لە ژینگەوە

"كە خۆڵدەبارێت حەزدەكەم پڕ بەدەڵ بگریم"
گۆڕانی ئاووهەوا بارەكە لەسەر ژنانی دووگیان قورستر دەكات

  • 2025-07-09
"كە خۆڵدەبارێت حەزدەكەم پڕ بەدەڵ بگریم"<br>گۆڕانی ئاووهەوا بارەكە لەسەر ژنانی دووگیان قورستر دەكات
دیالە/ 16ی ئایاری 2022/ دیمەنێك لە شەقامێكی قەزای خانەقین. فۆتۆ: هاوڕێ ئازاد
لەیلا ئەحمەد

پسپۆڕانی دەرونی و پزیشكی رێنمایی خانمان دەكەن لەكاتی دوگیانیدا بایەخ بە لایەنی دەرونی-یان بدەن تا توشی خەمۆكی و دڵەڕاوكێ نەبن، كە كاریگەریی نەرێنی دەبێت لەسەر خۆیان و بەتایبەتیش كۆرپەلەكانیان، پێیانوایە لێكەوتەكانی گۆڕانی ئاووهەوا بارگرانی دەرونی زیاتریان بۆ دەهێنێت.

ئەو رێنماییانە بۆ ژنانی دووگیان، لەكاتێكدایە سەدا 90ـی خەڵك هەوای پیس و ناتەندروست هەڵدەمژن، لە نێویاندا هەوای عیراق یەكێكە لە "هەرە پیسترینی" وڵاتانی دنیا، ئەوەش بەگوێرەی (ئا کیو ئێر) کە کۆمپانیاییەکی سویسری تەکنۆلۆژیی کواڵیتی هەوایە.

هەروەها لەكاتێكدایە رێكخراوی تەندروستیی جیهانی هۆشداری دەدات كە پیسبونی هەوای ناو ماڵ و دەرەوە، لە هەڕەشە گەورەكانی سەر ژیان ی مرۆڤن کە ساڵانە دەبنەهۆی مردنی پێشوەختەی حەوت ملیۆن كەس لە جیهاندا.

پزیشكان پێیانوایە ژینگە و گۆڕانی ئاووهەوا لە نێویاندا خۆڵبارین، كەمبونەوەی بڕی باران و  بەرزبونەوەی پلەی گەرما یەكێكە لە هۆكارەكانی نەخۆشی دەرونین، ژنانی دوگیانیش دەڵێن خۆڵبارین و بەرزبونەوەی پلەی گەرما لەڕوی دەرونییەوە بێ هێزی كردون.

شەیما ئەحمەد، ژنێكی دانیشتوی سلێمانییە و كۆرپەلەكەی لەناو مانگی نۆیەمیدایە، دەڵێت ماوەیەكە هەست بە بێتاقەتی دەرونی و خەمۆكی دەكات، ئۆقرەیی كەمبۆتەوە و توشی كەمخەویش بووە لە شەواندا.

"من نازانم هۆكارەكەی چییە، بەڵام كاتێك خۆڵبارین دەبێت، یان پلەی گەرما بەرزدەبێتەوە زیاتر ئەو هەستانەم لا دروست دەبێت"، شەیما زیاتر وتی "زۆرم بەلاوە ناخۆش بوو كە ئەمساڵ بڕی كەم باران باری، روبەڕوی هەناسە توندی و بێهێزیش بومەتەوە، جاری وایە تا شەشی بەیانی بەخەبەربوم".

tim-kraaijvanger-6rXLhbMHMXU-unsplash
 ئەم وێنەیە لە 9ـی تەمموزی 2025 لە ماڵپەڕی Unsplash وەرگیراوە فۆتۆ: Tim Kraaijvanger

شەیما دەڵێت كاتێك كۆرپەلەكەی سكی بۆتە حەوت مانگ پزیشك پێیوتووە دەبێت بەردەوام چارەسەر وەربگرم لە پێناو خۆم و كۆرپەلەكەمدا، "بەردەوام تووشی سەرئێشە و گرژبونی ماسولكە دەبم و ئۆكسجینم بۆ هەڵنەواسن چاكنابمەوە".

