كۆنگرەی یەكێتی
10 سەر و هەزار سەودا

سلێمانی/ دیمەنێك لە رۆژانی كۆنگرەی یەكێتی فۆتۆ: راگەیاندنی یەكێتی

شۆڕش خالید

یەكێتیی نیشتیمانیی كوردستان، بەرەو ئەوە دەڕوات بە 10 سەر و هەزار سەوداوە لە كۆنگرەی چوارەم بچێتە دەرەوە. بەبێ ئەوەی هیچ دەسەڵاتێك و ناوەندی بڕیاری یەكلاییبكاتەوە. ئەوەش چاوەڕواندەكرێت كێشەی گەورەی داهاتوی بەردەم سەركردایەتی حزبەكه‌ بێت.

كۆنگرەی "نوێبونەوە"ی یەكێتی كە لە 21ی كانونی یەكەمەوە بە بەشداریی هەزار و 100 ئەندام دەستیپێكرد، یەكێك لە گرنگترین ئەركەكانی خۆی بۆ ئەنجومەنی سەركردایەتی گشتیی جێهێشت، كە پەیڕەوی ناوخۆیە و مافی ئەندامانی كۆنگرە بوو پەسەندی بكەن.

گرنگترین هەنگاوەكانی كۆنگرە لە چوار رۆژدا، هەڵبژاردنی كۆسرەت رەسوڵ بە سەرۆكی ئەنجومەنی باڵای سیاسی. بە تەزكییە دانانی هەریەك لە بەرهەم ساڵح، قوباد تاڵەبانیی و رێواس فایەق بە ئەندامی ئەنجومەنی سەركردایەتی گشتیی، لەگەڵ دەنگدان بۆ هەڵبژاردنی 118 ئەندامی تری ئەنجومەنی سەركردایەتی كە لە قۆناغی جیاكردنەوەی ده‌نگه‌كانیاندان.

هەنگاوە گرنگەكان، هێشتا نەنراوان؛ ئەوەش لەپێناو "ئارامی كۆنگرە"دا، لەوانە هەڵبژاردنی سەرۆكی حزب یان سكرتێر، جیاكردنەوەی دەسەڵاتەكان و ناوەندی بڕیار. ئەم پرسانە چەندین ساڵە كیشەی گەورەی بەردەم حزبە و لەناو هۆڵی كۆنگرەشدا چارەسەرنەكران.

10 سەر و هەزار سەودا

هێشتا هەیكەلی داهاتوی حزب رون نییە، كێبڕكێی داهاتوی باڵەكان، ململانێیەكان و چۆنیەتی پەسەندكردنی پەیڕەوی ناوخۆ، یەكلاییدەكاتەوە.

بەڵام ئەوەی زۆرینە لەسەری كۆكن و لە پەیڕەوی پێشنیازكراویشدا هاتووە، یەكێتی سێ سەرۆكی بە دەسەڵاتی جیاواز و بڕیارلێنەدراوەوە دەبێت. لەگەڵ سەرۆكی حەوت هەرێم كە دەسەڵاتی رەهای رێكخستنیان هەیە لە ناوچەكانی خۆیاندا. تائێستا تەنیا پۆستەكەی كۆسرەت رەسوڵ یەكلاییكراوەتەوە.

puk.kongraa
سلێمانی/ دیمەنێك لە رۆژانی كۆنگرەی چوارەمی یەكێتیی نیشتیمانیی كوردستان فۆتۆ: راگەیاندنی یەكێتی

سەرۆكی حزب یان سكرتێر، لەگەڵ سكرتێری ئەنجومەنی سەركردایەتی گشتی و سەرۆكی هەرێمەكان، ئەو سەرۆكایەتییانەن كە هێشتا یەكلایینەكراونەتەوە و بۆ دوای كۆنگرە جێهێڵدراون.

سەرۆك یان سكرتێری حزب

بەپێی پەیڕەوی پێشنیازكراو كە كۆنگرە نەیتوانی پەسەندی بكات، سەرۆكی حزب یان سكرتێر، دەبێت خۆی بۆ پۆستەكەی یەكلاییبكاتەوە و هیچ كارێكی حكومی و پەرلەمانی نەبێت. ئەوەش كێشەیەكی گەورەیە لەبەردەم بەرهەم ساڵح، كە وەك كاندیدێكی به‌هێز بۆ ئه‌و پۆسته‌ باسده‌كرێت.

