توركمان بێدەنگی دەشكێنن
رزگاربوانی ئافرەتی دەستی داعش بگەڕێننەوە بۆ ناو كۆمەڵگە

كەركوك/17ی ئابی 2019/ كۆبونەوەی توركمانەكان لەگەڵ رزگاربوانی ئەو پێكهاتەیە لە دەستی داعش فۆتۆ: پەیجی ئەرشەد ساڵحی، سەرۆكی بەرەی توركمانی

كاروان ساڵحی – كەركوك

تورکمانەکان بێدەنگی دەشکێنن و داوادەکەن حکومەتی عیراق هاریکاری ١١٩ ژن و ٢٢ منداڵی رزگاربوی دەستی داعش بکات تا بگەڕێنەوە ناو کۆمەڵگە و ژیانی ئاسایی بەسەرببەن.

ئەو داواكارییە لە كۆبونەوەیەكی فراوانی ژمارەیەك لە رزگاربوانی توركمانی خەڵكی تەلعەفەر هات لەگەڵ سەرۆكی بەرەی توركمان و چەند كەسایەتیی و كاربەدەستێكی ئەو پێكهاتەیە، كە لە كەركوك بەڕێوەچوو؛ بەپێی ئامارێكی لیژنەی مافی مرۆڤی پەرلەمانی عیراق تا ئێستا 119 ژن و 22 منداڵی تورکمان رزگاركراون.

ئەوە یەكەمینجارە توركمان بەشێوەیەكی ئاشكرا و لەبەردەم كەناڵەكانی راگەیاندندا بەو شێویە دانبنێن بە رفاندنی ژن و كچەكانیان لەلایەن داعش و باسكردنی تاوانی دەستدرێژیی و بە كۆیلەكردنیان، وەك ئەرشەد ساڵحی، سەرۆكی بەرەی توركمانی وتی "بەهۆی ئەوەوە بووە كە کەلتورى عەشایرى رێگەی پێنەداون باسی بكەین".

كەلسوم محەمەد (40 ساڵ)، دانیشتوى قەزاى تەلەعفەر و دایکى چوار منداڵ، یەكێكە لە قوربانیانی دەستی داعش، كاتێك لە حوزەیرانی 2014 كەوتە دەست چەكدارانی ئەو رێكخراوە و لەو قەزایەوە لەگەڵ هەرسێ منداڵەكەی بەرەو رەققە – پایتەختی خەلافەتی داعش- لە سوریا رفێنرا.

كەلسوم وتی "یەكێك لە كچەكانم شوی كردبوو، بەڵام لەوكاتەدا گەڕابۆوە لای خۆم، لەگەڵ سێ منداڵەكەی ترم و خوشكێكم لەگەڵ سەدان ژن و منداڵی تری توركمان بەپێ بەرەو سنوری سوریا و لەوێوە بە پاس بەرەو رەققە بەڕێكراین"، لەوێوە چیرۆكی بازرگانیكردن بە ژنان و كچانی توركمان دەستپێدەكات.

"لە رەققە، بەشێك لە كچ و ژنەكان دەفرۆشران، بەشێكیشیان بەزۆر لە چەكدارانی داعش مارەدەكران، كچی وا هەبوو تەمەنی تەنیا 10 ساڵ و 12 ساڵ بوو، ئەوانی تر بۆ خزمەتی چەكداران بەسەر بارەگاكانی داعش دابەشدەكران"، كەلسوم كە خۆی لەیەكێك لە بارەگاكانی داعش وەك چێشتلێنەر كاری پێدەكرا وایوت.

كەلسوم لەو كۆبونەوەیەدا چیرۆكی خۆی و ژنانی تری توركمانی باسكرد، هاوشانی دەیان ژن و كچی تر كە لەهەمان كۆبونەوە بەشداربون، ئەوەش دوای پێنج ساڵ دێت لە شاردنەوە و بە نهێنی هێشتنەوەی چیرۆكی رفاندنی ژنان و كچانی ئەو پێكهاتەیە، بە پێچەوانەی ئێزیدییەكان كە هەر زوو ئەو پرسەیان وروژاند و بە جیهانیان راگەیاند.

نه‌ینه‌وا، 12ی ئازاری 2019، ساتی شادبونه‌وه‌ی چوار منداڵی رزگاربوی ده‌ستی داعش به‌ كه‌سوكاریان فۆتۆ: جه‌عفه‌ر ته‌له‌عفه‌ری

 

ئەرشەد ساڵحی، كە هاوكات سەرۆکى لیژنەی مافى مرۆڤە لە ئەنجومەنى نوێنەرانی عیراق، وتی "ژن و منداڵانی توركمانەكانیش دەستی تاوانی داعشیان پێگەیشت لە هەردوو قەزای تەلعەفەر و ناحیەی بەشیر و كارەساتی گەورەیان بەسەردا هات، کەلتورى عەشایرى خۆمان رێگەى پێنەداین باس لەو تاوانانە بکەین لەكاتی خۆیدا".

