لە "پەیمان"ـەوە بۆ "شەڕ"ـی فەیسبوك... لە نێوان ئاغا و حافزدا چی روودەدات؟

وێنەی هەریەك لە محەمەد سەمعان، پارێزگاری كەركوك و محەمەد حافز، سەرۆكی ئەنجومەنی پارێزگا كە لە پشتیانەوە دوایین وێنەی كۆبونەوەی ئەنجومەن دەردەكەوێت

كەركوك ناو – كەركوك

هەریەك لە محەمەد سەمعان ئاغا، پارێزگاری كەركوك و محەمەد ئیبراهیم حافز، سەرۆكی ئەنجومەنی پارێزگاكە لە نیسانی ئەمساڵدا سەری زمان و بنی زمانیان "پەیمان و بەڵێن"ـی پێكەوە كاركردن بوو، بەڵام تەنیا دوای نزیكەی پێنج مانگ، تەواوی ئەو دیمە پێچەوانە بۆتەوە بۆ ناكۆكی قوڵ و شەڕی میدیایی.

قسەكانی پێشتریان لە كاتی دەستاودەستی پۆستی پارێزگار و گۆڕانكارییە ئیدارییەكانی كەركوكدا بوو، كاتێك توركمان بۆ یەكەمجار پۆستەكەی وەرگرت و لە بەیاننامەكانی ئەوكاتدا، هەردولا جەختیانكردەوە لە كاری هاوبەش بۆ خزمەتی خەڵك و تێپەڕاندنی قەیرانەكان، بەڵام ئێستا بە ئاشكرا و لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكاندا، لایەنگرانیان بەچڕی خەریكی تۆمەتباركردنی یەكترین.

وەك (كەركوك ناو) بەدواداچوونی بۆ كردووە، هەڵمەتی دژایەتی و ناوزراندن، زیاتر لە ڕێی ژمارەیەك پەیجی میدیایی و سێبەرەوەیە لە تۆڕی كۆمەڵایەتی فەیسبوك لەم رۆژانەدا چڕبۆتەوە، ئەوەش بەهۆی كەڵەكەبوونی كۆمەڵێك ناكۆكی پێشترەوە كە ریشەی كۆنترە و بەشێكی پەیوەندی هەیە بە دۆسیەی هەڵپەسێراوی دامەزراندنی حەوت هەزار پلەی وەزیفی بە گرێبەست، نەبونی بودجە و راوەستانی پرۆژەكان، قەیرانی سوتەمەنی و چەندین گرفتی دیكەی ئیدارەدانی كەركوك.

ناكۆكی و نیگەرانی ئاشكرا

ناكۆكییەكانی نێوان ئەنجومەنی پارێزگا و دیوانی پارێزگا، چیتر لە ژوری كۆبونەوەكاندا نەماوەتەوە و لە میدیادا بە زەقی رەنگیداتەوە، جگە لە دەركردنی چەندین بەیاننامە و بڵاوكردنەوەی دەیان لێدوانی جیاواز، بە ناوی جیاجیاشەوە لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكاندا، لایەنگرانی هەردوولا، بە تایبەت حزبی تەقەدوم و بەرەی توركمانی، هێندەی دیكە بەنزین بە ئاگری ناكۆكییەكاندا دەكەن.

محەمەد حافز، سەرۆكی ئەنجومەنی پارێزگا (پشكی عەرەب/ تەقەدوم)، لە دوایین كۆبوونەوەی ئەنجومەندا لە 8ـی ئەیلولی 2026ـدا، بەشێكی قسەكانی تەرخانكردووە بۆ رەخنەگرتن لە پارێزگار و بە ئاشكرا دەڵێت "بۆشایی" لە نێوان ئەنجومەن و ئیدارەی پارێزگادا هەیە، بۆ ئەوەش ئیدارەكە تۆمەتباردەكات بەوەی وەڵامی نوسراوەكانی ئەنجومەن ناداتەوە و بڕیارەكانیان جێبەجێناكات.

