خانەی ڕاپەڕاندنی گۆڕان، خانەیەکی "پیاوانە''

ئەندامانی خانەی راپەڕاندن دوای ئەوەی رۆژی 14ی ئەیلولی 2019 لەلایەن ئەندامانی جڤاتی نیشتیمانیی بزوتنەوەکەوە هەڵبژێردران فۆتۆ: ماڵپەڕی سبەی

ساڤان عەبدولڕەحمان

بزوتنەوەی گۆڕان، چەند رۆژێک لەمەوبەر، ئەندامانی نوێی خانەی ڕاپەڕاندنی بزوتنەوەکەی هەڵبژارد. کە دوو ساڵ جارێک رێکدەخرێت؛ سەرەڕای ئەوەی پرۆسەکە "دیموکراسییانە" بوو، بەڵام دەرەنجامەکەی "خانەیەکی پیاوانەیە".

رۆژی 14ی ئەیلولی 2019 رێکخەری گشتی و ئەندامانی خانەی ڕاپەڕاندنی بزووتنەوەی گۆڕان لەلایەن ئەندامانی جڤاتی نیشتیمانیی بزوتنەوەکەوە هەڵبژێردران، ئەوەی دواتر یار و نەیاری گۆڕانی کرد بە دوو بەشەوە، دەرنەچوونی هیچ ژنێک بوو بۆ هیچ کام لەو پێگانەی هەڵبژاردنیان بۆ کرا.

مێژووی راگەیاندنی بزوتنەوەی گۆڕان وەک رێکخراوێکی سیاسی دەگەڕێتەوە بۆ 31/5/2010 کاتێ لە وەزارەتی ناوخۆی حکومەتی هەرێمی کوردستان مۆڵەتی فەرمی وەرگرت.

"خانەیەکی پیاوانە،" ئەمە یەکەم کاردانەوەی ئەندامێکی پێشووی پەرلەمانە لەسەر لیستی گۆڕان.

پەروا عەلی هەر زوو لە پەڕەی تایبەتی خۆی لە فەیسبوک، گومان و ناڕەزایەتی خۆی بەرامبەر بە خانەی نوێی ڕاپەڕاندن دەربڕی و دەڵێت، ''خولی پێشووی خانەی ڕاپەڕاندنی بزوتنەوەی گۆڕان، پاش کۆچکردنی رەوانشاد نەوشیروان مستەفا بوو، دەگوترا دۆخەکە هەستیارە و پێویستدەکات بۆ بەڕێوەبردنی بزوتنەوەکە و بەردەوامی دان بە ڕێبازی کاک نەوشیروان هەڵبژاردن بکرێت، ئەمە پاساوی نەبونی گەنج و ژنان بوو".

پەروا چەند پرسیارێک دەوروژێنێت''ئایا تا ئێستا پیاوانی نێو ئەم حیزبە هیچ باوەڕێکیان بە توانا و دڵسۆزی ژنان نییە لەنێو ناوەندی بڕیاری بزووتنەوەی گۆڕاندا؟ خانەیەک بەرپرسیارێتی ئەرکەکانی تەنها بۆ پیاوان بە ڕەوا ببینێت و ژنێک بە گرنگ نەبینن هاوشانیان بێت، چاوەڕوانی ئایندەیەکی گەش بۆ ژنان لەنێویدا چۆن دەبێت؟''.

خانەیەک بەرپرسیارێتی ئەرکەکانی تەنها بۆ پیاوان بە ڕەوا ببینێت و ژنێک بە گرنگ نەبینن هاوشانیان بێت، چاوەڕوانی ئایندەیەکی گەش بۆ ژنان لەنێویدا چۆن دەبێت؟

تەنیا ژنێک لە نێو  کاندیدانی خولی نوێی ڕاپەڕاندنی گۆڕاندا مونیرە عوسمان پەرلەمانتاری پێشووی گۆڕان کاندید بوو بۆ پۆستی سکرتێری کاروباری خەڵک بەڵام دەنگی پێویستی بەدەست نەهێنا.

خانەی ڕاپەڕاندن بەرزترین دەسەڵاتی جێبەجێکردنە لەناو بزوتنەوەی گۆڕاندا لەنێوان دوو کۆبونەوەی ئەنجومەنی گشتییدا، کە پێکدێ لە (ڕێکخەری گشتی، سکرتێری جڤاتی نیشتمانی، سکرتێری کاروباری فراکسیۆنەکان، سکرتێری کاروباری ژورەکان، سکرتێری کاروباری باژێڕەکان، سکرتێری کاروباری خەڵک و سەرۆکی جڤاتی گشتی).

