لە ژینگەوە

ئیبراهیم عادل: لەڕێی قاوەكەمەوە ژیان بۆ دەوروبەری مزگەوتی نوری دەگەڕێنمەوە

  • 2022-04-19
ئیبراهیم عادل: لەڕێی قاوەكەمەوە ژیان بۆ دەوروبەری مزگەوتی نوری دەگەڕێنمەوە
ئیبراهیم عادل (28ساڵ)، لە نزیك مزگەوتی نوری لە شاری موسڵ لە دوای بەربانگەوە تا كاتژمێر سێی بەرەبەیان قاوە پێشكەش دەكات. فۆتۆ: یونس عەلی
یونس ئەبو حوت

ناوم ئیبراهیم عادلە و 28 سالم، لە نزیك مزگەوتی نوری لە شاری موسڵ قاوەخانەیەكی بچوكم داناوە و دوای بەربانگ خەڵكی لە زۆربەی ناوچەكانی موسڵ-ەوە دێن قاوەیان پێشكەش دەكەم. تا سێی شەو قاوەخانەكە كراوەیە. 

ئەم ناوچەیە هێشتا وێرانەیە بەهۆی شەڕی داعش-ەوە، پێش رەمەزان سەرقاڵی هەڵگرتنەوەی داروپەردوی ئەم ناوە بوم، دەمەوێت لەڕێی ئەم قاوەخانەیەوە ژیان بۆ ئەم ناوچەیە بگەڕێنمەوە وەكو سەردەمی پێش شەڕی داعش.

ماوەیەكی زۆرە سەرقاڵی ئەم كارەم، شارەزایی باشم پەیداكردووە و چەند جۆرێكی قاوەم هەیە، سادە، چۆكۆلێت و حلوە، هەر جۆرێكی بە 500 دینارە، خەڵكی زیاتر داوای جۆری چۆكۆلێت دەكەن.

لەڕێی ئەم كارەوە بژێوی ژیان پەیدا دەكەم، بەرنامەم ئەوەیە دوای رەمەزان، عارەبانەیەكی گەڕۆكی گەورە بكڕم و هەر لەم ناوچەیە دایبنێم و كارەكەم فراوان بكەم. جگە لە كار و كەسابەت، دڵخۆشم كە وردە وردە قەرەباڵغی بۆ دەوروبەری مزگەوتی نوری دەگەڕێنینەوە.

هیوادارم گەنجان بێن لەم ناوچەیە كاربكەن، بەشێوەیەك باشتری بكەین لە سەردەمی پێش دەسەڵاتی داعش.

 

زیاتر

  • FB
  • Instagram
  • Twitter
  • YT