ئەبو عەبدوڵا، خانەنشینێكی نیشتەجێی شاری موسڵە و موچەكەی بە دینار وەردەگرێت، لەگەڵ هەڵكشانی بەهای دۆلار، خۆی بە زەرەمەندی یەكەم دەزانێت، چونكە زۆرینەی پێداویستییەكانی رۆژانەی كە بە دراوی بیانی هاوردەكراوە، نرخەكەی لەسەر حسابی گیرفانی ئەو و هاوڵاتیان بەرزبۆتەوە.
"لەگەڵ گۆڕینی نرخی دراو، هەموو شتێك نرخی زیادیكردووە، هەندێك پێداویستی ئاسایی لە توانای كڕینی هاوڵاتیاندا نەماوە، میوە و گۆشت و زۆر شتی تر" ئەبو عەبدوڵا، بە دەنگی بەرز و ناڕەزاییەوە دژی بڕیاری گۆڕانكاری لە نرخی ئاڵوگۆڕی دینار بەرانبەر بە دۆلار، وای وت.
ئەنجومەنی وەزیرانی عیراق، كتوپڕ و لەسەر راسپاردەی هاوبەشی بانكی ناوەندی و وەزارەتی دارایی، بڕیارێكی پەسەندكرد بۆ گۆڕانكاری لە نرخی ئاڵوگۆڕی دینار بەرانبەر بە دۆلار و لە 7ـی تشرینی یەكەمی 2026ـەوە، نرخەكەی نوێیەكە چۆتە بواری جێبەجێكردنەوە، كە 20 هەزار دینار جیاوازی لەگەڵ نرخی پێشوودا هەیە. ئەوەش شڵەژان و شێواوی لە بازاڕدا دروستكرد.
گۆڕانكارییە چەندین پاساوی جیاوازی بۆ خراوەتەڕوو، سەرەكیترینیان چارەسەر و پڕكردنەوەی كورتهێنانی گەورەیە لە بودجەدا، بەوپێیەی عیراق زۆرینەی داهاتی فرۆشتنی نەوتی لەدەستداوە، بەهۆی بارگرژییەكانی گەروی هورمز لە دەرەنجامی شەڕی نێوان ئێران لەگەڵ ئەمریكا/ئیسرائیل. كە دەروازەی سەرەكی هەناردەكردن بوو.
دۆلار لە شەش ساڵدا
بەپێی بڕیارە نوێیەكەی نرخی ئاڵوگۆڕی دراو، لەمەودوا 100 دۆلار بە 152 هەزار دینار لەلایەن بانكەكانەوە بە هاوڵاتیان دەفرۆشرێت، كە پێشتر نرخی رەسمی 100 دۆلار لە بانكەكاندا 132 هەزار دینار بوو.
نرخی رەسمی بانك لەگەڵ بازاڕدا نزیكەی 20 هەزار دینار جیاوازی هەیە، ئەوكاتەی 100 دۆلار بە 132 هەزار دینار بوو لە بازاڕدا بە 150 هەزار دینار مامەڵەی پێوەدەكرا و لە دوای بڕیارەكە نوێیەكەوە، نرخی دۆلار ناجێگیرە، لە هەندێك شوێن فرۆشتنی 100 دۆلار گەیشتە زیاتر لە 185 هەزار دینار.
حکومەت و بانکی ناوەندی دەڵێن؛ گۆڕانکاری لە نرخى ئاڵوگۆڕی دراو بۆ بەرەنگاربونەوەی دەرئەنجامەکانی قەیرانە هەرێمی و نێودەوڵەتییەکان و پاراستنی سەقامگیریی دارایی و نەختینەییە. بەپێی بەیاننامەیەكی بانكی ناوەندی، بڕیارەكە "بەشێوەیەكی راستەوخۆ خزمەتی ئابوری نیشتیمانی و هاوڵاتیان دەكات لە پاڵپشتیكردنی بەرهەم و پیشەسازی ناوخۆیی".
بانكی ناوەندی وایدەبینێت لە دوای بڕیارەكەوە، كێبڕكێ لە نێوان بەرهەمی ناوخۆیی و هاوردەكراودا دروستدەبێت، دەبێتە هاندانێك بۆ فراوانكردنی كەرتی پیشەسازی و كردنەوەی كارگە، ژینگەیەكی لەبار بۆ وەبەرهێنان دەڕەخسێنێت، ئەوەش لە بەرژەوەندی خستنەكاری گەنجان و كەمكردنەوەی رێژەی بێكارییە.
