش هه‌یه و ئه‌شكه‌نجه‌دان و پێشێلكارییان پشتڕاستده‌كاته‌وه.
"هێشتا كه‌س رێنوێنی نه‌كردوم چی بكه‌م، نازانم چی به‌سه‌ر خۆم و خانه‌واده‌كه‌مدا دێت، داواده‌كه‌م رێكخراوه‌كانی مافی مرۆڤ و حكومه‌ت بۆ ئه‌م پرسه بێته سه‌ر خه‌ت".
رێبین روی ده‌می كرده عه‌لی زه‌یدی، سه‌رۆك وه‌زیرانی عیراق و وتی "هه‌موو عیراق به یه‌ك چاو سه‌یر بكه... وەكو برا گەورەیەك لەگەڵم بوەسته و مافم بۆ بگەڕێنه‌وه".