لە دادگا رێكاری یاسایی دەگرینەبەر

نمونەی ئەوەی هێنایەوە، سەرباری چەندینجار جەختكردنەوە لە جێبەجێكردنی بڕیارەكانیان، بەڵام بەشێكیان، لە نێویاندا بڕیاری پەیوەست بە سیڤی بەڕێوەبەری ئەو فەرمانگانەی چوار ساڵ بەسەر مانەوەیاندا تێپەڕیووە تائێستا جێبەجێنەكراوە. هۆشداریشیدا لە بارێكدا ئەگەر وەڵامی نیگەرانییەكانیان نەدرێتەوە.

"ئەگەر هەفتەی داهاتوو هیچ وەڵامێك نەبوو، ئەوا رێكاری یاسایی لە دادگا دەگرینەبەر لەڕێی نوێنەری یاسایی ئەنجومەنی پارێزگاوە" حافز وای وت. هەروەها وتی "پارێزگار سەرقاڵە بە كاروباری دیكەوە لە دەرەوەی پارێزگاكە و دوورە لە كارە ئیدارییەكان كە پەیوەستن بە ژیانی هاوڵاتیانی كەركوكەوە، رۆڵی هەموومانە بەدوای چارەسەرێكدا بگەڕێین بۆ ئەو بابەتە".

ئەنجومەنی پارێزگا، باڵاترین دەسەڵاتی چاودێری و یاسادانانی پارێزگاكەیە، لەگەڵ ئیدارەی پارێزگا كە ئەركی جێبەجێكردنە، بەپێی یاسای پارێزگا نەبەستراوەکان بە هەرێمەوە دەبێت لە كارەكانیاندا تەواوكەری یەكتری بن بۆ خزمەتی هاوڵاتیان.

سەرۆكی ئەنجومەن دەڵێت، ناكۆكییەكان كەسیی نین و ئامانج لێی لێدان نییە لە پارێزگار یان ئیدارەكەی، بەڵكو "سەركەوتنی ئەنجومەن سەركەوتنی ئیدارەكەیە" وەكو محەمەد حافز ئاماژەی پێدەدات و رونیكردەوە، ئامانجەكە "راستكردنەوەی رێڕەوی"ـی كاركردنە.

وەڵامێكی خێرا و بۆچونێكی پێچەوانە

بەشێك لەو رەخنانەی روبەڕوی پارێزگارە توركمانەكەی كەركوك بۆتەوە، ئەوەیە لە چەند مانگی رابردودا هێندەی لە دەرەوەی پارێزگاكەی بووە هێندە دەوامی نەكردووە، بەڵام ئەندامێكی ئەنجومەن لە بەرەی توركمانی بەپێچەوانەوەی رەخنەگرەكانەوە، بە كێشەی نازانێت.

محەمەد سەمعان، لەوەتەی پۆستەكەی وەرگرتووە، چەندجارێك چۆتە توركیا، هەروەها سەردانی خلیج و پاشان زۆربەی كات لە بەغدا بوە.

anjwman nisan 2026
كەركوك/ نیسانی 2026/ سەرەتای دەستبەكاربونەوەی محەمەد سەمعان وەكو پارێزگار و پێشوازی لەلایەن دەستەی سەرۆكایەتی ئەنجومەنەوە فۆتۆ: راگەیاندنی ئەنجومەن

ئەحمەد رەمزی، لە حزبەكەی سەمعان، دوابەدوای كۆبونەوەی ئەنجومەن و گوێبیستی قسەكانی حافز، بە رۆژنامەنوسانی وت "ئامادەنەبونی پارێزگار مانای ئەوەیە ئەركەكانی بەجێناهێنێت"، ئەركی پارێزگار دەخوازێت بەشداری لە كۆنگرە و چالاكییەكاندا بكات و بەدەم بانگهێشتە فەرمییەكانی دەرەوەی پارێزگاكە و ناوخۆوە بڕوات، كە ئامانج لێی نوێنەرایەتی كەركوك و بەرگریكردنە لە مافەكانی، لەگەڵ هەوڵی بەدەستهێنانی پرۆژەی زیاتر و خزمەتگوزاری.