لەگەڵ ئاماژەدان بە هەندێك دەركەوتەی تری دەرونی، لەوانە زوو توڕە دەبێت، زیاتر حەز بە تەنیایی دەكات و نایەوێت قسە بكات، "هەندێكجار دڵم پڕدەبێت".

شیلان عەلی، ژنێكی تری دووگیانە لە قەزای كەلار و كۆرپەلەكەی هەشت مانگە، هەمان ئەو كێشانەی هەیە كە روبەڕوی شەیما بۆتەوە، شیلان وتی "كاتێك خوڵدەبارێت زۆر بێزار دەبم، دڵم تەنگ دەبێت و حەزدەكەم تێر بگریم، وادەزانم دەمرم".

خۆڵبارین، بەرزبونەوەی پلەی گەرما و و كەمی بارانبارین لە لێكەوتەكانی گۆڕانی ئاووهەوان، كە بەپێی نەتەوە یەكگرتووەكان عیراق لە ریزبەندی پێنجەمی ئەو وڵاتانەدایە كە كاریگەریی گۆڕانی ئاووهەوایان بەسەرەوەیە.

لە ساڵی 2009وە كە نەخۆشخانەی سۆزی دەرونی لە شاری سلێمانی تایبەت بە نەخۆشییە دەرونییەكان كراوەتەوە، تا نیوەی یەكەمی ئەمساڵ 600 ژن و كچ چارەسەری دەرونیان وەرگرتووە، بەڵام ئامارەكە ئەوەی نیشاننەداوە كە چەندیان لە ژنانی دووگیانن.

هێمن حەمەكەریم، پزیشكی دەرونییە لە نەخۆشخانەی سۆزی دەرونی وتی "كێشە دەرونییەكانی ژنان زیاتر بووە بەراورد بە چەند ساڵێك لەمەوبەر، زیاتر روبەڕوی دڵەڕاوكێ، خەمۆكی و گرفتەكانی خەو  دەبنەوە"، زیاتر وتی "دوو شت كاریگەرییەكی زۆری لەسەر دەرونی ژنان هەبوو، ئەوانیش بڵاوبونەوەی ڤایرۆسی كۆرنا و ئێستاش گۆڕانی ئاووهەوا و وادەكات ژنان لەژێر فشاری دەرونیدابن".

هێمن ئاماژەی بەوەدا كە بەشێك لە گرفتە دەرونییەكان بەهۆی گۆڕانی هۆرمۆناتەوە رودەدەن، "گۆڕانی ئاووهەواش كاریگەری نەرێنی هەیە، چونكە خوڵبارین، گەرمی و پیسونی هەوا، كەمی خەو و خۆراك راستەوخۆ كاریگەریی لەسەر هۆرمۆنەكان دروستدەكات".

air-quality-network-4
دیمەنێكی ناوشاری سلێمانی لە سەر چیای گۆیژەوە گیراوە سەرچاوە: راگەیاندنی پارێزگای سلێمانی

لەو نێوەندەشدا وەك دكتۆر هێمن جەختیلێدەكاتەوە ژنانی دووگیان هەستیارترن بەو گۆرڕانكارییە.

"خوڵبارین و هەوای پیس كاریگەری بەرزترە لەسەر دەرونی ژنان، بۆ دڵتەنگی، دڵەڕاوكێ، تەنگەنەفەسی و هەستكردن بە تەنیایی بەتایبەت لەكاتی دووگیانیدا"، دكتۆ هێمن وایوت.

بۆیە پێشنیاری بۆ ژنانی دووگیان كرد لەكاتی هەستكردن بە نالەباری دەرونی، چارەسەری پزیشكی دەرونی وەربگرن و پشتیوانی كۆمەڵایەتی بەدەستبهێنن، ئەوەش لەڕێی تێكەڵ بون لەگەڵ خزم و هاوڕێیان، راهێنان و رێكخستنی خۆراك و خەو، لەگەڵ وەرگرتنی رێنمایی دەرونی.

بەپێی ئامارێكی سەنتەری راهێنان و چارەسەری دەرونی لە ئیدارەی گەرمیان سەر بە پارێزگای سلێمانی، لە ساڵی رابردوو هەزار و سێ كەس لەڕێی سەنتەرەكەوە سەردانی پزیشكی دەرونیان كردووە، لەو ژمارەیە 774یان لە رەگەزێ مێ بون.