"ئەمڕۆ بۆ یەکەمینجار ئەو زانیارییانە بۆ هەموان ئاشكرادەكەین، داوادەكەین جارێكی تر ئەم خێزانانە بگەڕێنرێنەوە ناو كۆمەڵگە و بۆ ئەوەش پاڵپشتی یاسایی هەیە"، ئەرشەد ساڵحی وایوت.

بەپێی ئامارێك كە لە كۆبونەوەكەدا خرایەڕوو و لەلایەن ئیدارەی موسڵەوە كۆكراوەتەوە، 119 ژن و 22 منداڵی توركمانی خەڵكی تەلعەفەر تائێستا رزگاركراون، بەڵام چارەنوسی زیاتر لەو ژمارەیەش نادیارە.

لای خۆیەوە، سوکەینە محەمەد، لێپرسراوی بەشى ئافرەتان و منداڵ و لێپرسراوی بەشی رزگاربوانی دەستی داعش لە دیوانی پارێزگای نەینەوا، بە (كەركوك ناو)ی وت "بەشێك لە ژن و منداڵانی توركمان كوژراون، بەهۆی ئەوەی داعش لە چالاكییەكانی خۆتەقاندنەوە بەكاریدەهێنان".

بەشێك لە ژن و منداڵانی توركمان كوژراون، بەهۆی ئەوەی داعش لە چالاكییەكانی خۆتەقاندنەوە بەكاریدەهێنان

وتیشی "ئەوانەی رزگاركراون، زۆرینەیان لای داعش لەژێر فشاردا هاوسەرگیرییان پێکراوە یان بازرگانیان پێوەكراوە".

كەلسوم ئەو ژنە رزگاربوەی دەستی داعش، وتی "كچەكەم و خوشكەكەم لەمن جیاكرانەوە، دوای لاوازبونی داعش من بە 15 هەزار دۆلار و بە پارەی قەرز لەلایەن هاوسەرەكەمەوە رزگاركرام".

دوای ماوەیەك كچەكەی و خوشكەكەشی رزگاركران.

ئەوانەی لە دەستی داعش رزگاریان بووە لە ئێستادا بە پەرتەوازەیی دەژین و ناتوانن بگەڕێنەوە بۆ تەلعەفەر، ئەوەش بەهۆی روخانی خانوو و ماڵەكانیان.

بۆ نمونە کەلسوم لەگەڵ خێزان و منداڵەكانی لە بەغدا دەژین و بەشێكی زۆری خێزانەكانی تر هەر لە كەمپەكانن.

تەلەعفەر بە ‌دوری 70كم دەكەوێتە خۆرئاوای موسڵ، دانیشتوانەكەی لە عەرەب و توركمانی شیعە مەزهەب‌ پێكهاتون، له‌ ئابی 2017، له‌لایه‌ن هێزه‌ عیراقییه‌كانه‌وه‌ كۆنتڕۆڵكرایه‌وە.

ئەرشەد ساڵحی وتی "توركمان لە نەینەوا قوربانی زۆریانداوە، دوو هەزار و 500 پۆلیسمان شەهید بووە لە ریزی پۆلیسی فیدراڵی، كاتی ئەوەیە ئەوانەی چەكیان بۆ داعش ئامادەكرد و رێگە خۆشكەر بون، دەبێت دادگایی بكرێن".

داواشیكرد قەزای تەلعەفەر بەتایبەتی ناحیەی عەیازییە نۆژەنبكرێنەوە تا توركمانەكان بتوانن بگەڕێنەوە سەر زێدی خۆیان.

نورەدین قەپلان، جێگرى سەرۆکى ئەنجومەنى پارێزگاى نەینەوا، كە بەشداریی كۆبونەوەكەی كەركوكی كرد، وتی "حكومەتی عیراق هاوكاریی رزگاربوانی ئێزیدی و توركمانی نەكردووە، بەڵام ئێمە لە ئەنجومەنى پارێزگا و لە بودجەى خۆمان بڕە پارەیەکمان بۆ تەرخانكردن".

هەوڵەكان هەرچییەك بن نەیانتوانیووە كەلسوم محەمەد و سەدان خێزانی تر بۆ ژیانی پێشویان بگەڕێنرێنەوە و سەرەڕای ئازاری رفاندنیان لە زێدی خۆیان بێبەشن و لە ئاوارەییدا دەژین.

  • FB
  • Instagram
  • Twitter
  • YT