"له‌ شیرینی خه‌ودا باوكیان كوشت"
دانپێدانانی كوشتنی هاوڵاتییه‌ك له‌لایه‌ن خێزانه‌كه‌یه‌وه‌

كه‌ركوك، ئابی 2018، بازاڕی سه‌ره‌كی له‌ ناوه‌ندی ناحیه‌ی پردێ له‌ باكوری پارێزگای كه‌ركوك فۆتۆ: كاروان ساڵحی

كه‌ركوك ناو

هاوڵاتییه‌ك له‌لایه‌ن خێزانه‌كه‌یه‌وه‌ به‌ پاچ كوژرا، كاتێك له‌ شیرینی خه‌ودا بووه‌، ئه‌وه‌ش به‌پێی لێكۆڵینه‌وه‌ سه‌ره‌تاییه‌كانی پۆلیس دوای ده‌ستگیركردنی تۆمه‌تباره‌كان.

روداوه‌كه ئێواره‌ی سێشه‌ممه‌ 9ی نیسان ئاشكرابوو، دوای دۆزینه‌وه‌ی ته‌رمێك له‌ گوندی نه‌بیاوه‌ی ناحیه‌ی پردێ له‌ پارێزگای كه‌ركوك و له‌ ماوه‌ی چه‌ند كاتژمێرێكیشدا، ته‌واوی تۆمه‌تبارانی دۆسیه‌كه‌ له‌لایه‌ن هێزه‌ ئه‌منییه‌كانه‌وه‌ ده‌ستگیركران.

عه‌قید عابدین نه‌جمه‌دین، به‌ڕێوه‌به‌ری پۆلیسی ناحیه‌ی پردێ به‌ (كه‌ركوك ناو)ی وت "له‌ هه‌بونی ته‌رمێك ئاگاداركراینه‌وه‌ له‌ نزیك گۆڕستانی گوندی نه‌بیاوه‌، كاتێك گه‌یشتینه‌ شوێنه‌كه‌ و ته‌رمه‌كه‌مان هه‌ڵگرته‌وه‌، هێشتا خوێن به‌ جه‌سته‌كه‌وه‌ بوو، بۆیه‌ نه‌ناسرایه‌وه‌".

"چه‌ند كاتژمێرێك دوای دۆزینه‌وه‌ی ته‌رمه‌كه‌، خێزانی قوربانییه‌كه‌ په‌یوه‌ندییان كرد تا هێزه‌ ئه‌منییه‌كان له‌ دیارنه‌مانی سه‌رۆك خێزانه‌كه‌ ئاگاداربكه‌نه‌وه‌ دوای ده‌رچونی له‌ ماڵ به‌ رۆژێك پێشتر".

به‌رێوه‌به‌ری پۆلیس باسی له‌وه‌كرد ده‌ستبه‌جێ شه‌وی رابردو به‌بڕیاری دادوه‌ر چونه‌ته‌ ماڵی قوربانییه‌كه‌، له‌وێشه‌وه‌ سه‌ره‌داوی تاوانه‌كه‌یان ده‌ستكه‌وت، "بینیمان له‌ ماڵه‌كه‌ پێڵاوی كوژراوه‌كه‌ له‌به‌ر ده‌رگا فڕێدرابوو، ناو ماڵه‌كه‌ هه‌مووی خوێن بوو، هه‌رچه‌ند ماڵه‌كه‌یان بۆیاخ كردبۆوه‌ و پاككرابۆوه‌، به‌ڵام خوێنه‌كه‌ هه‌ر مابوو".

به‌وته‌ی عه‌قید عابدین هه‌ر ئه‌وكات هاوسه‌ری كوژراوه‌كه‌، كوڕێك و كچێكی ده‌ستگیركراون له‌گه‌ڵ تۆمه‌تبارێكی تر كه‌ هاتوچۆی ئه‌و خێزانه‌كه‌ی كردووه‌.

كوشتنه‌كه‌یان به‌ پاچ (قازمه‌) ئه‌نجامداوه‌ به‌هاوكاری هاوسه‌ری قوربانییه‌كه‌ و كچه‌كه‌ی

"ئه‌مڕۆ چوارشه‌ممه‌ ده‌ستگیركراوه‌كان له‌به‌رده‌م دادوه‌ر دانیان به‌ تاوانه‌كه‌یاندا ناوه‌ كه‌ كوشتنه‌كه‌ له‌لایه‌ن كوڕی كوژراوه‌كه‌ و ئه‌و كه‌سه‌ی سه‌ردانیكردون ئه‌نجامدراوه‌، كوشتنه‌كه‌یان به‌ پاچ (قازمه‌) ئه‌نجامداوه‌، له‌وه‌شدا هاوسه‌ری قوربانییه‌كه‌ و كچه‌كه‌یشی هاوكار و به‌شداربون".

(كه‌ركوك ناو) له‌به‌ر رێكاره‌ یاساییه‌كان و پرۆسه‌ی لێكۆڵینه‌وه‌ ناوی ده‌ستگیركراوه‌كان بڵاوناكاته‌وه‌.

كوژراوه‌كه‌، خه‌ڵكی شاری هه‌ولێره‌ و چه‌ند ساڵێكه‌ له‌ ناحیه‌ی پردێی كه‌ركوك نیشته‌جێیه‌، پاسه‌وانی یه‌كێك له‌ حزبه‌ كوردییه‌كانه‌ له‌ پارێزگای كه‌ركوك.

ئه‌ندامانی ئه‌و خێزانه‌، دوای ده‌ستگیركردن و له‌ دانپێدانانه‌كه‌یاندا باسیان له‌وه‌كردووه‌ كوژراوه‌كه‌ له‌گه‌ڵ منداڵه‌كانی مامه‌ڵه‌ی باش نه‌بووه‌، وه‌ك عه‌قید عابدین وتی "ئه‌وان ده‌ڵێن كوژراوه‌كه‌ زۆركات مه‌ست بووه‌ و ئازاری منداڵه‌كانی داوه‌، بۆیه‌ ئه‌وانیش له‌ خه‌ودا كوشتویانه‌، به‌وپێیه‌ی له‌كاتی دۆزینه‌وه‌ی ته‌رمه‌كه‌یدا جلوبه‌رگی ماڵه‌وه‌ی له‌به‌ردا بوو".

  • FB
  • Instagram
  • Twitter
  • YT