لە کاتێکدا لە پرۆگرامی سیاسی بزووتنەوەکەدا هاتووە کە لە پێناو ته‌‌رخانکردنی رێژەی شارستانیی شیاو بۆ ئافرەتان لە هەموو دامودەزگاکانی دەوڵەت ‌و فەرمانگە‌ و ئەنجومەنەکانی نوێنەرایەتیکردن‌ و کارگێڕیدا بیرۆکەی جیاکاریی پۆزەتیڤ پەیڕەو دەکرێت ''پێڕەوکردنی بیرۆکەی «جیاکاریی پۆزەتیڤ» وەک لە هەندێک وڵاتی پێشکەوتودا کاری پێدەکرێت، بەو مانایەی ئەگەر پیاوێک ‌و ئافرەتێک، بەهەمان توانا‌ و لێهاتوییەوە، بۆ پۆستێک پاڵێوران ئافرەتەکە پێشدەخرێت.'' لێرەدا پرسیاری ئەوەی ئایا بۆچی لە هەڵبژاردنی خانەی ڕاپەڕاندندا بیرۆکەی جیاکاریی پۆزەتیڤ جێبەجێ نەکراوە، دەبێتە پرسیارێکی سەرەکی.

پەروا خانەی ڕاپەڕاندنی بزووتنەوەکە بە خانەیەکی پیاوانە ناودەبات و پەیوەند بە نەبوونی ژن لە پۆستەکاندا کۆمەڵیک پرسیار دەوروژێنێت ''ئاخۆ ئێمەی ژنان ترساین لە بەرامبەر پیاوانی حیزبەکەمان؟ بەتایبەت ئەو هاوڕێیانەی بەنیازی خۆ کاندیدکردن بوون یان خۆیان کاندید کرد؟ یان ترس لە شکست بوو؟ یان لەبەر خاتری کاندیدە پیاوەکان بوو؟''

هاوکات، عەدنان عوسمان هەڵبژێردراو بۆ سکرتێری جڤاتی نیشتمانی گۆڕان دەربارەی نائامادەیی ژنان لە خانەکەیاندا بۆ نەبوونی ڕێژەیەکی بەرچاوی ژنان لە کایەی سیاسیدا دەگەڕێنێتەوە و بە (چاوی خەڵک)ی وت، ''کێشە گەورەکە ئەوەیە کایەی سیاسی هەر لە شاخەوە تا دەگاتە خەباتەکانی دواتر، کایەیەکی پیاوانە بووە، کەمتر ڕۆڵی ئافرەتی تێدا بووە، ئەمە کاریگەری بەسەر بزووتنەوەکەوە هەیە.''

''هیچ ڕێگرییەک نەبووە لەوەی تەنانەت دە یان پەنجا ژنیش خۆی کاندید بکات بۆ پۆستەکان"، سکرتێرە نوێکەی جڤاتی نیشتمانی گۆڕان وای وت.

هیچ ڕێگرییەک نەبووە لەوەی تەنانەت دە یان پەنجا ژنیش خۆی کاندید بکات بۆ پۆستەکان

''کایەی سیاسی هەر لە شاخەوە تا دەگاتە خەباتەکانی دواتر، کایەیەکی پیاوانە بووە، کەمتر ڕۆڵی ئافرەتی تێدا بووە، ئەمە کاریگەری بەسەر بزووتنەوەی گۆڕانیشەوە هەیە.''

بەڵام ئەوە کۆتایی چیرۆکەکە نییە؛ نیاز عەبدوڵا، چالاکوانی مەدەنی پێچەوانەی عەدنان عوسمان پێیوایە ژنان خواستی بەشداریکردنی سیاسییان هەیە و هەنگاویشیان ناوە، بەڵام "نەریتی نێرسالارانەی سیاسەت لە کوردستان" ئاستەنگی بۆ دروستکردون.

''ئەوەی هیچ ژنێک نابینین لە خانەی ڕاپەڕاندندا چەند ئاماژەیەکن، یەکیان ئەوەیە پارتێکی وەک گۆڕان نەیتوانیوە کار لەسەر گەشەپێدانی مرۆیی سیاسی و سڕینەوەی بنەمای جیاوازی ڕەگەزی بکات، واتە لەسەر بنەمای جیاوازی رەگەزی درێژەی بە بزووتنەوەکەی داوە تا بۆتە خانەیەکی ڕاپەڕاندنی تەواو پیاوانە،" ئەمە رای، نیاز عەبدوڵا، ژنە چالاکوانەکەی دانیشتووی هەولێرە.

