یونامی لە دۆخی ئەمنیی و پێشلكارییەكانی داقوق دەكۆڵێتەوە

داقوق/ 2017/ نەخۆشخانەی گشتی قەزاكە فۆتۆ: محەمەد ئەڵماس

محەمەد ئەڵماس – داقوق

لێپرسراوانی نوسینگەی كەركوكی یونامی، لەگەڵ لێپرسراوانی قەزای داقوق و گوندنشینان و جوتیاران كۆدەبنەوە، بۆ ئامادەكردنی راپۆرتێك لەبارەی پێشێلكارییەكانی ناوچەكە و دۆخی ئەمنی، ئەوەش لە سەردانێكیاندا هات بۆ ئەو قەزایە.

وەفدەكە پێنجشەممە 18ی تەمموز، لەگەڵ قایمقامی قەزای داقوق و بەشێك لە ئەندامانی ئەنجومەنی قەزاكە گفتوگۆیان كرد، دواتر سەردانی ئەو گوندنشینانەیان كرد كە لەماوەكانی رابردودا زەرەرمەندبون بەهۆی سوتانی بەروبومە كشتوكاڵییەكانیان.

بەزران شیێخ غازى، ئەندامى ئەنجومەنى قەزاى داقوق كە لەكۆبونەوەكاندا ئامادەبوو، بە (كەركوك ناو)ی وت "مەبەستی سەردانەكەیان بۆ ئامادەكردنی راپۆرتێك بوو لەبارەی دۆخی ئەمنی قەزاكە، پێشێلكارییەكان و ئەو زەرەر و زیانانەی بەر جوتیاران كەوتووە".

دواتر وەفدەكە چونە ناوچە كاكەیی نشینەكان لە هەمان قەزا، ئەو ناوچانە لە ماوەكانی رابردودا جگە لە سوتاندنی بەروبومە كشتوكاڵییەكانیان، هێرشی چەكداریی كرایە سەر ناوچەكانیان و بۆمبی چێنراو لەسەر رێگاو زەوییەكانیان تەقێنرانەوە.

رەجب کاکەیی، داكۆكیكارێكی مافەكانی پێكهاتەیی كاكەیی كە لەگەڵ وەفدەكە سەردانی گوندەكانی كرد، بە (كەركوك ناو)ی وت "دەیانەوێت دەنگی كاكەییەكان بگەیەنن لە بارەی ئەو پێشێلكاریی و زیانانەی بەریان كەوتووە... زیانەكان و دۆخی ئەمنی ناوچەكەمان بە وەفدەكە گەیاند".

رەجەب زیاتر وتی "باسی ئەوەشمانكرد كە چۆن كاكەییەكان دەكرێنە ئامانج لەم ناوچەیە و روبەڕوی كوشتن و رفاندن دەبنەوە".

تەحسین نەجمەدین، جوتیارێکى کاکەیی لە گوندى عەلى سەرای، كە 700 دۆنم زەوی دانەوێڵەی سوتاوە، بە وەفدەكەی وتووە "فشار لەسەر حكومەتی عیراق دروستبكەن تا قەرەبومان بكاتەوە"، زیاتر وتویەتی "ژیانمان لەم ناوچەیە پارێزراو نییە".

  • FB
  • Instagram
  • Twitter
  • YT