بەرهەم ساڵح، لە ئێستادا پۆستی سەرۆك كۆماری عیراقی هەیە و لە یەكەم رۆژی كۆنگرەدا بە تەزكییە كرایە ئەندامی ئەنجومەنی سەركردایەتی گشتی، هەرچەندە هەندێك دەنگی ناڕازیش هەبون لە دژی.

پۆستی سەرۆكی حزب، هێشتا بۆ ئەو یەكلایینەبۆتەوە و پێویستی بەرێككەوتنی باڵە ناكۆكەكانی حزب هەیە، بەهۆی ئەوەی ناوبراو بەپێی دەرئەنجامە سەرەتاییەكان كەمترین لایەنگری باڵەكەی بۆ ئەنجومەنی سەركردایەتی گشتی دەرچووە.

بەبێ ئۆكەی، باڵی تاڵه‌بانییه‌كان (ماڵباتی تاڵه‌بانی و ئیبراهیم ئه‌حمه‌د)، مەحاڵە هیچ كەسێك لەناو ئەنجومەنی سەركردایەتی گشتی و بەدەنگدان پۆستی سەرۆكی حزب بباتەوە، بەهۆی ئەوەی ئەو باڵه‌ توانیویانە دەنگی یەكەمی ناو ئەنجومەنەكە بەدەستبهێنن.

barhamsalih
كۆسرەت رەسوڵ و بەرهەم ساڵح، جێگرانی پێشوی سكرتێری گشتی یەكێتی فۆتۆ: راگەیاندنی یەكێتی

ئەوەش وادەكات، دیاریكردنی دەسەڵاتەكانی داهاتوی سەرۆكی حزب، هەر بە رەزامەندی باڵی تاڵەبانیه‌كان بێت. چونكە ئەو ئەركە بە ئەنجومەنی سەركردایەتی گشتی سپێردراوە. كە 121 ئەندامی دەبێت و بەرزترین دەسەڵاتی دەبێت لەنێوان دوو كۆنگرەدا، بەپێی پەیڕەوە پێشنیازكراوەكە.

بۆیە ئەگەری بونی كێبڕكێ لەسەر ئەو پۆستەش، بەتایبەت لەلایەن بنەماڵەی تاڵەبانییەوە ئەگەرێكی كراوەیە. بەتایبەت هەردوو جەمسەرەكە (بافڵ تاڵەبانی و لاهور جەنگی) دەنگی زۆرێك لە سەركردایەتیان لەگەڵدایە.

بەپێی پەیڕەوی پێشنیازكراو، كە ئەگەری زۆری هەیە لەناو ئەنجومەنی گشتی سەركردایەتیدا شەن و كەوی تەواو بكرێت و ببێتە جێی ناكۆكی باڵەكان. هەماهەنگی نێوان ئەنجومەنی سەركردایەتیی و دەستەی جێبەجێكار و ئەنجومەنی باڵای سیاسی (پۆستەكەی كۆسرەت رەسوڵ)، لە ئەركەكانی سەرۆكی حزب دەبێت.

هەروەها سەرۆكی حزب، رێككەوتنەكان واژۆ دەكات، بەڵام دوای رەزامەندی ئەنجومەنی سەركردایەتی گشتی. لە حاڵەتی پەسەند نەكردنیشیدا دوای 15 رۆژ بە واژۆكراو دادەنرێت.

سەرۆكی حزب تەنانەت دەسەڵاتی یەكەمی بڕیاری دامەزراندن و دەستبەكاربونی سەرۆكی ئەنجومەنی سەركردایەتی هەرێم و پارێزگاكانی نییە، ئەگەر لەسەر راسپاردەی دەستەی جێبەجێكار نەبێت.

