لە ژینگەوە

شنگال تینوێتی بە ئاوی بیر ناشكێت
بەر لەهاتنی وەرزی هاوین حەوت بیری ئاو بە تەواوی وشكبون

  • 2025-05-15
شنگال تینوێتی بە ئاوی بیر ناشكێت<br>بەر لەهاتنی وەرزی هاوین حەوت بیری ئاو بە تەواوی وشكبون
نەینەوا/ 2021/ هاوڵاتییەكی نیشتەجێی كۆمەڵگەی بۆرك لە ناحیەی سنونێی قەزای شنگال لەئاوی تانكەر تانكی سەربانی ماڵەكەی پڕدەكات فۆتۆ: تایبەت بە كەركوك ناو
عەمار عەزیز

ئاوی پێویستی خواردنەوە بە خەڵكی شنگال ناگات، دوای ئەوەی حەوت بیری ئاو كە سەرچاوەی سەرەكی دابینكردنی ئاوی قەزاكە بون وشكبون.

بێئاوی كە زۆربەی گەڕەكەكانی شنگالی گرتۆتەوە، لەكاتێكدایە هێشتا وەرزی هاوین نەهاتووەة كە بەراورد بە وەرزی بەهار پێویستی ئاو زیاتردەبێت.

ئیبراهیم حسێن، لە گەڕەكی رۆژهەڵات لە ناوەندی شار دادەنیشێت، وتی "مانگانە دوجار ئاومان بۆ بەردەدرێتەوە، ناچارین هەموو هەفتەیەك بایی 20 هەزار دینار بە تەنكەر ئاو بكڕین". هەر 2000 لیترێك ئاو بە حەوت هەزار دینارە.

ئیبراهیم وتی "مانگانە نزیكەی 100 هەزار بۆ كڕینی ئاو خەرجدەكەم".

مانگانە نزیكەی 100 هەزار بۆ كڕینی ئاو خەرجدەكەم

بەڕای ئیبراهیم حسێن جگە لە كەمی بڕی بارانبارین و وشكەساڵی، "نادادپەروەری لە دابەشكردنی ئاو بەسەر گەڕەكەكان و كۆنی تۆڕی دابەشكردنی ئاو كە پێویستی بە نۆژەنكردنەوەیە"، لە كێشەكانی بەردەم دەستنەكەوتنی ئاوی خواردنەوەن.

شنگال – یەكێكە لە قەزاكانی پارێزگای نەینەوا-، حەوت هەزار هاوبەشی ئاوی هەیە و لە دابینكردنی ئاو پشت بە بیر و كانیاوەكان دەبەستێت، بەڵام لە ئێستادا روبەڕوی تەحەدیی بۆتەوە، ئەوەش دوای وشككردنی حەوت بیری ئاو لەكۆی 38 بیر.

مەهدی قاسم، بەڕێوەبەری فەرمانگەی ئاوی شنگال، بە (كەركوك ناو)ی وت "كەمی بڕی بارانبارین و وشككردنی حەوت بیری سەرەكیمان، لەگەڵ زیادەڕۆییكردن بۆ سەر تۆڕی ئاو لە هۆكارە سەرەكییەكانی كەمبونەوەی ئاون".

وتیشی "داوامان لە بەڕێوەبەرایەتی ئاوی نەینەوا كردووە 20 بیری تازەمان بۆ لێبدەن، تا بیخەینە سەر تۆڕی دابەشكردنی ئاو".

دەخیل خەلەف، دانیشتوی گەڕەكی ئازادییە، بە (كەركوك ناو )ی وت "زیاتر لە سێ‌ مانگە توشی كێشەی كەمی ئاوی خواردنەوە بوین، ئاوەكە یەكجار كەمە و هەفتەی یەكجار بۆمان بەردەدرێتەوە... بێزاربوین ئەوەندە داوای چارەسەركردنمان كردووە".

حكومەتی خۆجێی نەینەوا سەرقاڵی پڕۆژەی "ئاوی شنگالی یەكگرتووە" كە ئاوی خواردنەوە لەڕێی روباری دیجلەوە بۆ شنگال و ناحییەكانی بەعاج، قەیرەوان و رەبیعە دابیندەكات.

بەڕێوەبەری فەرمانگەی ئاوی شنگال، وتی ماوەی پڕۆژەكە پێنج ساڵە، "ئەو ماوەیە پێموایە زۆر درێژە".

كەمی ئاوی خواردنەوە لەكاتێكدایە حكومەتی عیراق پێداگیری دەكات لەسەر گەڕانەوەی ئاوارەكانی شنگال لە كەمپەوە بۆ زێدی خۆیان، كە بەپێی ئامارەكان هێشتا 188 هەزار و 944 ئاوارە كە زۆرینەیان ئێزیدین و خەڵكی شنگالن، لە پارێزگای دهۆكن و نە گەڕاونەتەوە، كە 135 هەزار و 616یان لە كەمپەكان دەژین.

 

 

 

زیاتر

  • FB
  • Instagram
  • Twitter
  • YT