پارتی لە كەركوك وەڵامی یەكێتی دەداتەوە
نوێنەرایەتی زۆرینەی دانیشتوان ناكەن و رازیشبون بە مانەوەی راكان سەعید

لۆگۆی پارتی دیموكراتی كوردستان

كەركوك ناو

لقی كەركوكی پارتی دیموكراتی كوردستان، یەكێتی تۆمەتبار دەكات بەوەی بە "دزیی" و بە شێوەی "تەزویر" بەناوی لیستی برایەتییەوە رازیبون بە مانەوەی راكان سەعید، وەكو پارێزگاری كەركوك بەوەكالەت. لەكاتێكدا لە ئەنجومەنی پارێزگا نوێنەرایەتی زۆرینەی دانیشتووان ناكەن.

ئەو هەڵوێستەی پارتی لە راگەیەنراوێكیاندا هاتووە كە دووشەممە 20ی ئایار بڵاوكراوەتەوە وەك وەڵامێك بۆ هەڵوێستێكی پێشوی یەكێتی كە ریفراندۆمی  بە بڕیارێكی سەقەت ناوبردبوو و بە ناڕاستەخۆش پارتی بەهۆكاری ئەو هێرشانە تۆمەتباركرد كە دەكرێتە سەر حزبەكەیان لە كەركوك.

لە راگەیەنراوەكەی لقی كەركوكی پارتیدا هاتووە "لەناو ئەنجومەنی پارێزگادا نوێنەرایەتی زۆرینەی دانیشتووانی كەركوك ناكەن... ئەو پارێزگارەی، عەرەبی سەرگەڕان بە رەسەن دادەنێت، ئەوە ئێوەن ئیعترافی پێدەكەن و بە ئیمزای خۆتان دەڵێن تا هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگا دەكرێت پارێزگار لە پۆستەكەی خۆی بمێنێتەوە"، ئەوەش وەك ئاماژەیەك بۆ رێككەوتنی ژمارەیەك ئەندامی ئەنجومەنی كوتلە جیاوازەكان لەنێویاندا یەكێتی، كە رێككەوتنەكە خۆی لە مانەوەی راكان سەعید لە پۆستەكەیی و دابەشكردنی پۆستەكانی دیوانی پارێزگا دەبینێتەوە.

لەناو ئەنجومەنی پارێزگادا نوێنەرایەتی زۆرینەی دانیشتووانی كەركوك ناكەن

پارتی دەڵێت "لە خاڵی یەكەمی رێككەوتنەكە هەم ئیعترافیان بە داگیركاریی كەركوك كردووە، هەم لە لیستی برایەتی خۆتان دورخستۆتەوە و بەدزییەوە بە ناوی كوتلەی كوردەوە و بەناوی لیستی برایەتییەوە تەزویرتان كردووە. هەم ئیمزاتان كردووە كە ئەو پارێزگارە هەتا هەڵبژاردنی داهاتوو لە كارەكەی بەردەوامبێت".

ئەو رێككەوتنەی نێوان ژمارەیەك ئەندامی ئەنجومەن بەناوی نەتەوەكانیانەوە لەگەڵ راكان سەعید مێژوویەكەی بۆ 17ی نیسانی ئەمساڵ دەگەڕێتەوە بەڵام دوو رۆژە بۆ میدیا و خەڵك ئاشكرابووە.

"لە خاڵی چوارەمی رێككەوتنەكەشتاندا، پۆستی یاریدەدەری پارێزگار بۆ كاروباری خزمەتگوزاری دراوەتە كەسێكی ئێوە، ئەی ئەمەش بەشداریی و پەیوەندی نییە لەگەڵ حكومەت خۆجێیەكە كە ئێوە دەڵێن هیچ هاوبەشییەكتان لەگەڵ راكان سەعید نییە، ئەی ئەوە چییە؟"، بەپێی راگەیەنراوەكەی پارتی.

یەكێتی دووشەممە 20ی ئایار لە راگەیەنراوێدا جەختیكردەوە "هیچ جۆرە هاوبەشییەکمان لەگەڵ راکان سەعید و حکومەتى خۆجێیەتى پارێزگاى کرکوک نییە. بەڵام یەکێتى نوێنەرایەتى زۆرینەى خەڵکى پارێزگاى کەرکوک دەکات، ئاساییە لە پەیوەندیدابێت لەگەڵ حکومەتى خۆجێیەتى بۆ رایکردنى کاروبارى هاوڵاتیان و چارەسەرکردنى کێشەکانیان".

لەبارەی راگەیەنراوەكەی یەكێتی، كە دەڵێت لە سایت و تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان هەڵمەتی بێ بنەما و ناڕاست دەكرێت و تیایدا هاتووە "كێ لە پشتی ئەم شێواندنەیە: ئەوانەى لە هەولێر فرمێسکى تیمساحى بۆ کەرکوک هەڵدەڕێژن".

 پارتی وەڵامدەداتەوە و دەڵێت "ئەو راستییانە بەردەستی میدیا و سۆسیال میدیا كەوتووە، بۆ ئەوەی ئێوە چیتر خڵك چەواشەنەكەن و ئێوەی خیانەتی 16ی ئۆكتۆبەر خۆتان پاك نیشانبدەن".

ئەو راستییانە بەردەستی میدیا و سۆسیال میدیا كەوتووە، بۆ ئەوەی ئێوە چیتر خڵك چەواشەنەكەن

لە بەشێكی راگەیەنراوەكەی لقی كەركوكی پارتیدا دەڵێت "مەبەستمان گشت یەكێتی نییە، خیانەتكارانی 16ی ئۆكتۆبەر باش خۆیان دەناسن. ئەو خیانەتە هۆكاری ئەو كارەساتانەیە كە دوزخورماتوو، كەركوك و شوێنەكانی تری گرتۆتەوە و بەردەوامە".

  • FB
  • Instagram
  • Twitter
  • YT