بڕی 8 ملیار دۆلاری تێده‌چێت
حکومەتی عیراق پاڵاوگه‌یەکی نەوت له‌ کەرکوک دروستدەکات

كه‌ركوك/ یه‌كێك له‌ بیره‌ نه‌وتییه‌كانی سه‌ر به‌ كۆمپانیای نه‌وتی باكور فۆتۆ: كه‌ركوك ناو

سۆران محەمەد – کەرکوك

یاریده‌ده‌ری پارێزگاری كه‌ركوك بۆ كاروباری هونه‌ری، بڕیاری دروستكردنی پاڵاوگه‌یه‌كی نه‌وت له‌ پارێزگاكه‌ ئاشكراده‌كات به‌ بڕی هه‌شت ملیار دۆلار.

عەلی حەمادی، به‌ (کەرکوک ناو)ی وت "دوای سەردانی وەزیری نەوتی عیراق و شاندێكی باڵا له‌ به‌غداوه‌ بۆ كه‌ركوك، بڕیاردرا بە دروستکردنی پاڵاوگه‌یەکی نەوت لە شارەکە... ئیدارەی پارێزگای کەرکوک هەوڵەکانی چڕکردۆتەوە بۆ ئەوەی لە زوترین کاتدا دەست بە دروستکردنی پاڵاوگه‌کە بکرێت".

وتیشی "کەرکوک یەکەمین شاری عیراقە کە بیری نەوتی تێدا لێدراوه‌، بۆیە ناکرێت ئەم شارە بێ پاڵاوگە بێت، بەداخەوه‌ لە کەرکوک تائێستا بە کۆبۆن سوتەمەنی بەسەر هاوڵاتیاندا دابەشدەکرێت"، زیاتر وتیشی "بە دروستکردنی پاڵاوگه‌کە چەندین هەلی کار بۆ گەنجان دەڕەخسێت، ئەمە جگه‌لەوەی کێشەی سوتەمەنی لە کەرکوک نامینێت".

بە دروستکردنی پاڵاوگه‌کە چەندین هەلی کار بۆ گەنجان دەڕەخسێت، ئەمە جگه‌لەوەی کێشەی سوتەمەنی لە کەرکوک نامینێت

14ی نیسان، وه‌فدێكی باڵای حكومه‌تی عیراق له‌ ژماره‌یه‌ك وه‌زیر و به‌ڕێوه‌به‌ری گشتی، به ‌سه‌رۆكایه‌تی سامر غەزبان، جێگرى سەرۆک وەزیران بۆ کاروبارى وزه‌ و وەزیرى نەوت سه‌ردانی كه‌ركوكیان كرد، به‌وته‌ی حه‌مادی له‌و سه‌ردانه‌دا‌ بڕیاری دروستكردنی پاڵاوگه‌كه‌ دراوه‌.

پاڵاوگەکە بەپێی وته‌ی حه‌مادی به‌ بڕی ٨ ملیار دۆلار و لەسەر رێگای کەرکوک – لەیلان  دروستده‌كرێت.

"بوجەی تێچوو بۆ پڕۆژەکە لەلایەن وەزارەتی نەوتی عیراقەوە دابینده‌كرێت و بڕیارە لە ماوەی پێنج ساڵدا کارەکانی له‌لایه‌ن كه‌رتی تایبه‌ته‌وه‌ تەواوبکرێت"، هه‌ر به‌ وته‌ی حه‌مادی.

  • FB
  • Instagram
  • Twitter
  • YT