لەسەر ریفراندۆم و هەڵكردنی ئاڵای هەرێمی كوردستان
لێكۆڵینەوە لە پۆلیـسـە كـوردەكـانی كـەركـوك دەستیـپێـكرد

كەركوك/25ی ئەیلولی 2017/ بنكەیەكی دەنگدان بۆ بەشداریكردن لە ریفراندۆمی هەرێمی كوردستان لە گەڕەكی رەحیماوا فۆتۆ: كەركوك ناو

كەركوك ناو

بە بڕیاری وەزارەتی ناوخۆی عیراق، لە كەركوك لێكۆڵینەوە لە پۆلیس و ئەفسەرانی كورد دەستیپێكرد و لە یەكەم هەنگاودا 11 پۆلیس و ئەفسەر بۆ لێكۆڵینەوە بانگهێشتكران، ئەوەش بە تۆمەتی بەشداریكردنیان لە ریفراندۆم و هەڵكردنی ئاڵای هەرێمی كوردستان لە ساڵی 2017. بەڵام وتەبێژی پۆلیسی كەركوك زانیاریی ناڕاست بڵاودەكاتەوە.

یەكشەممە یەكی ئەیلول، 11 پۆلیس و ئەفسەری كورد لە بنكەی پۆلیسی عەرەفەوە بانگهێشتی كاروباری ناوخۆ كران بۆ لێكۆڵینەوە و دواتر بە كەفالەت ئازادكران. ئەوەش بەپێی بڕیارێك كە لەهەمان رۆژدا ئاراستەی بنكەكانی پۆلیسی كەركوك كراوە.

یەكێك لەو 11 پۆلیس و ئەفسەرە كە لە بنكەی پۆلیسی عەرەفە دەوام دەكات و لەترسی لێپێچینەوە نەیویست ناوی بڵاوبكرێتەوە، بە (كەركوك ناو)ی وت "بانگهێشتی کاروباری ناوخۆ كراین و لێكۆڵینەوەیان لەگەڵدا دەكردین دەربارەی ئەوەی بەشداریمانكردبێت لە ئەنجامدانی ریفراندۆم و هەڵكردنی ئاڵای هەرێمی كوردستان".

لێكۆڵینەوەیان لەگەڵدا دەكردین دەربارەی ئەوەی بەشداریمانكردبێت لە ئەنجامدانی ریفراندۆم و هەڵكردنی ئاڵای هەرێمی كوردستان

وتیشی "دادوەرێكی سەربازی پرسیاری لێکردین کە رۆژی ریفراندۆم لەکوێ بوین و چیمان دەكرد؟ دەنگمان چۆنداوە بە ریفڕاندۆم؟ لەگەڵ چەند پرسیارێكی تر، دوای وەرگرتنی وتەکانمان پێیانڕاگەیاندین کە دەتوانن بڕۆن".

سەرچاوەیەكی باڵا لە پۆلیسی كەركوك و ئاگادار لە دۆسیەی لێكۆڵینەوە لە پۆلیس و ئەفسەرانی كورد، بە (كەركوك ناو)ی وت "بەپێی بڕیاری وەزارەتی ناوخۆی عیراق كە لە یەكی ئەیلول گشتێنراوە بەسەر بنكەكاندا، داواكراوە ئەو پۆلیس و ئەفسەرانەی كە بەشدارییان لە ریفراندۆم و هەڵكردنی ئاڵای هەرێمی كوردستاندا كردووە بچن بۆ كاروباری ناوخۆ بۆ لێكۆڵینەوە".

وتیشی "ئەوانەی لەچەند رۆژی رابردودا لێكۆڵینەوەیان لەگەڵدا كراوە هەمویان كورد بون و بە كەفالەت ئازادكراون، ئەگەر تۆمەتەكان راستبونایە و كەیسێكی پەیوەست بە ئاسایشی وڵاتیان لەسەر بوایە بە كەفالەت ئازادناكران، بڕیارەكەش بۆ تەواوی بنكەكانی پۆلیس گشتێنراوە نەك تەنیا بنكەی پۆلیسی عەرەفە".

ئەوانەی لەچەند رۆژی رابردودا لێكۆڵینەوەیان لەگەڵدا كراوە هەمویان كورد بون

ئەوەش لەكاتێكدایە، دوێنێ دووشەممە دووی ئەیلول، عەمید ئەفراسیاو کامیل، وتەبێژی پۆلیسی کەرکوک، رەتیكردەوە هیچ كارمەندێك لە بنكەی پۆلیسی عەرەفە و لەسەر بەشداریكردن لە پرسی ریفراندۆم بانگهێشتی كاروباری ناوخۆ كرابێت بۆ لێكۆڵینەوە.

عەمید ئەفراسیاو کامیل، بە (كەركوك ناو)ی وت "دەنگۆی بانگهێشتکردنی ژمارەیەك پۆلیسی بنکەی عەرەفە لە نەتەوەی کورد بۆ بەردەم کاروباری ناوخۆ بەبیانوی بەشداربونیان لە ریفراندۆم راست نییە".

وتەكەی وتەبێژی پۆلیسی كەركوك، لەكاتێكدایە زیاتر لە سێ سەرچاوە هەواڵەكەیان بۆ (كەركوك ناو) پشتڕاستكردەوە كە یەكێكیان خۆی لێكۆڵینەوەی لەگەڵدا كراوە.

حكومەتی هەرێمی كوردستان، لە 25ی ئەیلولی 2017،  ریفراندۆمی بۆ جیابونەوە لە عیراق، لە هەرێمی كوردستان و ناوچەكانی جێناكۆك ئەنجامدا و لە سەدا 92ی بەشداربووان بە بەڵێ دەنگیاندا. لە ئازاری هەمان ساڵدا و بە بڕیاری ئەندامانی كورد لە ئەنجومەنی پارێزگای كەركوك ئاڵای هەرێمی كوردستان لەسەر زۆرینەی فەرمانگەكانی كەركوك هەڵكرا، ئەوەش ناڕەزایی حكومەتی عیراق لێكەوتەوە و لە 16ی ئۆكتۆبەر هێزەكانیان گەڕانەوە بۆ تەواوی ناوچەكانی جێناكۆك.

 

 

 

  • FB
  • Instagram
  • Twitter
  • YT