20 هەزار كەس لە هۆز و عەشیرەتەكانی حەویجە چەكیان هەڵگرت

كەركوك/8ی ئایاری 2020/ چەكدارانی هۆز و عەشیرەتەكانی حەویجە لەپاڵ هێزە عیراقییەكان بەشدارییان كرد لە ئۆپەراسیۆنێك دژ بە داعش

كەركوك ناو

لانیكەم 20 هەزار كەس لە هۆز و عەشیرەتە جیاوازەكانی حەویجە چەكیان هەڵگرت و هاوشانی پۆلیس و سوپا و حەشدی شەعبی بەشدارییان كرد لە ئۆپەراسیۆنێكی فراوان لە باشوری كەركوك، بەڵام هیچ چەكدارێكی داعش نەبووە ئامانج.

ئەو ئۆپەراسیۆنە ئەمڕۆ هەینی 8ی ئایار لە دوو قۆڵەوە لە قەزای حەویجە و ناحییەكانی دەوروبەری لە باشور و باشوری خۆرئاوای كەركوك دەستیپێكرد، بەبەشداری سوپا، پۆلیسی ناوخۆیی، پۆلیسی فیدراڵی و حەشدی شەعبی، لەگەڵ هەزاران چەكداری هۆز و عەشیرەتە جیاوازەكان.

حسێن عەلى نەجم، فەرماندەى لیواى 56ی حەشدى عەشایەرى، بە (كەركوك ناو)ی وت "ئەم ئۆپەراسیۆنە بە پاڵپشتی هۆزی جبور و هۆزەكانی تر كە 20 هەزار چەكداربون بەڕێوەچوو... بۆ یەكەمجارە لە ئۆپەراسیۆنی لەو شێوەیەدا خەڵكی حەویجە و گوند و ناحییەكانی دەوروبەری هاوشانی سوپا و حەشد و هێزە ئەمنییەكانی تر چەك هەڵبگرن و بەشداریی ئۆپەراسیۆنەكە بكەن".

ئەو ئۆپەراسیۆنە لە دوو قۆڵەوە بەڕێوەچوو، قۆڵى یەکەم لە باکورى ناوچەى فاخرە دەستیپێکرد بەرەو گوندەكانی ناحیەى زاب و قۆڵی دووەم لە ناحیەی عەباسییەوە بەرەو قەزاى دوبز و روباری زاب.

حسێن وتی "هەردوو بەری روباری زاب لەو ئۆپەراسیۆنەدا پاككرایەوە... بەڵام هیچ چەكدارێكی داعش نەبووە ئامانج".

ئەو ئۆپەراسیۆنە دوای زنجیرەیەك هێرش و تەقینەوەی بۆمب هات لە دوو مانگی رابردودا و بەتایبەت لە باشور و باشوری خۆرئاوای كەركوك.

لانیكەم هێزەكان لەو ئۆپەراسیۆنەدا بە 80 گوند-دا تێپەڕبون.

عامر سەباح، چالاکوانى مەدەنى و دانیشتوى گوندى شمێت سەر بە قەزای حەویجە، بە (كەركوك ناو)ی وت كە ئەو ئۆپەراسیۆنە زیاتر پەیامێك بووە بۆ چەكدارانی داعش كە بزانن هۆز و عەشیرەتەكان یەكگرتون و یەكدەستن دژی چەكدارانی داعش  كە لەناوچەكەدا جاروبار جموجۆڵیان هەیە و هێرشدەكەنە سەر هاوڵاتیان و هێزە ئەمنییەكان.

حەویجە لە باشوری كەركوك، دواین قەزا بوو لە عیراق كە لە تشرینی یەكەمی 2017 لە چەكدارانی داعش پاككرایەوە. ئەوەش دوای نزیكەی چوار ساڵ لە سەپاندنی دەسەڵاتی داعش هات لەو ناوچەیە.

  • FB
  • Instagram
  • Twitter
  • YT