پۆلیس لەڕێی 12 هێڵەوە فریات دەكەوێت

كەركوك/ مەفرەزەیەكی پۆلیسی فریاكەوتن لەكاتی كاردا فۆتۆ: كاروان ساڵحی

كاروان ساڵحی – كەركوك ناو

پۆلیسی فریاكەوتنی كەركوك ژمارەی هێڵەكانی بۆ پەیوەندی هاوڵاتیان زیاتر كرد، ئەوەش لەپێناو كارئاسانی زیاتر بۆ هاوڵاتیان و لەهەر كێشەیەك كە پەیوەندی بەوانەوە هەبێت دەتوانیت قسەیان لەگەڵ بكەن.

عەقید مازن غەریب، بەڕێوەبەری پۆلیسى فریاکەوتنى کەرکوک، بە(كەركوك ناو)ی وت "پێشتر تەنیا یەک هێلی ئاسیامان هەبوو بۆ پەیوەندیکردنی هاوڵاتیان بە 104، بەڵام دواى وەرگرتنى رەزامەندی فەرماندەیی پۆلیسى کەرکوک، هێڵەکانمان زیاتر کرد، لە ئێستادا 12 هێڵمان هەیە و بەردەوام كراوەن".

ئەو رونیكردەوە كە ئەو 12 هێڵە، چوار ئاسیا، چوار كۆڕەك و چوار زەین و 24 كاتژمێر كراوەن بۆ خزمەتی هاوڵاتیان و دەتوانن پەیوەندی بە 104ەوە بكەن.

عەقید مازن وتی "دەتوانین بەزوترین کات فریای هاوڵاتیان بكەوین لەهەر كێشە و گرفتێك كە روبەڕویان دەبێتەوە... لەهەر پەیوەندییەك  ئێمە دەستبەجێ دواى وەرگرتنى زانیاریی و ناونیشانى  تەواویان لێدەكەین و دەگەینە لایان".

دەتوانین بەزوترین کات فریای هاوڵاتیان بكەوین لەهەر كێشە و گرفتێك كە روبەڕویان دەبێتەوە

پۆلیسی فریاكەوتن بەپێی كێشە و گرفتەكان ئەمبوڵانس، بەرگری شارستانی، یان هەر ئۆتۆمبێل و تیمێك بەكاردەهێنێت.  

"تەنیا یەک داواکاریمان لە هاوڵاتییان هەیە، تکا دەکەین بۆ شتێک پەیوەندى بە ئێمە نەبوو هێڵەکان مەشغوڵ مەکەن، چونکە کەسانى دیکە لەسەر هێڵن و هاوکاریبان پێویستە"، مازن وایوت.

  • FB
  • Instagram
  • Twitter
  • YT