یاسا چی دەڵێت دەربارەی ململانێی پۆستی پارێزگاری كەركوك؟

محەمەد سەمعان، پارێزگاری كەركوك و رێبوار تەها، جێگری یەكەمی پارێزگار دیزاینی وێنە: كەركوك ناو

كەركوك ناو

دەقێكی یاسایی رون و یەكلاییكەرەوە دەربارەی چۆڵبونی پۆستی پارێزگار نییە، هەر ئەوەش بوە هۆی ناكۆكی لە هەڵوێستەكانی محەمەد سەمعان و رێبوار تەها، دەربارەی پڕكردنەوەی ئەو پۆستە و راییكردنی كارەكانی دیوانی پارێزگا.

پۆستی پارێزگاری کەرکوك ناكۆكی یاسایی لێكەوتۆتەوە، دوای ئەوەی پێنجشەممەی رابردوو محەمەد سەمعان، وەكو وەزیری دەوڵەت لە حکومەتەکەی عەلی زەیدی سوێندی یاسایی خوارد، دوای دوو رۆژ رێبوار تەها، جێگری یەکەمی پارێزگار ئاشكرایكرد ئەو پارێزگارە بەوەکالەت، بەوپێیەی بۆشایی ئیداری لە پارێزگاكەدا دروستبووە.

مشتومڕی پۆستی پارێزگار لە كاتێكدایە، تائێستا محەمەد سەمعان دەستیلەكارنەكێشاوەتەوە و لەروی یاساییەوە پێگەی ناوبراو لە نێوان هەردوو پۆستەكەدا یەكلایینەكراوەتەوە.

 

یاسا چی دەڵێت؟

بەپێی ماددەی 28 لە یاسای پارێزگا نەبەستراوەكان بە هەرێمەوە ژمارە 21ـی ساڵی 2008ـی هەمواركراو، ئەگەر پارێزگار بەهۆی بارودۆخێكی تەندروستییەوە نەیتوانی بۆ زیاتر لە سێ مانگ نەیتوانی ئەرکەکانی جێبەجێبکات، ئەوا خانەنشین دەکرێت و ئەنجومەنی پارێزگا پارێزگارێکی نوێ هەڵدەبژێرێت، لەو ماوەیەشدا جێگری یەکەم ئەرکەکانی پارێزگار وەردەگرێت تا دەستبەكاربونی پارێزگاری نوێ.

بەڵام ئەو دەقە یاساییە بەدیاریکراوی باس لە بارودۆخی تەندروستی دەكات و هیچ رێكارێكی یەكلاییكەرەوەی تێدا نییە بۆ حاڵەتەکانی دیكەی چۆڵبونی یەکجاری پۆستی پارێزگار، وەكو دەستلەکارکێشانەوە، وەرگرتنی پۆستی دیكە یان دورخستنەوە.

هەروەها لە ماددەی 7ـی یاساکەدا هاتووە؛ پارێزگار لە ماوەی 30 رۆژدا هەڵدەبژێردرێت، بەڵام ئەوەش هیچ رێكار و قۆناغێكی رونی تێدا نییە دەربارەی ئەو بارودۆخەی ئێستا لە كەركوك هەیە.

 

ئەنجومەنی پارێزگا چی دەكات؟

سەرچاوەیەك لە ئەنجومەنی پارێزگای كەركوك بە (كەركوك ناو)ـی وت، بەشێك لە ئەندامانی ئەنجومەن پێیانوایە پۆستی پارێزگار ئێستا چۆڵ بووە، دوای ئەوەی محەمەد سەمعان وەكو وەزیری دەوڵەت سوێندی خواردووە، لەسەر ئەو بنەمایەی پۆستی وەزیر باڵاترە لە پۆستی پارێزگار، كە لە پێگەی بریكاری وەزیردایە.

سەرچاوەكە ئاماژەی بەوەشدا كە ئیدارەی كەركوك پاڵپشت بە رێككەوتن و تەوافوقی سیاسی پێكهێنراوە و ئەوەش رێگرە لەوەی رێكاری پێویست بگیرێتەبەر، بۆیە ئەنجومەن تەنیا چاوەڕێی دەستلەكاركێشانەوەی رەسمی سەمعان دەكات لە پۆستی پارێزگار، تا بەپێی یاسا رێكارەكانی هەڵبژاردنی پارێزگاری نوێ جێبەجێبكات.

