یەكێتی دۆسیەكەی جوڵاندووە
زانیاری زیاتر دەربارەی دۆسیەكەی راكان سەعید، پارێزگاری كەركوك بەوەكالەت

راكان سەعید، یەكەم رۆژی دەستبەكاربونی وەكو پارێزگاری كەركوك بەوەكالەت لە 16ی ئۆكتۆبەری 2017 فۆتۆ: كەركوك ناو

كەركوك ناو

دادگای لێكۆڵینەوەی دەستپاكی كەركوك، بڕیاری دەستگیركردنی راكان سەعید پارێزگاری كەركوكی داوە، ئەوەش بەپێی دوو سەرچاوە، كە جەختدەكەنەوە لەسەر سكاڵای پەرلەمانتارێك بووە بە تۆمەتی "بەهەدەردانی ٩٥٠ ملیۆن دیناری" ئاوەدانكردنەوەی ئەو ناوچانەی لەژێر دەستی داعش كۆنترۆڵكراونەتەوە.

كردنەوەی ئەو دۆسیەیە بۆ مانگی شوباتی ئەمساڵ دەگەڕێتەوە، كاتێك پەرلەمانتارێكی یەكێتی لە كەركوك پرسی "بەهەدەردانی 950 ملیۆن دینارەكەی" بردۆتە داواكاریی گشتیی كەركوك و لەوێوە كەیسەكە جوڵێنراوە.

سەرچاوەیەكی ئاگادار لە وردەكاری ئەو دۆسیەیە بە (كەركوك ناو)ی وت "دیلان غەفور، پەرلەمانتاری كەركوكی یەكێتی لە پەرلەمانی عیراق، لە مانگی شوباتی ئەمساڵ دۆسییەكەی بردۆتە دادگای كەركوك و لەڕێی داواكاریی گشتییەوە سكاڵای كردووە، دواتر سكاڵاكە بۆ رەزامەندی نیشاندان ئاراستەی بەغدا كراوە".

وتیشی "دوای ئەوەی داواكە لە بەغداوە گەڕاوەتەوە، كۆتایی هەفتەی رابردوو دادگای لێكۆڵینەوەی دەستپاكی كەركوك بڕیاری دەستگیركردنی بۆ راكان سەعید دەركردووە، بەڵام راكان چۆتە بەغدا و هێشتا نەگەڕاوەتەوە".

دوای ئەوەی داواكە لە بەغداوە گەڕاوەتەوە، كۆتایی هەفتەی رابردوو دادگای لێكۆڵینەوەی دەستپاكی كەركوك بڕیاری دەستگیركردنی بۆ راكان سەعید دەركردووە

سەرچاوەیەكی تر كە نزیكە لە وردەكاریی هەوڵەكانی دیلان غەفور پەرلەمانتارەكەی یەكێتی و نەیویست ناوی بڵاوبكرێتەوە، بە (كەركوك ناو)ی وت "سكاڵاكەی دیلان لە دژی پارێزگاری بەوەكالەتی كەركوك، لەسەر بەهەدەردانى سامانى وڵات بووە".

بەپێی ئەو زانیارییانەی كە ئەو دوو سەرچاوەیە بە (كەركوك ناو)یان داوە، بەشێكی زۆری ئەو پارەیەی كە بۆ ناوچە كۆنترۆڵكراوەكان دانراوە، "لە میوانخانەكەی راكان سەعید خەرجكراوە".

بەپێی چەند وەسڵێك كە دوو رۆژە لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان بڵاوبۆتەوە و چەند كۆپییەكی لای (كەركوك ناو)ە، ژەمە خواردن بە بڕی جیاواز جیاواز لە دوو ملیۆنەوە بۆ پێنج ملیۆن، بۆ میوانخانەی پارێزگار خەرجكراوە، بەڵام (كەركوك ناو) نەیتوانی راستی ئەو بەڵگەنامانە بسەلمێنێت و هەروەها رون نییە ئایا لە ماوەی چەند-دا خەرجكراوە و ئەو خواردنە بۆ كێ و چۆن بووە. دیاریش نییە ئەو بەڵگانە چ پەیوەندییەكیان بە دۆسییەكەی پەرلەمانتار دیلان غەفورەوە هەبووە.

هەموو ئەو سەرچاوانەی قسەیان بۆ (كەركوك ناو) كرد و جەختیان لەسەر بونی بڕیارێك بۆ "دەستگیركردنی راكان سەعید" دەكردەوە، بەڵام هیچ كۆپییەكی بڕیارەكەیان پێنەبوو.

دیلان غەفور، لەبارەی ئەو كەیسەوە، رەتیكردەوە بچێتە ناو وردەكاریی بابەتەكەوە و تەنیا وتی "من چاوەڕوانی بڕیار و هەڵوێستی دادگام".

(كەركوك ناو)، نەیتوانی لێدوانی دادگا و پۆلیس لەسەر ئەو كەیسە وەربگرێت، هەروەها دوو رۆژە نوسینگەی راكان سەعید، پارێزگاری كەركوك بەوەكالەت وەڵامی هیچ پەیوەندییەكیان نەداوەتەوە.

هاوکات، چەند ئەندامێكی ئەنجومەنی پارێزگای كەركوك رەتیانكردەوە ئاگاداری ئەو پرسە ببن و تەنیا ئازاد جەباری، ئەندامی یەكێتیی لە لیستی برایەتی لە ئەنجومەنی پارێزگا، بە (كەركوك ناو)ی وت "ئەوەی هەیە بڕیاری دەستگیركردن نییە، تەنیا بانگهێشتكردنێكی پارێزگارە لەسەر ئەو دۆسیەیە و شتێكی وا نییە".

ئەوەی هەیە بڕیاری دەستگیركردن نییە، تەنیا بانگهێشتكردنێكی پارێزگارە لەسەر ئەو دۆسیەیە

راكان سەعید، لە 11ی حوزەیران سەردانی دادگای لێكۆڵینەوەی كەركوكی كرد و لە راگەیەنراوێكدا وتی "سەردانە بۆ پیرۆزبایی مانگی رەمەزان بووە".

جگە لە دۆسییەكەی دیلان غەفور، چالاكوانی مەدەنی ئەدهەم جومعە، یەكێكە لەو كەسانەی سكاڵای لەسەر پارێزگاری بەوەكالەت تۆماركردووە، لەسەر ئەوەی "ئاشتەوایی نێوان پێكهاتەكانی كەركوكی تێكداوە و بە بڕیاری ئەوە هێرشی كردۆتە سەر خۆپیشاندەران".

ئەدهەم جومعە بە (كەركوك ناو)ی وت "ساڵێك و شەش مانگ لەمەوبەر خۆپیشاندانمان كرد دژی ئەوەی ئاشتەوایی پێكهاتەكانی تێكداوە، بەڵام لەلایەن هێزێكی ئەمنییەوە بە بڕیاری راكان سەعید دەستگیركراین، ئێمەش لە پۆلیس و مافی مرۆڤ سكاڵامان تۆماركرد".

جوڵاندنی ئەو دۆسیەیە لەكاتێكدایە راكان سەعید، دوێنێ یەكشەممە 16ی حوزەیران بەشداریكرد لە كۆبونەوەی دەستەی باڵا بۆ هەماهەنگی نێوان پارێزگاكان كە عادل عەبدولمەهدی، سەرۆك وەزیرانی عیراق سەرۆكایەتی كرد.

  • FB
  • Instagram
  • Twitter
  • YT