لە بڕگەی دادی کۆمەڵایەتی و یاسایی لە نێوان هەردوو رەگەزدا، لە پرۆگرامی سیاسیی بزوتنەوەی گۆڕاندا هاتووە، "ته‌‌رخانکردنی رێژەی شارستانیی شیاو بۆ ئافرەتان لە هەمو دامودەزگاکانی دەوڵەت ‌و فەرمانگە‌ و ئەنجومەنەکانی نوێنەرایەتیکردن‌ و کارگێڕیدا. پێڕەوکردنی بیرۆکەی «جیاکاریی پۆزەتیڤ» وەک لە هەندێک وڵاتی پێشکەوتودا کاری پێدەکرێت، بەو مانایەی ئەگەر پیاوێک ‌و ئافرەتێک، بەهەمان توانا‌ و لێهاتوییەوە، بۆ پۆستێک پاڵێوران ئافرەتەکە پێشدەخرێت."

سەبارەت بەوەی "جیاکاریی پۆزەتیڤ" وەک پێوەر لە هەڵبژاردنەکەدا بەکارنەهاتووە، سۆز عەبدولقادر، چالاکوانی مافەکانی ژنان دەڵێت، ''بۆ پۆستە حکومییەکان ئەگەر ژنێک و پیاوێک یەک کەفائەتیان هەبێت بەپێی بەرنامەی گۆڕان ژنەکە دەنێردرێت. بەڵام ئەمە بۆ خانەی ڕاپەراندن نەکراوە، ئێمە دەتوانین ئەم مەوزوعە چارەسەربکەین بەڵام دەبێت لە کۆنگرەی نیشتیمانیدا چارەسەری بکەین.''

بۆ پۆستە حکومییەکان ئەگەر ژنێک و پیاوێک یەک کەفائەتیان هەبێت بەپێی بەرنامەی گۆڕان ژنەکە دەنێردرێت. بەڵام ئەمە بۆ خانەی ڕاپەراندن نەکراوە،

سۆز دەڵێت، ''لە گۆڕاندا، ژنان لە هەموو ئۆرگانەکاندا بێ جیاوازی کاری خۆیان دەکەن، هەردولا هەمان ئەرکیان هەیە، بۆیە مونیرە خان کە دەنگی نەهێناوە لەبەر ئەوە نەبووە کە ژنە''

وادیارە یەکێک لە گرفتەکان شێوازی نوسینی بڕگەی ''دادی کۆمەڵایەتی و یاسایی لە نێوان هەردوو رەگەزدا"ی پرۆگرامی بزوتنەوەکەدایە کە بەڕوونی ناوی دەزگا حزبییەکانی نەهێناوە بەتایبەت خانەی ڕاپەڕاندن.

لەوەش زیاتر وەک چیمەن ئیسماعیل، نوێنەری ژنانی سلێمانی لە جڤاتی نیشتیمانی گۆڕان، بە (چاوی خەڵک)ی ووت، "پێدەچێت قورسی هەڵبژاردنەکان، یان ژنەکە پێی وابێت دەنگی پێویست ناهێنێت، بێگومان پیاوسالاریش یەکێکی ترە لە هۆکارەکان". 

سۆز سەبارەت بە  دەستورەکە دەڵێت، "ئەگەر بهاتایە و ئەو جیاکارییە پۆزەتیڤە وەک چۆن بۆ پۆستە حکومییەکان هەیە، بۆ خانەی ڕاپەڕاندنیش هەبووایە بەدڵنیاییەوە ژنان زیاتر خۆیان تەرشیح دەکرد".

وا دیارە پێویست دەکات هەمان بیرۆکەی جیاکاری پۆزەتیڤ بۆ پۆستەکانی حیزبەکە و بەتایبەتی بۆ خانەی ڕاپەڕاندن بکرێت، تا باڵانسێکی جێندەری لە پۆستەکاندا بەرقەرار بکرێت؛هاوکات، لە کار و پلانی پارتە سیاسییەکاندا کار لەسەر ڕاهێنان و ئامادەکردنی ژنان بۆ سەرکردایەتیکردن بکرێت.

  • FB
  • Instagram
  • Twitter
  • YT