چیرۆكی "دەستدرێژی سێكسی" بۆ سەر ژنێكی خاوەن پێداویستی تایبەت و وێنەگرتنی

یەكێك لەو دوو كەسەی دەستگیركراوە پۆلیسە و لەگەڵ كەسێكی تر كارەكەیان ئەنجامداوە

كاروان ساڵحی – كەركوك

هێزە ئەمنییەكانی ناحیەی پردێ دوو كەسیان دەستگیركردووە كە بەپێی دانپێدانانەكان دەستدرێژی سێكسییان كردۆتەسەر ژنێكی خاوەن پێداویستی تایبەت و لەوكاتەشدا گرتەی ڤیدیۆییان تۆماركردووە.

یەكێك لەو دوو كەسەی دەستگیركراوە پۆلیسە و گوماندەكرێت خەڵكی تریش تێوەگلابن.

ئەو پرسە كە چەند رۆژێكە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكانی پارێزگای كەركوكی تەنیوە، هێشتا رون نییە كەی دەستدرێژی سێكسییەكە ئەنجامدراوە، بەڵام 7ی نیسان دوو كەس كە یەكێكیان پۆلیسە دەستگیركراون و دانیان بەتاوانەكەیاندا ناوە، ئەوەش بەپێی دوو سەرچاوە بۆ (كەركوك ناو).

عه‌بدولموته‌لیب نه‌جمه‌دین، به‌ڕێوه‌به‌رى ناحیه‌ى پردێ، بە (كەركوك ناو)ی وت "ڤیدیۆی دەستدرێژییەكەمان دەستكەوتووە، كارێكی قیزەوەن كراوە، ئەوەی لای ئێمە هەیە دوو كەسە بەوكارە هەستاون و هەردوكمان دەستگیركردون".

"یەكێكیان دەستدرێژییەكەی ئەنجامداوە و ئەوەی تر ڤیدیۆی گرتووە"، عه‌بدولموته‌لیب وایوت.

یەكێكیان دەستدرێژییەكەی ئەنجامداوە و ئەوەی تر ڤیدیۆی گرتووە

یەكێك لەو دوو كەسە پێشتر لە ریزەكانی سوپای عیراق فەسڵكراوە. دواتر جارێكی تر گەڕاوەتەوە بۆ سلكی ئەمنیی و بۆتە پۆلیس. ئەوەش بەپشتبەستن بە لێخۆشبونی گشتی حكومەتی عیراق، وەك عه‌بدولموته‌لیب نه‌جمه‌دین جەختیلێكردەوە.

كەسی دووەم كە دەستگیركراوە، خەڵكی دەرەوەی پارێزگای كەركوكە و نیشتەجێی گوندێكی سەر بە ناحیەی پردێیە.

nahya
كەركوك/9ی نیسان، ئیدارەی ناحیەی پردێ و هێزەئەمنییەكان رونكردنەوە دەدەن لەسەر دۆسیەی دەستدرێژی بۆ سەر ژنێكی خاوەن پێداویستی تایبەت فۆتۆ: كەركوك ناو

ژنەكە تەمەنی 40 بۆ 45 ساڵە و خاوەن پێداویستی تایبەتە و بارودۆخی دەرونیشی باش نییە. هاوژینەكەشی 70 ساڵە و بەهەمان شێوە خاوەن پێداویستی تایبەتە و توانای رێكردنی نییە و منداڵێكی پێنج ساڵانیان هەیە.

ئه‌و خێزانه‌ خه‌ڵکى پردێ نین، بەڵام بەهۆی ئەوەی كەمدەرامەت و خاوەن پێداویستی تایبەتن، بەهاوكاریی خێرخوازان جێگەیەكیان بۆ كراوەتەوە لە ناحیەی پردێ.

سەرچاوەیەکی ئەمنی لە ناحیەی پردێ، لەبارەی روداوەكەوە بۆ (كەركوك ناو)، وتی "دوای بڵاوبونەوەی ئەو هەواڵە، توانیمان زانیاریی ورد كۆبكەینەوە و لە 7ی نیسان دەستگیریان بكەین".

"دەركەوت ئەو دوو كەسە دەستدرێژییەكەیان كردووە و دەستگیركراون، دانیانبەتاوانەكەدا ناوە، داوا لە خەڵك دەكەم باوەڕ بەو هەواڵانە نەكەن كە گوایا ئەو دووكەسە چەكداری حەشدبن".

لەچەند ئەكاونت و پەیجێكی تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان، دەستدرێژیكەران وەك چەكداری حەشد ناسێنراون. یان پرسەكە بۆ دەمارگیری نەتەوەیی بەكارهێنرا. ئەوەش لەكاتێكدا ژنەكە كوردە و هاوژینەكەی لە نەتەوەی توركمانە.

سەرچاوە ئەمنییەكە زیاتر جەختیكردەوە "تاوانباران دانیان بەتاوانەکەیاندا ناوە، دۆسییەكانیان رەوانەی داداگا کراوە... داوا دەكەین باوەڕ بەهەندێک زانیاریی نێو تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان نەكەن، كە مەبەستیان ئاژاوەی نێوان نەتەوەكانە".

داوا دەكەین باوەڕ بەهەندێک زانیاریی نێو تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان نەكەن، كە مەبەستیان ئاژاوەی نێوان نەتەوەكانە

عه‌لى که‌ریم، چالاكوانی مەدەنی لە پردێ، كە یەكێكە لەو كەسانەی هاوكاریی ئەو خێزانەی كردووە، بە (كەركوك ناو)ی وت "ساڵی رابردوو ئاگاداركرامەوە لە بونی ئەو خێزانە هەژارە، كە ماڵیان لە ناحیەی لەیلان بوو، لەگەڵ چه‌ند گه‌نجێک سه‌ردانمانكردن بۆ هاوكاریی".

"كە سەرەتا چومه‌ لایان و وتم هاوكاریتان دەكەین، وتیان تۆش بەڵێن دەدەیت و دواتر دەڕۆیت و لێمان ناپرسی، ئەگەر راست دەكەیت شەربەتێك و لەفەیەكمان بۆ بێنە". عەلی وایوت.

ئەو چالاكوانەی پردێ، لەگەڵ كۆمەڵێك گەنجی خۆبەخشی ناحییەكە، پیاوەكەیان شۆردوە و ریشو قژیان بۆ چاككردووە، دواتر ئافرەتێكیان هێناوە تا هاوكاری شۆردنی ژنەكە و منداڵەكەیان بكات.

"ئافره‌ته‌که‌مان برد بۆ لاى پزیشکى ده‌رونیی و دواتر خێرخوازێك خانویەكی لە پردێ بۆ كڕین و خەڵك هاوكاریی دەكردن لە خواردن".عەلی وایوت.

ئەمڕۆ پێنجشەممە 9ی نیسان، لقی كەركوكی كۆمسیۆنی باڵای مافی مرۆڤی عیراق و ژمارەیەك رێكخراوی ئەو بوارە سەردانی ئەو خێزانە دەكەن و لەو پرسە دەكۆڵنەوە.

  • FB
  • Instagram
  • Twitter
  • YT