گەرمیان ناوچەیەكی گەرمترە بەراورد بە ناوچەكانی تری هەرێمی كوردستانی عریاق و كاریگەریی گۆڕانی ئاووهەوای زیاتر لەسەرە، بەتایبەت لە پرسی كەمبونەوەی باران، خۆڵبارینی زیاتر و بەرزی پلەی گەرمی كە ساڵی رابردوو گەیشتە 51 پلەی سەدی.

كوێستان ئیبراهیم، لە گوندێكی گەرمیان دادەنیشێت و بە كۆرپەلەیەكی هەشت مانگی دووگیانە، هەرچەندە پێنج منداڵی هەیە، بەڵام وتی "ئەمە قورسترینیان بوو... گەرما تەنگی پێهەڵچنیوم، گیانم وشكبۆتەوە و توشی قەلەقی بوم"، زیاتر وتی "لەماڵەوە كەس ناوێرێت قسەم لەگەڵ بكات، كێشەم بۆ ماڵەوەش دروستكردووە، هەندێكجار هاواردەكەم و دەگریم".

نەشمیل رەسوڵ، پزیشكی پسپۆڕی نەخۆشییە دەرونییەكان، جەختیكردەوە لەوەی گۆڕانی ئاووهەوا كاریگەریی دەبێت بۆ سەر نەخۆشییە دەرونییەكان، بەتایبەت خۆڵبارین و وشكەساڵی بەهۆی سروشتی ئەو ژینگەیەی كە لێی رودەدات. وتیشی "تەنانەت كاریگەریی گەرما لەسەر خانمانی دووگیان دەبێتەهۆی لەبارچونی كۆرپەلە و بە مردوی لەدایكبونی منداڵ، پێشوەختە لەدایكبوون و كەمكردنی كێشی كۆرپەلەش".

زیاتر وتی "كاتێك ژنێكی دووگیان بیر لەوە دەكاتەوە بەو كەشوهەوا گەرمە، بەو ژینگەی خۆڵبارین و بێ ئاویی و بێ خۆراكییە منداڵ دەخاتەوە و بیر لەوە دەكاتەوە چۆن دواتر بیژێنێت، بێگومان روبەڕوی دڵەڕاوكێ و خەمۆكی و دۆخێكی دەرونی خراپ دەبێتەوە، بەتایبەت ئەو ژنانەی كە راستەوخۆ بەر كاریگەرییە نەرێنییەكانی گۆڕانی  ئاووهەوا كەوتون".

بۆیە دەڵێت "بۆیە كاتێك خانمێكی دووگیان حاڵەتی دەرونی، خەمۆكی و دڵەڕاوكێ و ترسی روبەڕودەبێتەوە و ناتوانێت مامەڵەی لەگەڵدا بكات و خۆی یارمەتی خۆی بدات، ئەوا پێویستە پزیشكێكی پسپۆڕی دەرونی بیبینێت و چارەسەر وەربگرێت، ئەمە لەپێناو ژیانی خۆی و كۆرپەلەكەیدا".

كاتێك خانمێكی دووگیان حاڵەتی دەرونی، خەمۆكی و دڵەڕاوكێ و ترسی روبەڕودەبێتەوە و ناتوانێت مامەڵەی لەگەڵدا بكات و خۆی یارمەتی خۆی بدات، ئەوا پێویستە پزیشكێكی پسپۆڕی دەرونی بیبینێت و چارەسەر وەربگرێت

ئەوەی بۆ پزیشكان جێی گەشبینییە، ئەوەیە ئاستی هۆشیاریی هاوڵاتیان زیاترە بۆ بینینی پزیشكی دەرونی بەراورد بە رابردوو.

بەڕێوبەری سەنتەری راهێنان و چارسەری دەرونی لە گەرمیان جەختیكردەوە لەوەی كێشە دەرونییەكان زیاتر بون، بەڵام چارەسەركردنی ئەو كێشانە بە سەردانی پزیشك و پسپۆڕانی دەرونی زامنی مانەوەی خێزان و پاراستنی نەوەكانیان دەكات لە چوارچێوەی ماڵێكدا.

زیاتر

  • FB
  • Instagram
  • Twitter
  • YT