كاكەییەكان 14 هەزار دۆنم زەوی كشتوكاڵییان لە داقوق وەرگرتەوە

كه‌ركوك، ئازاری 2019، گوندێكی كاكه‌یی نشین له‌ سنوری قه‌زای داقوق فۆتۆ: كه‌ركوك ناو

محەمەد ئەڵماس – داقوق

كاكەییەكانی سنوری قەزای داقوق توانیان لەڕێی یاساوە 14 هەزار دۆنم زەوی كشتوكاڵی بەدەستبهێننەوە، كە زیاتر لە دوو ساڵە بەردەوام كێشەی نێوان جوتیارانی كاكەیی و عەرەب بون و بەهۆیەوە رێگرییان لێدەكرا بەكاریبهێنن.

بەدەستهێنانەوەی ئەو زەوییانە لە كۆبونەوەیەكی فراوانی فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنەكانی كەركوك و نەتەوەكانی داقوق ئاشكرا كرا. كۆبونەوەكە لە 14ی تشرینی دووەم بەڕێوەچوو و تایبەت بوو بە ناكۆكی نێوان نەتەوەكان لەسەر خاوەندارێتی زەوییە كشتوكاڵییەكان. مێژوی ناكۆكییەكان بۆ چوار دەیەی رابردوو دەگەڕێتەوە و هەوڵەكانیش بۆ یەكلاییكردنەوەی ئەو كێشانە سەركەوتوو نەبووە.

فاروق ئاغا كاكەیی، بەشداربوی كۆبونەوەكەی فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنەكانی كەركوك، بە (كەركوك ناو)ی وت "ئێمە لەڕێی یاساوە و بە فەرمانی دادوەر توانیمان 14 هەزار دۆنم زەویی كشتوكاڵی بەدەستهێنینەوە، لە سنوری گوندەكانی سێكانیان، عوزەیرە، عەتشانە و بانشاخ، دوای ئەوەی دادوەر گرێبەستی جوتیارە عەرەبەكانی رەتكردەوە كە دەیانویست زەوییەكان بۆ دانەوێڵە بكێڵن".

بە فەرمانی دادوەر توانیمان 14 هەزار دۆنم زەویی كشتوكاڵی بەدەستهێنینەوە

ئەو وتیشی "لەدوای روداوەكانی 16ی ئۆكتۆبەری 2017وە كاتێك پێشمەرگە لەناوچەكە نەمان، جوتیارە عەرەبەكان هاتنە سەر زەوییەكان و نەیاندەهێشت بیانكێڵین، بەڵام ئێستا بەبڕیاری دادوەر زەوییەكانمان بۆ گەڕاوەتەوە".

بەڵام هێشتا سەدان هەزار دۆنم زەوی لە ناوچەكانی خۆراوا و باشوری كەركوك كێشەیان هەیە و یەكلایینەكراونەتەوە، بەهۆیەوە سەعد حەربییە، فەرماندەی ئۆپەراسیۆنەكانی كەركوك بڕیاریدا لیژنەیەكی یاسایی بۆ ئەو مەبەستە پێكبهێنێت.

عزەدین شێخ غازى تاڵەبانى، کەسایەتى ناوچەی تاڵەبانیی لە سنورى داقوق و بەشداربوی كۆبونەوەكەیان لەگەڵ سەعد حەربییە، بە (كەركوك ناو)ی وت "هێزێكی فرقەی 11ی سوپای عیراق، لەسەر سكاڵای جوتیارانی عەرەب و لە ماوەكانی رابردودا هاتنە سەر زەوییە كشتوكاڵییەكانمان و رێگرییان كرد زەوییەكان بكێڵێن، بۆیە لەسەر داوای ئێمە سەعد حەربییە هاتەسەر خەت و كۆبونەوەیەكی فراوانی رێكخست".

aagr daquq
داقوق/حوزەیرانی 2019/ سوتانی دەغڵ و دانەوێڵەی جوتیارانی داقوق فۆتۆ: كەركوك ناو

لە كۆبونەوەكەدا نوێنەرانی كورد، عەرەب و كاكەیی بەشداربون و هەریەكەو بۆچونی خۆی لەسەر زەوییە كشتوكاڵییەكان نیشاندا.

عزەدین شێخ غازی تاڵەبانی وتی "سەعد حەربیه بڕیاریدا هەفتەى داهاتوو لیژنەیەکى یاسایی بێلایەن لەبەشى یاسایی ئۆپەراسیۆنى کەرکوک پێكبهێنێت بۆ لێكۆڵینەوە لە گرێبەستە كشتوكاڵییەكانی جوتیاران".

سەعد حەربیه بڕیاریدا هەفتەى داهاتوو لیژنەیەکى یاسایی بێلایەن پێكبهێنێت بۆ لێكۆڵینەوە لە گرێبەستە كشتوكاڵییەكان

زیاتر وتی "سەعد حەربییە وتی ئەو جوتیارانەی تاپۆیان هەیە زەوییەكان بكێڵن، ئەوانەشی گرێبەستان هەیە بەهەمان شێوە، بەڵام ئەو زەوییانەی دوو گرێبەستیان هەیە دەبێت چاوەڕێی بڕیاری لیژنە بكەن".

نەجات شێخ موکەرەم، كەسایەتی ناوچەكە نیگەرانی خۆی نیشاندا لەوەی، هەریەكە لە پەرلەمان، سەرۆكایەتی كۆمار و ئەنجومەنی وەزیران نەیانتوانیوە كێشەی زەوییە كشتوكاڵییەكان چارەسەر بكەن.

ئەو وتی "بە سەعد حەربییەمان وت ئێمە ملکەچى یاسا و دەستورین و دەمانەوێت كێشەکان بە شێوەیەکى یاسایی چارەسەر بكەین،  داواشمان كرد لە لیژنەكەدا پیاوێکى ئایینى سەر بە حەوزە ئەندام بێت".

لەگەڵئەوەشدا، فاروق فائق ئاغا کاکەیی، وتی "وەك كاكەییەكان هەموو بەڵگەنامە و گرێبەست و تاپۆكانمان رادەستی سەعد حەربییە كرد و چاوەڕێین لیژنەكەیان بەدواداچونی بۆ بكات".

  • FB
  • Instagram
  • Twitter
  • YT