سەرۆكی حزب تەنانەت دەسەڵاتی یەكەمی بڕیاری دامەزراندن و دەستبەكاربونی سەرۆكی ئەنجومەنی سەركردایەتی هەرێم و پارێزگاكانی نییە

ئەو كەسەی دەبێتە سەرۆك یان سكرتێری یەكێتی، دەبێت ناپاكی نەكردبێت، تەمەنی لە 40 ساڵ كەمتر نەبێت و دۆسیەی گەندەڵی نەبێت. هەروەها 10 ساڵ خەباتی لە حزبدا هەبێت و سامانی حزبی بۆ بەرژەوەندی خۆی بەكارنەهێنابێت.

balakan
سلێمانی/ رۆژانی كۆنگرەی چوارەمی یەكێتی، دیمەنێكی بنەماڵەی تاڵەبانی و كۆسرەت رەسوڵ فۆتۆ: راگەیاندنی یەكێتی

سەرۆكی حزب و دەستەی سەرۆكایەتی، لەناو ئەنجومەنی سەركردایەتی گشتی - ژمارەیان 121 كەسە - لە دانیشتنی دووەمی دوای كۆنگرە و لە ماوەی 15 رۆژ دوای دانیشتنی یەكەم، هەڵدەبژێردرێن. بە دەنگدانی نهێنی، ئەوەش هەر بەپێی پەیڕەوی پێشنیازكراو.

 ئەنجومەنی باڵای سیاسی... سەرۆكێك لەپاڵ یەكێتیدا

کۆسرەت رەسوڵ، لەیەكەم رۆژی كۆنگرەدا وەك سەرۆكی ئەنجومەنی باڵای سیاسی یەکێتی هەڵبژێردرا. لەكاتێكدا لە پەیڕەوەکەدا ئه‌و پۆستە ناوی دەستەی پاراستنی قەوارەی یەکێتی، یان ئەنجومەنی باڵای دانایان بوو.

گۆڕینی ناوەكەیی و دیاریكردنی دەموچاوە دیارەكان بۆ ئەنجومەنی باڵای سیاسی لەسەر داوای كۆسرەت رەسوڵ، ئاماژەیە بەوەی پۆستێكی تەشریفاتی نابێت و ململانێی داهاتویان لەناو ئەنجومەنی گشتی سەركردایەتیی و لەسه‌ر پەیڕەوی ناوخۆ دەبێت.

مەلا بەختیار، هێرۆ ئیبراهیم ئەحمەد، عەدنان موفتی، عومەر فەتاح، حاكم قادر، جەعفەر شێخ مستەفا، ئەرسەلان بایز و دلێر سەید مەجید، وەك ئەندامانی ئەو ئەنجومەنە دیاریكراون، كە تەنیا ئەمەی دواییان ئەندامی پێشوی مەكتەبی سیاسی نەبوو.

بەپێی پەیڕەوە پێشنیازكراوەكە، دەسەڵاتەکانی ئەو ئەنجومەنە زیاتر پێشنیار و راسپاردە دەبێت بۆ ئەنجومەنی سەرکردایەتی گشتی، لەگەڵ دابەشکردنی خەڵات و رێزلێنان. هەروەها ناوەندگیری بۆ ئەو گرفت و کێشانەی روبەڕوی هەڤاڵانی یەکێتی دەبنەوە و چارەسەرکردنی ئەو قەیرانانەی دەگەنە خاڵی بنبەست و چەقبەستوو بۆ ئەنجومەنی سەرکردایەتی گشتی.

kosrat.rasul
كۆسرەت رەسوڵ، سەرۆكی ئەنجومەنی سیاسی یەكێتی لە وتاری دەستپێكی كۆنگرەی حزبەكەیدا فۆتۆ: راگەیاندنی یەكێتی 

كێشەی باڵی كۆسرەت رەسوڵ ئەوەیە، لە ئەنجومەنی سەركردایەتی گشتی یەكێتیدا زۆرینە نییە تا بتوانێت بە تەواوی شەڕی دەسەڵاتەكان و جێگیركردنیان بكات لەناو په‌یڕه‌ودا.

سكرتێری ئەنجومەنی سەركردایەتی گشتی

ئەمە بە سێیەم سەرۆكایەتی دادەنرێت لەناو یەكێتیدا و سەرۆكایەتی 121 ئەندامی ئەنجومەنی سەركردایەتی گشتی دەكات.

