وردەكاریی بارگرژییەكانی داقوق
15 كەس كوژران و برینداربون لە نێویاندا ژن و منداڵ هەن

داقوق/ 2017/ نەخۆشخانەی گشتی قەزاكە فۆتۆ: محەمەد ئەڵماس

كەركوك ناو

لە بارگرژییەكانی درەنگانێكی شەوی رابردوی قەزای داقوق، 11 كەس كوژران و چواری تر برینداربون، لە نێویاندا ژن و منداڵ هەن، روداوەكە لە تەقاندنەوەی گولـلە هاوەنێكەوە دەستیپێكرد و دواتر بارگرژییەكان بۆ ناو نەخۆشخانە گوازرانەوە، تا گەیشتە كوشتنی ئەفسەرێكی نەهیشتنی تاوانی داقوق و بڕیاری دەركردنی پۆلیسی فیدراڵی لەو قەزایە.

رووداوەكە چۆن بوو؟

دوای كاتژمێر 10ی شەوی رابردوو، چوار گولە هاوەن ئاراستەی گوندی دارا-ی ناوچەی حەفتەغار كرا لە باشوری داقوق.

یەكێك لە گولە هاوەنەكان، بەپێی شایەتحاڵ و سەرچاوە ئەمنییەكانی (كەركوك ناو)، بەر ماڵی خێزانێكی كورد دەكەوێت، بەهۆیەوە چوار كەس، دایك و باوك لەگەڵ دوو كوڕیان برینداربون.

سەرچاوەیەک لە نەخوشخانەى داقوق بە (کەرکوک ناو)ی وت "دواى وەرگرتنی چارەسەرى سەرەتایی، دایكەكە بەهۆی سەختی برینەكەیەوە رەوانەی نەخۆشخانەكانی كەركوك كرا، بەڵام دوای یەك كاتژمێر مانەوە گیانیلەدەستدا".

هێشتا دیار نییە ئەو گولە هاوەنانە لەلایەن چ هێزێكەوە ئاراستەی ئەو ناوچەیە كراون.

بارگرژیی تر قوربانی زیاتر

لەگەڵ تەقاندنی ئەو چوار گولە هاوەنە، هێزەكانی پۆلیسی فیدراڵی بەرەو ناوچەی حەفتەغار جوڵە دەكەن، لەوكاتەدا ئۆتۆمبێلێكی جۆری ئۆپڵ كە لە گوندی مەسنورەوە بەرەو داقوق دەڕۆیشت، دەكرێتە ئامانج كە 10 هاوڵاتی مەدەنی یەك خێزانی تێدا بووە و نۆیان گیانیانلەدەستدا.

سەرچاوەیەک لە پۆلیسی نەهێشتنی تاوانی داقوق، بە (كەركوك ناو)ی وت "هێزێكی نەناسراو تەقەی لەو ئۆپڵە كردووە، بەهۆیەوە نۆ كەسی یەك خێزان گیانیانلەدەستدا و منداڵێكی دوو ساڵ برینداربوو".

ئەو دوو خێزانە لە پێكهاتەی عەرەبن.

پۆلیسی نەهێشتنی تاوان دەیەوێت بگاتە ئەنجامی ئەوەی ئەو هێزە كێ بووە تەقەی لەو دوو خێزانە كردووە لەناو ئۆتۆمبێلەكە، بۆ ئەوەش لە لێكۆڵینەوەدایە، وەك سەرچاوەكە وتی

پێكداهەڵپژان دەگاتە نەخۆشخانە

لەگەڵ گەیاندنی بریندار و كوژراوەكان بۆ نەخۆشخانەی داقوق، پێكداهەڵپژان رودەدات، ئەوەش لەوكاتەی پۆلیسی فیدراڵی رێگەنادات تیمێكی پۆلیسی نەهێشتنی تاوان بچنە نەخۆشخانەكەوە بۆ لێكۆڵینەوە.

سەرچاوەكەی پۆلیسی نەهێشتنی تاوان بە (كەركوك ناو)ی وت " كاتێك رێگرییان كرد دەمەقاڵی دروستبوو و تەقە كرا و بە گولەی پۆلیسی فیدراڵی ئەفسەرێكی نەهێشتنی تاوانی داقوق كوژرا".

ئەو ئەفسەرە ناوی محەمەد قاسم-ەو لە پێكهاتەی توركمانە

داوای دەركردنی پۆلیسی فیدراڵی دەكرێت

دوای بارگرژییەكانی گوندی حەفتەغار و نەخۆشخانەی داقوق، خۆپیشاندانی ژمارەیەك هاوڵاتی توركمان لە داقوق و لەبەردەم بارەگای پۆلیسی فیدراڵی لە قەزاكە دەستیپێكرد و رێگای كەركوك – بەغدا بۆ چەند كاتژمێرێك داخرا.

هاوڵاتیان هوتافیان دژی پۆلیسی فیدراڵی دەوتەوە و داوایاندەكرد بكوژی ئەفسەرەكەی نەهێشتنی تاوان بدرێتە دادگا و قەزاكە جێبهێڵن.

تا ئەم ساتە، پۆلیسی فیدراڵی هیچ رونكردنەوەیەكی لەسەر روداوەكانی شەوی رابردوو نییە.

هێز بۆ داقوق دەنێردرێت

درەنگانێکى شەوی رابردوو، بۆ كۆنترۆڵكردنی دۆخی قەزای داقوق 44كم باشوری كەركوك، لیوا روكن حامد زوهەیری، جێگری فەرماندەى ئۆپەراسیۆنى کەرکوک و عەلی كەمال، فەرماندەی پۆلیسى کەرکوک گەیشتنە قەزاكە.

لە كۆبونەوەیەكدا لەگەڵ خۆپیشاندەران، كە پەیامنێری (كەركوك ناو)، ئامادەی بوو، بڕیاردرا بكوژی ئەفسەرەكەی پۆلیسی نەهێشتنی تاوان لەڕێی یاساوە سزابدرێت.

داقوق/25ی تەمموزی 2019/ ناشتنی تەرمی نۆ ئەندامی یەك خێزان دوای ئەوەی دەستڕێژی گولەیان لێكرا فۆتۆ:كەركوك ناو

هەر درەنگانێكی شەوی رابردوو بڕیاردرا پۆلیسى فیدراڵی لە بازگەکانى ناو شار بكشێنەوە.

لە ئێستادا فەوجێكی پۆلیسی فریاكەوتنی كەركوك لەناو شار جێگیربون و بڵاوەیان پێكراوە.

  • FB
  • Instagram
  • Twitter
  • YT