هەمان کار، مافی جیاواز
کاتێک کەرتی تایبەت ماف نادات و حکومەتیش دادپەروەر نییە

فۆتۆ: welison franklin لە ماڵپەڕی Unsplash بڵاوبۆتەوە

كەركوك ناو

دوای شەش ساڵ لە شەونخونی، دەیان كاتژمێر دەوامی شەوانە و ئێشكگری دوردرێژ، شۆخ عەبدوڵا نەیتوانی بە موچەی كەم لە نەخۆشخانەیەكی ئەهلی بمێنێتەوە و وازی هێنا.

گرفتەكانی شۆخ و هاوپیشەكانی لە كەرتی تایبەت و ئەهلی، تەنیا موچە نییە، لە زۆر مافی دیكە بێبەشن بەراورد بە فەرمانبەرێكی دیكەی هەمان پیشە لە كەرتی حكومیدا، لە نێویاندا نەبوونی دەستەبەری كۆمەڵایەتی.

بەپێی بەدواداچونی (كەركوك ناو)، نایەكسانی ئابووری و جیاوازی گەورە لە ئەرك و ماف و ئیمتیازەكاندا هەیە، لە نێوان نەخۆشخانە و ناوەندە تەندروستییەكانی سەر بە حكومەت و ئەهلیدا، هەروەها پەروەردە و  چەندین كەرتی دیكە.

شۆخ عەبدوڵا قوربانییەكی ئەو نایەكسانییەیە، شەش ساڵ لە نەخۆشخانەیەكی ئەهلی سلێمانی كاریكردووە، مانگانە زیاتر لە 16 دەوامی ئێشكگری هەبووە، كە هەر یەكێكیان 12 كاتژمێر بووە لە شەو و رۆژێكدا، هەموو ئەوانەش تەنیا بە موچەكی كەمتر لە 600 هەزار دینار.

لەو ماوەیەی خزمەتی كردووە، هیچ بڕە پارەیەكی زیادە نەچۆتە سەر موچەكەی شۆخ، كاری زۆر و مافی كەم، وایكرد وازبهێنێت، "مۆڵەتی دایكایەتییمان نەبوو، كاتێك وازمهێنا، تەنانەت دەستەبەری كۆمەڵایەتیم بۆ نەكرابوو".

لەکاتێکدا کارمەندانی کەرتی تایبەت کاتژمێری زۆر و بە مووچەیەکی کەم کار دەکەن، لە سەرەتاییترین مافەکانی وەک دەستەبەری کۆمەڵایەتی و مۆڵەتیش بێبەشن، بەڵام فەرمانبەرانی حکومی سەرباری کێشەی دواکەوتنی مووچە، لە ئیمتیازاتی وەک دەستەبەر و مۆڵەتی درێژخایەن و پلەبەرزکردنەوە سوودمەند دەبن.

ئاشتی ئەحمەد, زیاتر لە 15 ساڵە لە نەخۆشخانەیەکی حکومی دامەزراوە، بەپێچەوانەی شۆخ-ـەوە، هەفتەی تەنیا سێ ڕۆژ دەوام دەکات، هەر رۆژێكیش لە بەیانییەوە تا كاتژمێر 12:30 خولەكی دوانیوەڕۆ،  ئەو بە (كەركوك ناو)ـی وت "ساڵانە مانگێک مۆڵەت وەردەگرم و مۆڵەتی دایکایەتیشم هەیە و هیچ کێشەیەکم نییە".

كاتێك وازمهێنا، تەنانەت دەستەبەری كۆمەڵایەتیم بۆ نەكرابوو

فەرمانبەرانی حكومەتیش چەندین گرفتی دیكەیان روبەڕوبۆتەوە، ساڵانێكە بە پاساوی قەیرانی داراییەوە موچەكانیان دوادەكەوێت، ژمارەیەك موچەیان پێنەدراوە، ئاشتی لەو فەرمانبەرانەیە بەهۆی بڕیارەکانی حکومەتەوە، پلەبەرزکردنەوە و زیادبوونی مووچەکەی وەستاوە.

نایەكسانی ئابوری تەنیا لە نێوان حكومەت و كەرتی تایبەتدا نەماوەتەوە، بەڵكو سنوری دامەزراوە حكومییەكانیشی بڕیووە، لە كەرتی پەروەردەدا، جیاوازی زەق لە نێوان مامۆستایانی هەمیشەیی و گرێبەستدا هەیە.

مامۆستای هەمیشەیی دەرماڵەی خێزان و منداڵی هەیە و پلەی بەرز دەکرێتەوە، بەڵام فەرمانبەرانی گرێبەست لەو مافانە بێبەشن. لە هەمیشەییدا دەتوانن پۆستە کارگێڕیییەکانی وەك بەڕێوەبەر و یاریدەدەر وەربگرن، بەڵام بۆ مامۆستای گرێبەست نییە.

موچەی مامۆستای گرێبەست بەبڕوانامەی دیبلۆم 400 هەزار و بەکالۆریۆس 500 هەزار دینارە، لەكااتێكدا ئەگەر بكرێتە هەمیشەیی هەمان مووچە لە نێوان 650 بۆ 700 هەزار دیناردایە.

لە مۆڵەتی دایكایەتی جیاوازی هەیە، بۆ فەرمانبەری هەمیشەیی ساڵێك و 72 رۆژە بە مووچەی تەواوەوە، بەڵام بۆ گرێبەست دوو مانگ و 21 رۆژە پێش لەدایکبوون و هەروەها 51 رۆژ دوای لەدایکبوون بەمووچەوە،  دوو مانگیش بە نیوموچە مۆڵەت وەردەگرێت.

