بنكۆڵكارییەكی (كەركوك ناو) خەڵاتی نێودەوڵەتی بۆ باشترین راپۆرتی ژینگەیی بەدەستدەهێنێت

ئوردن/ تەموزی 2026/ ریتا عەمانۆئێل لە كاتی وەرگرتنی خەڵاتی (قەریب 2025 - 2026) بۆ باشترین بنكۆڵكاری ژینگەیی فۆتۆ: تایبەت بە (كەركوك ناو)

كەركوك ناو

بنكۆڵكارییەكی (كەركوك ناو) دەربارەی گەندەڵیی و مەترسییەكانی پەیوەست بە دەرمانی قڕكەری كشتوكاڵی، پلەی سێیەم لە خەڵاتی نێودەوڵەتی (قەریب 2025 - 2026) بەدەستدەهێنێت، بۆ باشترین راپۆرتی رۆژنامەوانی لە بواری گۆڕانی ئاووهەوا و ژینگە.

لە نێوان كێبڕكێی دەیان رۆژنامەنوسدا، لە تەموزی 2026ـدا لە عەمانی پایتەختی ئوردن، ئەنجامی ئەو خەڵاتە راگەیەندرا كە تایبەتە بە هاندانی رۆژنامەوانی قوڵ و كاریگەر لە جیهاندا. خەڵاتەكە بەشێكە لە پرۆژەی (قەریب) و لەلایەن ئاژانسی گەشەپێدانی میدیایی فەرەنسا (CFI) پاڵپشتی دەكرێت.

بنكۆڵكارییەكە بە ناونیشانی "دەرمانی قڕكەری قەدەغەكراو، قاچاخ و بەسەرچوو... جوتیاران قوربانی چاوچنۆكی و گەندەڵین لەسایەی چاودێری لاوازدا"، هەر سێ كچە رۆژنامەنووس ریتا عەمانۆئێل، نەغەم مەكی و نور مەهدی نزیكەی ساڵێك كاریان لەسەر كردووە، لە چوارچێوەی پرۆژەیەكدا بەسەرپەرشتی رێكخراوی راگەیاندن لە هەماهەنگیی و گواستنەوە (MICT) بە هاوبەشی دەزگای میدیایی (كەركوك ناو).

لەو بنكۆڵكارییەدا پەردە لەسەر بڵاوبونەوەی دەرمانی قڕكەری قەدەغەكراو و بەسەرچوو لادەدات، بە بەڵگەوە نەهامەتییەكانی جوتیاران دەخاتەڕوو، بە تایبەت ژنانی جوتیار، هەموو ئەوەش لە ژێر سایەی گەندەڵی و لاوازی چاودێری حكومەتدایە.

ریتا عەمانۆئێل، یەكێك لە كچە رۆژنامەنووسەكان، كە بە نوێنەرایەتی هاوپیشەكانی خەڵاتەكەی وەرگرت، دەڵێت دوای بینینی دەرفەتی بەشداری لە كێبڕكێ رۆژنامەوانییەكەی (قەریب)، بینیویانە راپۆرتەكەیان تەواوی مەرجەكانی تێدایە و دەچێتە خانەی ئەو بابەتانەی باس لە كاریگەری گەندەڵی دەكات بەسەر كۆمەڵگە پەراوێزخراوەكانەوە، "بۆیە بڕیارماندا بەشداری بكەین، چونكە بڕوای تەواومان بە بابەتەكە و ئەو ماندووبونە هەبوو كە لە پێناویدا كێشامان، سوپاس بۆ خوا دەرەنجامەكە باشتر بوو لەوەی چاوەڕێی بوین".

wena xalat bnkollkari 2026
پۆستەكانی بنكۆڵكارییەكەی (كەركوك ناو) لە مەراسیمی راگەیاندنی براوەكانی خەڵاتی (قەریب 2025 - 2026)

"كێبڕكێیەكە زۆر بەهێز بوو؛ رۆژنامەنوسان لە چەندین وڵاتەوە وەكو ئوردن، فەلەستین و لوبنان بەشداربون، راپۆرتەكەی ئێمە لە نێوان زیاتر لە 200 راپۆرتی رۆژنامەوانیدا هەڵبژێردرا، ئەمە دەستكەوتێكی زۆر گەورەیە و پاڵنەرە تا لە داهاتوودا كاری باشتر بكەین" ریتا بۆ (كەركوك ناو) وای وت. دەڵێت خەڵاتەكە هێز و متمانەیان پێدەبەخشێت بۆ بەردەوامی لە كاری رۆژنامەوانی.

بنكۆڵكارییەكەی دەست بۆ دۆسیەیەكی مەترسیدار دەبات؛ بەپێی ئەو راپرسییەی تیمی رۆژنامەوانییەكە لە نەینەوا، دهۆك و بەسرە ئەنجامیان داوە، دەركەوتووە زۆرینەی بەشداربوان (91.5%) دەرمانی مێروو قڕكەرو هاوردەكراو بەكاردەهێنن، هەروەها 28.5%ـی بەشداربوان دەرمانی قڕكەری سنورداركراوو قەدەغەكراو بەكاردەهێنن.

دەربارەی ئەزمونی كاركردنیان لەگەڵ (كەركوك ناو)، ریتا دەڵێت "ئەزمونێكی نایاب بوو،  لە هەموو ئاستەكاندا سودمەند بوین، بۆ هەموو قۆناغەكانی بەرهەمهێنانی ئەم بنكۆڵكارییە لە وردبینی، دیزاین، وەرگێڕان، مۆنتاژ و وێنەگرتن پاڵپشتی گەورەی پیشەیی كراین، جگە لە پاڵپشتی مەعنەوی"، ئەو شانازی بەو ئەزمونەوە دەكات و پێیوایە جێپەنجەیان دیارە بە بنكۆڵكارییەكە و گەیاندنی بەو ئاستە.

ئەو كچە رۆژنامەنووسە، هانی هەموو ئەو ژن و كچانە دەدات كە بەهرە و خەونێكیان هەیە، "متمانەت بە خۆت و تواناكانت هەبێت، لە سەختییەكانی رێگاكە مەترسە، رەنگە لە یەكەم هەوڵداندا نەگەیت بە سەركەوتن، بەڵام بە پێداگری، ماندووبون و فێربونی بەردەوام بە دڵنیایی دەگەیت بە ئامانجەكەت، رێگە بە هیچ تەحەدییەك مەدەن ببێتە رێگر لەبەردەم بەدیهێنانی خەونەكەت، چونكە هەر هەنگاوێك كە ئەمڕۆ پێیەوە ماندوو دەبیت بۆ سبەینێ دەبێتە هۆكاری سەركەوتنت".

پێشتریش راپۆرت و بەدواداچونەكانی پەیامنێرانی (كەركوك ناو) چەندین خەڵاتیان لە بوارەكانی ژنان، مافەكانی مرۆڤ، ژینگە و راگەیاندنی گەشەکردوو بەدەستهێناوە لەسەر ئاستی ناوخۆی عیراق و هەروەها نێودەوڵەتی.

  • FB
  • Instagram
  • Twitter
  • YT