یەكەمجار نییە بڕیاری لە گۆڕینی نرخی ئاڵوگۆڕی دینار بەرانبەر بە دۆلار دەدرێت، لە ساڵی 2020ـدا نرخەكە لە نزیكەی 120 هەزار دینارەوە بۆ 100 دۆلار كرا بە 147 هەزار دینار، ئەو نرخەش دوو ساڵ بەردەوامی هەبوو، دواتر و لە بودجەی سێ ساڵی 2023، 2024 و 2025ـدا نرخی ئاڵوگۆڕ گۆڕانكاری بەسەرداهات و 100 دۆلار بە 132 هەزار دینار جێگیركرا.
خەڵك ناڕازییە و بازاڕ شێواوە
لەگەڵ بڵاوبونەوەی بڕیاری گۆڕانكاری لە نرخی ئاڵوگۆڕی دراو، بازاڕ شڵەژا، بە تایبەت بازاڕی دراو ناجێگیر بوو، نرخی فرۆشتنی 100 دۆلار جیاوازی هەبوو، لە موسڵ 170 هەزار دیناری تێپەڕاند و لە پارێزگای دیكە گەیشتە زیاتر لە 185 هەزار دینار.
ئەو ناجێگیرییە بەپێی بەدواداچونی (كەركوك ناو)، كاریگەری لەسەر نرخی شتومەك و پێداویستییەكانی دیكەی رۆژانە هەبوو، بەشێك لە نرخەكان، بە تایبەت خۆراك و ئامێرە كارەبایی و ئەلیكترۆنییەكان بەرزبۆوە، بەوپێیەی زۆرینەی بەرهەمەكان بە دۆلار هاوردەدەكرێن.
ئەبو عەبدوڵا، لەو شڵەژانەی بازاڕدا چۆتە دەرەوە و دەیەوێت پێداویستی ماڵەوە بكڕێت، بە توڕەییەوە، كیسەیەك بە دەستی چەپی بەرزدەكاتەوە كە دەبەیەك راشی تێدایە و بە دەنگی بەرز هاوكار دەكات؛ خەڵكینە، راشی كە خواردنی هەژارەكان بوو، خەریكە دەبێتە خۆراكی پاشاكان و دەوڵەمەند. وەك ئاماژەیەك بۆ زیادبونی نرخ.
موچەی خانەنشینی ئەو كەمترە لە 600 هەزار دینار، سەروو 400 هەزار دیناری مانگانەی دەچێت بۆ دەرمان و نەخۆشی، وەكو خۆی دەڵێت، سەرباری تێچوی كارەبای مۆلیدە و پێداویستی تر، "نرخی کیلۆیەک گوشت گەیشتووەتە 20 هەزار دینار، نرخی هەندێک میوە و کەرەستەی خۆراکی بۆ توێژی کەمدەرامەت زۆر قورس بووە، بڕیارە زیاتر نرخەكانیش بەرز ببنەوە بەهۆی دۆلارەوە".
لەم بارودۆخە ئابورییە سەختەدا و بە بەرزكردنەوەی بەهای دۆلار، میللەت تووشی برسیەتی دەكەن
ناڕەزاییەكان تەنیا لە بازاڕ و شەقامەكاندا نییە، بەڵكو تۆڕە كۆمەڵایەتییەكانی تەنیوە، بە پۆست و ڤیدیۆ و تەنز و كۆمێنێت خەڵك بۆچونی دژی گۆڕانكارییەكە دەنوسێت، هەر دوێنێ 7ـی تشرینی یەكەم و دوای راگەیاندنی بڕیارەكە، وەزارەتی دارایی بژاردەی نوسینی كۆمێنێتی بۆ پۆستەكانی لە فەیسبوك راگرت، چونكە دەیان هەزار كەس كۆمێنتی دژایەتی بۆ بڕیارەكە دەنوسی.
محەمەد غەسوب، كاتێك قسەی بۆ (كەركوك ناو) كرد، خۆی وەكو چاودێری سیاسی ناساند و پێیوابوو بڕیارەكە پێچەوانەی سوێندنی دەستبەكاربونی حكومەت و پەرلەمانتارانە، كە پشتگیری لە بەرژەوەندی خەڵك بكەن بەڵام ئەوەی كراوە، بۆ پاراستنی بەرژەوەندی سەركردە سیاسییەكان بووە.
"ئێوە ئێستا میللەت لەناو دەبەن، لەم بارودۆخە ئابورییە سەختەدا و بە بەرزكردنەوەی بەهای دۆلار، میللەت تووشی برسیەتی دەكەن" غەسوب روو لە لێپرسراوانی باڵای عیراق، وای وت.