رەمزی نكۆڵی لەوەناكات ئامادەبونی پارێزگار گرنگە، بەڵام پێیوانییە كێشە بێت، چونكە دەڵێت دوو جێگر و پێنج یاریدەدەر و حەوت راوێژكاری پارێزگار هەیە كە كاروبارەكان راییبكەن. "پارێزگارەكانی پێشووش دەرچون و ئیفادیان هەبوو،... لەوتەی توركمان پۆستەكەی وەرگرتووە، میدیا بەكاردەهێنرێت بۆ هێڕشكردن و زەقكردنەوەی كێشەكان و دروستكردنی قەیران" بەوتەی ئەندامەكەی بەرەی توركمانی.

سەمعان ئاغا لە 17ـی نیسانی ئەمساڵ پۆستەكەی وەرگرت لە جێی رێبوار تەها، وەكو كاندیدی بەرەی توركمانی، هاوكات سەرۆكی ئەو بەرەیەیە، ئەوەش لەچوارچێوەی رێككەوتنی لەگەڵ تەقەدوم و یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان، ئەو ئاڵوگۆڕ كۆتاییهێنا بە چەندین مانگ لە ناكۆكی دەربارەی دابەشكردنی پۆستەكان، هەروەها 20 مانگ لە بایكۆت، رێگای دادگا و شەڕی میدیایی كە ئەنجومەنی پارێزگاكەشی گەیاندە لێواری ئیفلیجی.

نەشئەت شاهوێز، جێگری سەرۆكی ئەنجومەنی پارێزگا (پشكی كورد/یەكێـتیی) لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا كە (كەركوك ناو) ئامادەی بوو، وتی دەوامنەكردنی پارێزگار بۆتە جێی نیگەرانی، هەندێك فەرمانگە هانا بۆ ئەنجومەن دەبەن كە كارەكانیان رایی نابێت، لەكاتێكدا پارێزگار پاساوی ئەوەیە پابەندی دەرەوەی هەیە و لە پێناو شایستەی كەركوكدا دەڕوات، بەڵام وەكو ئەنجومەن بەدوای ئەوەدا دەچن بزانن بۆچی پارێزگار پابەندی دەوامكردن لە پارێزگاكەیدا نییە.

تاكە بەیاننامەی حزبی

تا ئامادەكردنی ئەم راپۆرتە، جگە لە گروپی عەرەبی ئەنجومەنی پارێزگای كەركوك، هیچ لایەنێكی دیكە بەیاننامەی فەرمی نەبووە وەكو حزب و كوتلە، ئەوەی عەرەبیش، نیشاندانی پشتگیرییە بۆ محەمەد سەمعان، كە هەرزوو هەندێك دەنگی ناو تەقەدوم و نزیك لە حافز، بە سەرچاوەی نادیار و لەڕێی پەیجی نادیارەوە، بێبەری بونی خۆیان لە ناوەڕۆكی بەیاننامەكەدا راگەیاند.

گروپی عەرەبی پاڵپشتی لە پارێزگار و رێككەوتن لەگەڵ بەرەی توركمانی دەكات

ئەو بەیاننامەیە بەناوی گروپی عەرەبی، كە پەیجی هاوپەیمانی عەرەبی بە سەرۆكایەتی راكان جبوری بەرەبەیانی ئەمڕۆ شەممە 12ـی ئەیلول لە فەیسبوك بڵاویكردۆتەوە، تیایدا پاڵپشتی تەواو بۆ ئاغا رادەگەیەنێت و جەخت لە هاوبەشی و رێككەوتنی لەگەڵ پێكهاتەی توركمان، دەكاتەوە. هەروەها ئاماژە دەكات بەوەی هەوڵدەدەن بۆ سەقامگیری و بەرەنگاربونەوەی هەر دەنگێك دژی ئاشتەوایی، لەوەشدا تەنیا هەڵوێست و قسە لەو كەسانە وەردەگرن نوێنەرایەتی رەسمی توركمان دەكەن نەك كەسانی تر.

