نزیكه‌ی 500 داری به ته‌مه‌ن له قه‌زای كفری ده‌بڕدرێنه‌وه، كه ته‌مه‌نیان له نێوان 25 تا 40 ساڵیدا بووه و گرنگی تایبه‌تیان هه‌بووه له گلدانه‌وه‌ی تۆز و خۆڵ و زیادكردنی رێژه‌ی سه‌وزایی قه‌زاكه.
ئه‌و دارانه كه زۆربه‌یان له جۆری کالیبتوز بون، له ده‌روازه‌ی كفری، ناو شار و چه‌ند ناوچه‌یه‌كی تر له نزیك پارك و كارگه‌كانی كفری چێنرابون و جگه له سوده‌كه‌ی له‌ڕوی ژینگه‌وه سیمایه‌كی جوانیان به قه‌زای كفری دابوو.
قازی نه‌جم، به‌ڕێوه‌به‌ری به‌شی دارستان و ژینگه‌ی كفری، به (كه‌ركوك ناو)ی وت "له‌ڕێی كامێرای چاودێرییه‌وه كه‌سێك به تۆمه‌تی بڕینه‌وه‌ی ئه‌و دارانه ده‌ستنیشانكراوه و دواتر ده‌ستگیركراوه"، به‌پێی به‌دواداچونه‌كان كه‌سه ده‌ستگیركراوه‌كه له پێناو ده‌ستكه‌وتی ماددی به‌و كاره هه‌ستاوه.
وتیشی "به‌پێی یاسا ده‌بێت ئه‌و كه‌سه له شوێنی ئه‌و دارانه دره‌ختی تر بچێنێت".
داری کالیبتوز، له ژینگه‌ی كفریدا باش گه‌شه‌ده‌كات، چونكه ناوچه‌یه‌كی گه‌رمه و به‌رگه‌ی كه‌مئاوی ده‌گرێت، گه‌ڵاكانی یارمه‌تیده‌ره له كه‌مكردنه‌وه‌ی تۆز و خۆڵ، له‌پاڵ ئه‌وه‌شدا سیمایه‌كی جوان به‌شار ده‌به‌خشێت.
قادر ئیسماعیل، چالاكوانى ژينگەیی له كفری، وتی "به‌شێكی زۆرى ئەو دارانەی بڕدراونه‌ته‌وه، هیچ ئومێدێکیان نییه دوبارە ببوژێنەوە، بۆیه بەدیلی ئەوە ده‌بێت هەڵمەتی نەمام چاندن لە شوێن ئەو دارانە ئەنجامبدرێت، به‌ڵام ئه‌مه پێویستی به كات و خزمه‌تكردن هه‌یه، چونكه ته‌مه‌نی ئه‌و دارانه‌ی بڕدراونه‌ته‌وه زۆر زۆرن".
به‌پێی وته‌ی قادر ئیسماعیل پرۆسه‌ی بڕینه‌وه‌ی داره‌كان له شه‌و و رۆژێكدا نه‌بووه، به‌ڵكو پرۆسه‌یه‌ك بووه كه دوو ساڵ به‌رده‌وام بووه تا توانراوه تۆمه‌تباره‌كه بدۆزرێته‌وه، "کارەساتهكه ئەوەیە ئێمە زۆر درەنگ پێمانزانی". بۆیه پێشنیاری كرد كه شاره‌وانی په‌له‌بكات له راگه‌یاندنی هه‌ڵمه‌تێكی فراوان بۆ دار چاندن.
بەپێی یاسا بەركارەكانی هەرێمی كوردستان، سزای بڕینەوەی دار لە 150 هەزار دیناری غەرامەوە دەستپێدەكات تا سەروو شەش مانگ زیندانیكردن، بەڵام لە یاسا بەرەكارەكانی عیراقدا، سزاكە لە 25 هەزار دینارەوە تا دوو ساڵ زیندانی دەڕوات.
قەزای كفری یەكێكە لە ناوچەكانی جێناكۆك بەپێی دەستوری عیراق، بەڵام لەڕوی ئیدارییەوە سەر بە ئیدارەی گەرمیانە و بەپێی داتاكانی ساڵی 2023 رێژەی سەوزایی لە گەرمیان تەنیا لەسەدا 5.7 بووە، ئەوەش كەمترە لە رێژەی ستانداردی جیهانی كە نابێت لەسەدا 30كەمتر بێت.
ئارام که‌ریم، ئه‌ندامی ده‌سته‌ی كارگێڕی له رێكخراوه پاڵپشتییه‌كانی كفری، به (كه‌ركوك ناو)ی وت "له‌گه‌ڵ حكومه‌تی خۆجێی كفری له گفوتگۆداین بۆ ئه‌وه‌ی له‌جێی داره بڕاوه‌كان داری كناری بڕوێنین، به‌ڵام ئه‌مكاره پێویستی به پاڵپشتی خۆبه‌خشانی كفری، خەڵکی خێرخواز و دۆستانی ژینگە هه‌یه و خه‌ڵكانێكی زۆر به‌ڵێنی هاوكارییان پێداوین".