(كەركوك ناو) وردەكاری رێككەوتنەكە بڵاودەكاتەوە
راكان سەعید لە پۆستی پارێزگاری كەركوك دەمێنێتەوە

كه‌ركوك/8ی كانونی دووه‌می 2019/ هۆڵی كۆبونه‌وه‌كانی ئه‌نجومه‌نی پارێزگا فۆتۆ: كاروان ساڵحی

كەركوك ناو

ژمارەیەك ئەندامی ئەنجومەنی پارێزگای كەركوك بە ناوی نەتەوەكانیانەوە رێككەوتنیان بۆ مانەوەی راكان سەعید، لە پۆستی پارێزگاری كەركوك و دابەشكردنی پۆستەكانی دیوانی پارێزگا واژۆكردووە، ئەوەش ناڕەزایی بەدوای خۆیدا دەهێنێت و رێككەوتنە لەلایەن ژمارەیەك ئەندامی كوتلە جیاوازەكانەوە رەتدەكرێتەوە.

ئەو رێككەوتنە نۆ خاڵییە مێژووەكەی بۆ 17ی نیسانی ئەمساڵ دەگەڕێتەوە، تیایدا بابەكر سدیق (كاكەڕەش سدیق) بەناوی سەرۆكی كوتلەی كوردی، قاسم بەیاتی لە كوتلەی توركمانی و سەرۆكی كوتلەی عەرەبیش بەبێ ئەوەی ناوی بنوسرێت واژۆی كردووە و دواتر راكان سەعید بەنوسراوێك ئاراستەی ئەنجومەنی وەزیرانی عیراقی كردووە.

خاڵی سەرەكی رێككەوتنەكە، رازیبونی ئەو ئەندامانەی ئەنجومەنە بە مانەوەی راكان سەعید، وەكو پارێزگاری كەركوك بەوەكالەت، ئەوەش بەهۆی ئەنجامنەدانی كۆبونەوەی ئەنجومەنی پارێزگا وەك لە رێككەوتنەكەدا ئاماژەی پێكراوە.

رێككەوتنەكە ناڕەزایی فراوانی لێدەكەوێتەوە

خەلیل حەدیدى، ئەندامى ئەنجومەنى پارێزگاى کەرکوک لە کوتلەی عەرەبى، بە (كەركوك ناو)ی وت "رێکكەوتنەكە تەنیا لە نێوان چوار كەسدا كراوە، ئەوانیش پارێزگاری كەركوك و سێ ئەندامی ئەنجومەن كە خۆیان وەكو سەرۆك و نوێنەری نەتەوەكان نیشانداوە، هەموو ئەندامانی نەتەوەكان لە ئەنجومەنی پارێزگا ئاگاداری ئەو رێككەوتنە نین".

وتیشی "ئەو کەسانە نەکراون بە نوێنەرى ئێمە بۆ دانیشتن تا واژۆی رێككەوتن بكەن، ئێمە دەبێت چاوەڕێی ئەنجامدانى هەڵبژاردنى ئەنجومەنى پارێزگاى کەرکوک بکەین بۆ ئەوەى هەر کەسەو هێز و پێگەى خۆى بزانێت چەندە... ئەو دابەشكارییەی ئێستا شتێكی عەشوائییە، ئەمەی ئێستا خزمەت بە شارەکە ناگەیەنێت".

ئەو کەسانە نەکراون بە نوێنەرى ئێمە بۆ دانیشتن تا واژۆی رێككەوتن بكەن

هەروەها نەجات حسێن، ئەندامی تورکمانى لە ئەنجومەنى پارێزگاى کەرکوک، بە (كەركوك ناو)ی وت "ئێمە ئاگادارى هیچ رێکكەوتنێک نین، هەریەک لە قاسم حەمزە و تەحسین کەهیە بەناوی نەتەوەی توركمانەوە ئەو رێككەوتنەیان كردووە، هەر رێككەوتنێك بكرێت دەبێت بە تەواوی نەتەوەكان و كوتلەكان بەشداربن".

وتیشی "ئەوان نوسیویانە كوتلەی توركمانی، بەڵام ئێستا توركمان بووە بە دوو كوتلەی جیاواز، قبوڵناكەین بەناوی هەموو توركمانەوە رێككەوتن بكرێت"

ئازاد جەبارى، ئەندامی یەكێتی لە لیستى برایەتى كەركوك، رەتیكردەوە ئەو ئاگاداری ئەو رێككەوتنە بێت و وتی "ماوەیەك بەر لە ئێستا لیژنەیەکى هاوبەش بۆ پێداچونەوە بە پۆستەکانی كەركوك پێكهێنرا، بەڵام من و ئەحمەد عەسکەرى لە لیستى برایەتى ئەو پێداچونەوەیەمان رەتكردەوە".

ئەوەش لەكاتێكدایە بابەكر سدیق لە هەمان حزب واژۆی لەەسر رێككەوتنەكە كردووە.

كورتەی رێككەوتنەكە

یەكەم/ مانەوەى راکان سەعید پارێزگارى کەرکوک لە پۆستەكەی

دووەم/ مانەوەى عەلى حەمادى، وەکو یاریدەدەرى پارێزگار بۆ کاروبارى هونەرى لە نەتەوەی عەرەب.

سێیەم/ مانەوەى راید جەمال نەشئەت وەکو یاریدەدەرى پارێزگار بۆ كاروباری کارگێڕیى (مەسیحى)

چوارەم/ پۆستى یاریدەدەرى پارێزگارى کەرکوک بۆ کاروبارى خزمەتگوزارى بدرێت بە خەبات ئەسعەد لە نەتەوەى کورد.

پێنجەم/ پۆستى یاریدەدەرى پارێزگارى کەرکوک بۆ کاروبارى وزە بدرێت بە یاڵچین مەهدى، لە نەتەوەى تورکمان.

شەشەم/ مانەوەى عیماد خەڵەف، وەکو راوێژکارى یاسایى و كاروباری رێکخراوەیی پارێزگار لە نەتەوەى عەرەب.

حەوتەم/ مانەوەى سەباح محەمەد وەکو راوێژکارى کارگێڕى پارێزگارى کەرکوک لە نەتەوەى تورکمان.

هەشتەم/ پۆستى راوێژکارى ئەمن و ئاسایش پارێزگارى کەرکوک بدرێت بە تەها  سەڵاحەدین لە نەتەوەى تورکمان .

نۆیەم/ پۆستى راوێژکاری هونەرى بۆ کاروبارى پەرەپێدان و نۆژەنکردنەوە بدرێت بە محەمەد غەریب لە نەتەوەى کورد.

 

  • FB
  • Instagram
  • Twitter
  • YT