من ناوم شیرینە و تەمەنم لە پەنجاكاندایە، رۆژانە هەرچی پلاستیك، قوتوو و ئاسنی گوندەكەمانە كۆی دەكەمەوە، دەیانشۆم و دەیانكەمە ناو چەند گوێنییەك، گوێنی بەگوێنی هەر دوو مانگ جارێك دەیدەمە كۆڵما و جادەیەكی دوری خۆڵ دەبڕم تا دەگەمە رێگای سەرەكی كەلار – دەربەندیخان.
لەوێ گوێنییەكان دادەنێم، بە 10 هەزار دینار ئۆتۆمبێلێك دەگرم و دەیگەیەنمە دەربەندیخان و لەوێ دەینافرۆشم، هەر جارە و 100 بۆ 150 هەزار دینارم دەستكەوێت.
ئیشی من ئەوەیە بژێوی خۆم و دایكم پەیدابكەم، گوندەكەشم پاكبكەمەوە، لەوكاتەوەی ئەم كارە دەكەم سێ تۆن پلاستیكی فڕێدراو، ئاسن و قوتوم كۆكردۆتەوە.
ئەوەی دڵخۆشم دەكات ئەوەیە ماڵەكانی گوندی (خانەخوێ)، هەرچی دەبەی شامپۆ و ماست و پلاستیكی تر هەیە بۆم دادەنێن، بەهاران لەگەڵ پاكردنەوەی گوند، دەچم بۆ كنگر و دومەڵان و دەیانفرۆشم، تا لە ژیاندا بمێنم نایهێڵم پلاستیك و ئاسن گوندەكەمان پیس بكات.
من لەگەڵ دایكم دەژیم، كچ و كوڕەكانم بەردەوام سەردانم دەكەن، بەهۆی ئەم كارەمەوە خەڵكی گوند خۆشیاندەوێم و رێزم دەگرن.