پێنج رۆژ دوای كۆنگرە و لەیەكەم دانیشتندا، سكرتێری ئەم ئەنجومەنە، بە دەنگدانی نهێنی راستەوخۆ و بەزۆرینەی رەهای دەنگەكان هەڵدەبژێردرێت، بە مەرجێك تەمەنی لە 40 ساڵ كەمتر نەبێت.

ئەگەر یەكلاییكردنەوەی پۆستەكان بەپێی رێككەوتن نەبێت، ئاماژەكان بۆ ئەوە دەچن باڵی تاڵەبانی ئەم سەرۆكایەتییە بە ئاسانی دەستەبەر بكەن لەناو ئەنجومەنی گشتیدا.

گرنگی ئەو پۆستە لەوەدایە، ئەم ئەنجومەنە دەسەڵاتی رەهای هەیە لەنێوان دوو كۆنگرەدا، بەپێی پەیڕەوی پێشنیازكراو و هەر لەناو ئەم ئەنجومەنەدا پەیڕەو پەسەند دەكرێت، سەرۆكی حزب و دەستەی سەرۆكایەتی هەڵدەبژێردرێن و متمانەشیان لێدەسەنرێتەوە.

Bafeltalabani
سلێمانی/ دیمەنێك لە رۆژانی كۆنگرە و باڵە جیاوازەكانی یەكێتی فۆتۆ: راگەیاندنی یەكێتی

ئەو رێككەوتنە گرنگانەی كە پەیوەندییان بە پرسە نەتەوەییە چارەنوسسازەكان و بەرژه‌وەندی باڵای یەكێتیی و هاوپەیمانی هەڵبژاردنەوە هەیە. لەلایەن دەستەی سەرۆكایەتی حزب بە هەماهەنگی لەگەڵ دەستەی جێبەجێكار رێكارەكانی ئامادە دەكرێت، بەڵام پێویستی بە پەسەندكردنی هەیە بەدەنگی دوو لەسەر سێی ئەندامانی ئەنجومەنی سەركردایەتی گشتی.

پەسەندكردنی بودجەی گشتی یەكێتیی و رێككەوتنەكان هەر بەدەنگی دوو لەسەر سێی ئەم ئەنجونە دەبێت.

حەوت سەرۆك بۆ ئەنجومەنی سەركردایەتی هەرێم/ پارێزگاكان

بەپێی پەیڕەوی ناوخۆ، كە كۆنگرە نەیتوانی پەسەندی بكات، یەكێتی بۆ حەوت هەرێم/ زۆن، یان پارێزگا دابەشدەكرێت، لەوانە هەولێر، سلێمانی، كەركوك، بادینان، گەرمەسێر، راپەڕین و هەڵەبجە.

هەر یەكێك لەو هەرێمانە سەرۆكێكی دەبێت و بەرزترین دەسەڵاتی رێكخستنی دەبێت لەسەر ئاستی سنوری جوگرافیاكەی.

ئەو كەسەی دەبێتە سەرۆكی هەرێمەكان، پلەی ئەندامی ئەنجومەنی سەركردایەتی گشتی دەبێت و دەتوانن بەشداریی كۆبونەوەكانی دەستەی جێبەجێكار بكەن، بەبێ ئەوەی مافی دەنگدانیان هەبێت.

هەر هەرێمێك لە چوار بازنە پێكدێت (باكور، باشور، رۆژهەڵات و رۆژئاوا)، لە هەمانكاتدا مەڵبەند و كۆمیتەكانیش دەمێننەوە، بەڵام ئەوە كەوتۆتە سەر گفتوگۆكانی پەسه‌ندكردنی پەیڕەوی ناوخۆ.

رێژەی بەشداریی ژنان لە ئەنجومەنی سەركردایەتی گشتیی و دەستەی جێبەجێكار لانیكەم لە سەدا 25 دەبێت.

كۆنگرەی یەكێتی بەرەو كۆتایی هەنگاو دەنێت، بەبێ ئەوەی دەسەڵات، ناوەندی بڕیار و سەرۆك یەكلاییبكاتەوە و ئەگەری هەیە ململانێیەكانی داهاتوو دوای كۆنگرە دەستپێبكات.

  • FB
  • Instagram
  • Twitter
  • YT