بەیاننامەكەی هیچ واژۆیەكی لەسەر نییە و لە پەیجەكانی نزیك لە تەقەدوم، سەرچاوەی جیاواز وابڵاویكردۆتەوە، نوسین و بڵاوكردنەوەی بە دەستپێشخەری ئەندامی كوتلەكەی راكان جبوری دەكات و پێی قایل نین. گروپی عەرەبی لە مانگەكانی رابردودا پێكهێنرا لە شەش ئەندامی عەرەبی ئەنجومەن، ئەوەش دوای نزیكەی دوو ساڵ لە دابەشبوون و تۆمەتباركردنی یەكتری.

بەڵام ئەوەی بە ئاشكرا لەسەر ئەو بەیاننامەیە قسەی كرد، محەمەد عەلی نعێمی، پەرلەمانتاری هاوپەیمانی عەزم بوو لە پشكی كەركوك، ئەمڕۆ شەممە لە فەیسبوك پشتگیری خۆی بۆ هەڵوێستەكەی گروپی عەرەبی نیشاندا و جەختیكردەوە، لە هەمانكاتدا، پێویستە پارێزگاری لە هاوبەشی و هاوسەنگی نێوان پێكهاتەكان بكرێت، تەركیز بخرێتە سەر ئەو دۆسیەیانەی پەیوەندییان بە هاوڵاتیانەوە هەیە، لە نێویاندا دۆسیەی دامەزرانی حەوت هەزار پلەی وەزیفی.

دەنگێك بۆ هێوركردنەوە

ناكۆكی بەشێكی ئەنجومەن و ئیدارەی كەركوك، كاریگەری لەسەر كاروبارەكانی دیكە داناوە، چەندین پرس و دۆسیەیەی نێوان هەردولا بە هەڵپەسێراوی ماونەتەوە و لە هەر هەنگاوێكدا، ناكۆكییەكی تر سەرهەڵدەدات، وەك ئەوەی لە چەندین هەفتەی رابردوودا، ئەنجومەن لە بانگهێشتی فەرماندەی پۆلیس روبەڕوی بۆوە.

فەرماندەی پۆلیس، كە لای عەرەبە، دووجار بانگكراوە بۆ ئەنجومەن، لەسەر داوای ئەحمەد رەمزی لە بەرەی توركمانی، كە سەرۆكی لیژنەی ئاسایش و بەرگرییە، بەڵام بە پاساوی جیاواز ئامادەنەبوو و بڕیارە بۆ جاری سێیەم بانگبكرێتەوە.

ئەرشەد ساڵحی، سەرۆكی كوتلەی توركمانی لە بەغدا، دەڵێت بانگهێشتی لێپرسراوان و پارێزگارەكان ئاساییە، بۆ تێگەیشتنە لە بەربەست و وەرگرتنی داواكارییەكانیانە، ئەو نمونەی داواكارییەكی هێنایەوە لەلایەن لیژنەیەكی پەرلەمانییەوە بۆ گفتوگۆ لەگەڵ پارێزگاری كەركوك و داوایكرد، هەموو پەرلەمانتاران بەشداری چالاكانەیان هەبێت، لە پێناو گەیاندنی داواكاری و پێداویستیەكانی خەڵك، دوور لە هەر لێكدانەوەیەكی دیكە.

andamanianjumans
وێنه‌ی هه‌ر 16 ئه‌ندامه‌كه‌ی ئه‌نجومه‌نی پارێزگای كه‌ركوك

كه‌ركوك ده‌ناڵێنێت به‌ده‌ست ده‌یان گرفت و قه‌یرانی ناوخۆییه‌وه‌، له‌ نێویاندا پرسی كه‌مبونه‌وه‌ی كاره‌با، قه‌یرانی به‌نزین و خۆپیشاندانه‌ به‌رده‌وامه‌كان بۆ دامه‌زراندنی 7300 پله‌ی وه‌زیفی، تاوتوێكردنی ئه‌م پرسانه‌ له‌ ئه‌ركه‌كانی ئه‌نجومه‌نی پارێزگایه‌ به‌پێی یاسا و په‌یڕه‌وی ناوخۆی كارپێكراو.