ناڕەزایییەكانی گۆڕانكاری لە نرخی ئاڵوگۆڕی دراو، هاوكاتە لەگەڵ قەیرانی دارایی عیراق، كە بەهۆیەوە نەك خەرجكردنی بودجەی گەشەپێدانی پارێزگا و زۆرێك لە پرۆژەكان راگیراون، لە مانگەكانی رابردودا دابەشكردنی موچەی فەرمانبەرانیش لە وادەی خۆیدا دواكەوت.
چاوەڕوانی لە پەرلەمان و حكومەت
لە كاتێكدا حکومەت جەخت دەکاتەوە کە گۆڕانكاری لە نرخی دراو بۆ پاڵپشتی ئابووری و بەرهەمی ناوخۆییە، پەرلەمانتاران داوا دەکەن ئەو هەنگاوانە لە بازاڕەكاندا رەنگدانەوەی هەبێت، لەڕێی کۆنتڕۆڵکردنی نرخ و بەردەوامی دابینکردنی خۆراك و دەرمان.
یوسف کیلابی، ئەندامی لیژنەی دارایی پەرلەمان لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا ئاشكرایكرد، كە حکومەت روبەڕوی بارودۆخێکی دارایی سەخت بۆتەوە و مووچە بە زەحمەت دابین دەکرێت، لەگەڵ ئەوەشدا وتی "پێویستە رێکارە حکومییەکان لەسەر حسابی هاوڵاتی نەبن، دەبێت رێگری لە بازرگانان بکرێت لە قۆستنەوەی قەیرانەکان و بەرزکردنەوەی نرخەکان".
پەرلەمان و حكومەت سەرقاڵی گفتوگۆی گەڵاڵەكردن و دواتر گفتوگۆی پرۆژەیاسای بودجەن، كە بڕیارە لەو یاسایەدا، نرخی دراو جێگیربكرێت و ئەو هەنگاوەش كاریگەری لەسەر سەقامگیری بازاڕ دادەنێت.
مەزهەر محەمەد ساڵح، راوێژکاری سەرۆک وەزیران بۆ كاروباری دارایی، بەرگری لە گۆڕانکاری نرخى ئاڵوگۆڕی دراو کرد و وتی، لە چوارچێوەی رێکارە پێشوەختەکاندایە بۆ پاراستنی سەقامگیریی ئابووری و دارایی، لە سایەی کاریگەرییەكانی قەیرانە هەرێمی و نێودەوڵەتییەکان لەسەر هەناردەی نەوت و داهاتی گشتی. بەپێی ئاژانسی فەرمی عیراقییە.
هەروەها ئاماژەی بەوەدا كە گۆڕانكارییە بە مانای تێکچوونی بارودۆخی ئابوری نایەت، بەڵكو ئامانج لێی دروستکردنی هامشێکی سەلامەتی دارایی و نەختینییە بۆ مامەڵەكردن لەگەڵ هەر پێشهاتێکدا كە کاریگەری لەسەر سەرچاوەکانی دراوی بیانی دابنێت.
كێشەكانی گەروی هورمز لە لێكەوتەی شەڕی چەند مانگەی نێوان ئەمریكا/ئیسرائیل لەگەڵ ئێران، لە شوباتی ئەمساڵەوە، بۆتە هۆی پەككەوتنی سەدا 85ـی هەناردەی نەوتی عیراق، كە سەرچاوەی دابینكردنی سەدا 90ـی داهاتی وڵاتەكەیە، بەوەش قەیران سەریهەڵداوە.
نەوار سەعدی، شارەزای ئابووری نێودەوڵەتی، پێیوایە چارەسەرکردنی لێکەوتەکانی بارودۆخی دارایی ناتوانێت تەنیا پشت بە سیاسەتی نەقدی ببەستێت، بەڵکو پێویستی بە چاکسازی ئابووری بەربڵاوتر هەیە. ئەو بە رۆژانەی "سەباح"ـی راگەیاندووە كە چارەسەركردنی كێشەی نەختینە گرنگە، بە مەرجێك هاوتەریب بێت لەگەڵ چاکسازی دیكە دەربارەی خەرجی حكومەت، باج، خۆدزینەوە لە گومرگ و هاندانی کەرتی تایبەت و بەرهەمهێنانی ناوخۆیی، نەك تەنیا بارگرانییە لەسەر هاوڵاتیان بێت.