هەڵوێستی بەرەی عەرەبی یەكگرتوو لەبارەی بڕیاری دەستگیركردنی سەرۆكەكەیان

كەركوك/16ی ئەیلولی 2019/ بەرەی عەرەبی لە كەركوك لەكاتی راگەیاندنی هاوپەیمانێتییەك بۆ هەڵبژاردنی نیسانی داهاتوو فۆتۆ: كاروان ساڵحی

كەركوك ناو

دادگای لێكۆڵینەوەی ناحیەی تازە، بڕیاری دەستگیركردن بۆ وەسفی عاسی، سەرۆكی بەرەی عەرەبی یەكگرتوو لە كەركوك دەردەكات، ئەوەش بەتۆمەتی ناوزڕاندن، بەڵام ئەو بەرەیە پێیانوایە بڕیارەكە سیاسییە.

دادگا لە 18ی تشرینی دووەمی 2019 بڕیارەكەی دەركردووە، بەپێی ماددەی 434 لە یاسای سزادانی عیراقی.

محەمەد رەیاشى، وتەبێژى بەرەى عەرەبى یەكگرتوو، بە (كەركوك ناو)ی وت "ئەوە تەنیا ئامانجێکى سیاسییە لەدژی ناوبراو، بەهۆى ئەوەی بەردەوام پاڵپشتى لە خۆپیشاندەران دەکرد و بەشداریکردووە لە خۆپیشاندانەکانى شارى بەغدا و پارێزگاكانی باشوری عیراق".

وتیشی "ئەو ماددەیەی بڕیاری دەستگیركردنی ناوبراوی پێ دەركراوە، تایبەتە بەناوزڕاندن، ئەوەش هیچ بنەمایەكی نییە... لەئێستادا وەکو بەرەى عەرەبى لە هەوڵداین بۆ ئەوەى بزانین ئەو کەسە کێیە سكاڵای تۆماركردووە و بەڵگەی چییە و لەكوێ ناوی زڕێنراوە".

ئەو ماددەیەی بڕیاری دەستگیركردنی ناوبراوی پێ دەركراوە، تایبەتە بەناوزڕاندن، ئەوەش هیچ بنەمایەكی نییە

لەگەڵ جەختكردنەوە لەوەی، لە هەنگاوی دووەمدا، روو دەکەنە دادگا بۆ ئەوەى زانیارى تەواویان دەستبکەوێت لەوبارەیەوە.

به‌ره‌ی عه‌ره‌بی یەكگرتوو، له‌ سه‌ره‌تای ئه‌مساڵدا ژماره‌یه‌ك له‌ سه‌ركرده‌ و كه‌سایه‌تی سیاسی پێكیانهێنا، چەندجارێك رەخنەیان روبەڕوی ئەنجومەنی سیاسی عەرەبی كردۆتەوە كە ئەوانیش لە كۆمەڵێك حزب و سەرۆك هۆز و پەرلەمانتار و ئەندامی ئەنجومەن پێكدێن و راكان سەعید، پارێزگاری كەركوك یەكێكە لە كەسایەتییە بەهێزەكانی.

یەكێك لە ئامانجەكانی پێكهێنانی بەرەی عەرەبی بەشداریكردنە لە هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاكان كە بڕیارە لە نیسانی 2020 بەڕێوەبچێت و وەسفی عاسی، سەرۆكایەتی دەكات.

محەمەد رەیاشى، وتەبێژى بەرەى عەرەبى، وتی "بۆ هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاكان ئامادەین و دەرگامان واڵایە بۆ هەر کەس و لایەن و نەتەوەیەک، بە مەرجێک خۆى نەسەپێنێت لەسەر حیسابى کەسانى دیکە".

بۆ هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاكان ئامادەین و دەرگامان واڵایە بۆ هەر کەس و لایەن و نەتەوەیەک

زیاتر وتی "كەسانێك ئەم هەڵوێستە مەردانەیان پێناخۆشە و ناحەزی سیاسیین، بەهۆیەوە ناچار پەنا بۆ ناوزڕاندنی سەرۆكی بەرەكە دەبەن، بەڵام ئەمە بەهیچ شێوەیەک لە کەسایەتى شێخ وەسفى کەمناکاتەوە".

  • FB
  • Instagram
  • Twitter
  • YT