لە بەرانبەردا، بەوتەی سەرچاوەیەكی تایبەت لە دیوانی پارێزگای كەركوك بۆ (كەركوك ناو)، محەمەد سەمعان هێشتا لەڕوی یاساییەوە پارێزگارە و دەستلەكاركێشانەوەی پێشكەش نەكردووە، وتیشی كە عەلی زەیدی، سەرۆك وەزیرانی عیراق دەتوانێت بڕیاربدات وەزیر، لە هەمانكاتدا پۆستێكی تر بەڕێوەببات، واتە پارێزگار، تا ئەوكاتەی بەپێی تەوافوق و شایستەی رێككەوتن، كاندیدی پۆستی پارێزگار یەكلاییدەكرێتەوە.

بەڵام ئەو رێكارە لەلایەن زەیدی-ـیەوە، پێویستی بە پاڵپشتی یاسایی رون هەیە بیسەلمێنێت سەرۆك وەزیران دەسەڵاتی راسپاردنی وەزیرێكی فیدراڵی هەیە بۆ بەڕێوەبردنی پۆستی پارێزگار، كە هیچ دەقێكی یاسایی رون و یەكلاییكەرەوە لەوبارەیەوە نییە.

 

سێ كاندید بۆ پۆستەكە

سەرباری مشتومڕەكان، جموجۆڵی دانانی پارێزگار لە نێو حزبەكاندا، بە تایبەت بەرەی توركمانی باسێكی گەرمە و بەپێی سەرچاوەیەك بۆ (كەركوك ناو)، سێ كاندید ناویان دەهێنرێت تا یەكێكیان پۆستەكە وەربگرێت، ئەوانیش هەریەك لە ماردین کۆك قایا، ئەندامی مەکتەبی سیاسیی بەرەی تورکمانی و ئەحمەد رەمزی، ئەندامی ئەنجومەنی پارێزگای کەرکوك و قەحتان وەنداوی، لێپرسراوی لقی کەرکوكی بەرەی تورکمانی.

بەپێی زانیارییەكان، تا ئێستا هەڵبژاردنی کاندیدێکی فەرمی بۆ وەرگرتنی پۆستەکە یەکلایینەبۆتەوە.

 

وێنەیەك لە دیوانی پارێزگا

لە وەڵامی رێبوار تەها، دوای ئەوەی خۆی وەكو پارێزگاری بەوەكالەت ناساند، محەمەد سەمعان، بە چەند كاتژمێرێك دواتر، وێنەیەكی خۆی لەناو دیوانی پارێزگا و لەسەر كورسی پارێزگار بڵاوكردەوە.

وێنەكە لەكاتێكدابوو رێبوار ته‌ها، له‌ كۆنگره‌یه‌كی رۆژنامه‌وانیدا یه‌كشه‌ممه 18ـی تشرینی یەكەم‌، وتی "كه‌ركوك له‌ بۆشاییه‌كی ئیدارییدایه‌ و به‌پێی یاسا ئێستا من پارێزگاری كه‌ركوكم به‌وه‌كاله‌ت"، هه‌روه‌ها جه‌ختیكرده‌وه‌ له‌وه‌ی "ده‌بێت ئیشوكاری هاوڵاتیان راییبكرێت".

سەمعان، سەرۆكی بەرەی توركمانی، لە 17ـی نیسانی رابردودا، لە شوێنی رێبوار تەها پۆستی پارێزگاری وەرگرت، لە چوارچێوەی رێککەوتنێكدا كە تەقەدوم و یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان پێكهێنەری سەرەكی بوون. بەپێی هەمان رێککەوتن، بڕیارە لە کۆتایی ئەمساڵ یان سەرەتای ساڵی داهاتوودا پرۆسەی دەستاودەستكردنی پۆستی پارێزگار لە بەرژەوەندی كاندیدێكی عەرەب بكرێت.

 

  • FB
  • Instagram
  • Twitter
  • YT