ئه‌وه‌ له‌كاتێكدایه‌ ژماره‌یه‌ك پۆست و به‌رپرسیارێتی له‌ كه‌ركوك چاوه‌ڕێی ئه‌نجومه‌نی پارێزگا ده‌كات بۆ ده‌نگدان له‌سه‌ری، له‌پاڵ ئه‌و قه‌یران و گرفتانه‌ی روبه‌ڕوی پارێزگاكه‌ بۆته‌وه‌ و پێویستی به‌ رێنمایی و بڕیار ده‌ركردن هه‌یه‌.

ئەحمەد كەركوكی، ئەندامی ئەنجومەن لە كوتلەی یەكێـتیی، ئەمڕۆ شەممە لە بەیاننامەیەكدا دەربارەی ئەو ناكۆكییانەی هەیە داوایكردووە، رێز لە دەسەڵاتەكان و رۆڵی ئەنجومەن و دیوانی پارێزگار بگیرێت، نیگەرانە لەوەی هەندێك پەیج و میدیا بوونەتە هۆی ئاڵۆزكردن و قوڵكردنەوەی ناكۆكی و كێشەكان، جەختیشیكردەوە، سەركەوتنی ئیدارەی پارێزگا لە خزمەتگوزارییەكاندا سەركەوتنە بۆ هەموو پارێزگاكە و پێویستە ناكۆكی ئیداری، لە چوارچێوەی یاسایی و دامەزراوەییدا بمێننەوە.

قوڵبونەوەی ناكۆكی لە نوێنەرانی تەقەدوم و بەرەی توركمانی یەكەمجار نییە، لە مانگەكانی رابردوشدا، قۆناغێكی دیكەی تۆمەتباركردنی یەكتری هەبوو، لەسەر مشتومڕی پێداچونەوە بە دابەشكردنی پۆست و میلاك لە فەرمانگە حكومییەكانی كەركوك. لە كاتێكدا هەردولا، دوو لایەنی سەرەكیین لە پێكهێنان و ئیدارەدانی پارێزگاكەدا لە پاڵ یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان وەكو لایەنی كوردی.

ئێستا پۆستە باڵاكانی كەركوك بەمشێوەیە: پارێزگار توركمان و دوو جێگرەكەی یەكێكیان كورد و ئەویتر عەرەبە، لە چوار قایمقامی پارێزگاكە، قەزای ناوەندی و داقوق لای كوردە، دوبز و حەویجە لای عەرەبە، هەروەها بەڕێوەبەری فەرمانگەكان زۆرینەی لای ئەو سێ پێكهاتەیە. بەڵام كریستیان كە پێكهاتەیەكی سەرەكی پارێزگای كەركوكن، كەمترین رۆڵیان هەیە لە ئیدارەدانی پارێزگاكەدا.

پێشتر و له‌ سه‌رده‌می رژێمی به‌عسدا، زوربه‌ی جومگه‌ سه‌ره‌كییه‌كانی ئیداره‌دان و حوكمڕانی له‌ كه‌ركوك به‌ده‌ست پێكهاته‌ی عه‌ره‌به‌وه‌ بوو، ‌بێ هیچ هه‌ڵبژاردنێك، له‌ دوای 2003ـیشه‌وه‌، كورد له‌ ترۆپكی ده‌سه‌ڵاتی جێبه‌جێكردندا (پارێزگار) بوو تا 2017 و پاشان پۆستی پارێزگار كەوتەوە دەستی عەرەب و راكان سەعید جبوری پڕی كردەوە، لە ساڵی 2024ـدا جارێكیتر كاندیدی كورد (رێبوار تەها ) ئەو پۆستەی وەرگرت و ئێستاش لای توركمانە.

ته‌واوی پارێزگای كه‌ركوك (دانیشتوانەكەی زیاتر لە دوو ملیۆن و 34 هەزار كەسە)، ناوچه‌یه‌كی جێناكۆكه‌ له‌ نێوان هه‌ردوو حكومه‌تی فیدراڵی عیراق و هه‌رێمی كوردستان، یه‌كلاییكردنه‌وه‌ی چاره‌نوسیشی له‌ چوارچێوه‌ی مادده‌ی 140ـی ده‌ستوردایه‌ له‌ڕێی سێ قۆناغی ئاساییكردنه‌وه‌، سه‌رژمێری و راپرسی.

  • FB
  • Instagram
  • Twitter
  • YT