مامۆستا و فەرمانبەری هەمیشەیی مۆڵەتی نەخۆشی یەك مانگی پێدەدرێت بە موچەی تەواو و 45 رۆژ بە نیو موچە، لە بارێكدا ئەگەر راپۆرتی لیژنەی پزیشكی وەربگرێت دەتوانێت تا دووساڵ مۆڵەت بەدەستبهێنێت بە موچەی تەواوەوە، بەڵام مامۆستای گرێبەست مۆڵەتی ئاسایی هەشت رۆژە لە ساڵێكدا بە موچەوە و بە راپۆرتی لیژنەی پزیشكیش تەنیا 15 رۆژ مۆڵەتی پێدەدرێت.

"هەر رۆژێک نەتوانم بچمە سەر کار، پارەم لێدەبڕن یان دەبێت کەسێک لە شوێنی خۆم دابنێم" سندوس رەفیق، کارمەندی کەرتی تەندروستیی تایبەت بۆ (كەركوك ناو)، وای وت. دەوامەكەی 16 كاتژمێرە بەبێ دەستەبەری کۆمەڵایەتی و مۆڵەتی دایکایەتی.

کارمەندانی کەرتی تایبەت ناتوانن سەد لەسەد ئۆقرەیی دەروونییان هەبێت

ئەو جیاوازییە لە ئەرك و مافەكانی كاركردندا وایكردووە، زۆرێك لە گەنجان و دەرچوانی زانكۆ و پەیمانگاكان، بەدوای هەلی دامەزرانی حكومیدا بگەڕێن، لە كاتێكدا دواین پڕۆسەی دامەزراندن لە ساڵی 2013دا بوو، ئەوەش بەپێی یاسای بودجەی ئەو ساڵە، لەوكاتەوە بە فەرمی دامەزراندن نەماوە.

د. کاروان حەمە ساڵح، شارەزای ئابووری بە (کەرکوك ناو)ـی وت "هۆکاری سەرەکیی ئەم جیاوازییە دەگەڕێتەوە بۆ ئەوەی کە کەرتی تایبەت لە هەرێمی کوردستان بە هیچ جۆرێک دەستەبەر نەکراوە. کارمەندانی کەرتی تایبەت ناتوانن سەد لەسەد ئۆقرەیی دەروونییان هەبێت و دڵنیا ببنەوە لە داهاتووی خۆیان، لەگەڵ ئەوەشدا جەنجاڵی و سترێسێکی زۆریان لەسەرە و مۆڵەت و ئیمتیازاتیان کەمترە".

دەربارەی کەرتی حکومیش، ناوبراو پێیوایە بەهۆی کێشەی بێ مووچەیی و کەمبوونەوەی کاتژمێرەکانی دەوام، فەرمانبەرانی حکومەت لە کاتی بێکاریدا پەنایان بۆ کارکردن لە کەرتی تایبەت بردووە.

دەیان هەزار دەرچووی زانكۆ و پەیمانگەكان دانەمەزراون، بەردەوام و بەدرێژایی ساڵانی رابردوو، زنجیرەیەك خۆپیشاندانیان لە شار و شارۆچكە جیاوازەكان رێكخستووە، بۆ دامەزراندن و دۆزینەوەی هەلیكار.

شارەزاكەی ئابوری دەڵێت چارەسەرەکان ئەوەندە قورس نین، بەڵام کێشەکە ئەوەیە "ئێمە دامەزراوەی بڕیاردەرمان نییە تا بیر لە گەشەپێدانی کەرتی تایبەت و هاندانی گەنجان بکاتەوە بۆ ئەوەی ببنە خاوەنکاری خۆیان. گەنجان بەردەوام دەبینن کۆمپانیا و کارگەکان دادەخرێن، ئەمەش ساردیان دەکاتەوە و دڵنیا نین لە مانەوەیان لە سەر کارەکانیان".

نایەكسانی ئابووری بەشێك لە دەزگا میدییەكانیشی گرتۆتەوە، كە هەندێك لە رۆژنامەنووسان بەوهۆیەوە ناچارن شوێنی كاركردنیان بگۆڕن؛ بەجۆرێک ئەگەر رۆژنامەنوسێك بە موچەی مانگانەی 700 هەزار دینار كاربكات، لە بەرانبەردا رۆژنامەنووسێکی تر لە دەزگایەکی دیکە بۆ هەمان کار موچەكەی دوو بۆ سێ هێندە دەبێت.

كاروان حەمە ساڵح رونیكردەوە، كاتێک سیستمێك نییە پشتگیری کەرتی تایبەت بکات و مووچەش لە شوێنێکەوە بۆ شوێنێکی تر رێکخراو نییە، هەروەها سیستمێکی دارایی دادپەروەرانە نییە کە مووچەی کەرتی حکومی لە کاتی خۆیدا بدات، ئەوا هەردوو کەرتەکە تووشی ئیفلیجی دەبن، هۆکاری سەرەکیی ئەوەش وەكو ئەو دەڵێت، "دەگەڕێتەوە بۆ گەندەڵی، نادادپەروەری و بێباکی... بەجۆرێک بەڕێوەبردن لەسەر مەزاجی کەسیی، حزبی و بەرژەوەندی دەسوڕێتەوە".

  • FB
  • Instagram
  • Twitter
  • YT