ژنانی كەركوك دەیانەوێت لە دەزگا ئەمنییەكاندا پێگەیان هەبێت

كەركوك/11ی ئەیلولی 2019/ لە كەمپینێكدا ژنان داوا دەكات مافی خۆیان پێبدەن و پێگەیان هەبێت لە دەزگا ئەمنییەكاندا فۆتۆ: سۆران محەمەد

سۆران محەمەد – کەرکوك

ژنانی كەركوك دەیانەوێت هاوشانی پارێزگاكانی تری عیراق، لە دامودەزگا ئەمنییەكاندا پێگەیان هەبێت، بۆ ئەوەش داوای دامەزراندن دەكەن.

ئەو داواكارییە هەرچەندە چەند ساڵێكە بەردەوام دوبارە دەبێتەوە، بەڵام لە نوێترین هەوڵیاندا و لەڕێی كەمپینێكەوە ژنان دەیانەوێت بۆ ئەو مەبەستە فشار لە وەزارەتی ناوخۆی عیراق بكەن.

كۆمەڵەی هیوای عیراقی بۆ مافەكانی مرۆڤ، بە رێكخستنی كەمپینەكە هەستاوە، چوارشەممە 11ی ئەیلول لە سەنتەری رۆشنبیری کەرکوک گردبونەوە و لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیاندا ئامانجی كەمپینەكەیان خستەڕوو.

هاوژین حاجی، كە بەیاننامەی کەمپینەكەی خوێندەوە، وتی "لە ڕوانگەی باوەڕی تەواومان بە یەکسانی هەلی کارکردن و بە پشتبەستن بە دەستوری عیراق و لەبەرئەوەش كە ژنانی كەركوك قوربانی زۆریانداوە بەهۆی ململانێی چەکدارییەكان و گروپە توندڕەوەكان، بۆیە ئەم دۆخە پێویستی بە هەنگاوی هەلی کار و دامەزراندن هەیە بۆ ژنان لە ریزی دەزگا ئەمنییەکان".

ئەم دۆخە پێویستی بە هەنگاوی هەلی کار و دامەزراندن هەیە بۆ ژنان لە ریزی دەزگا ئەمنییەکان

"ئامانجەكە تەنیا دامەرزاندن نییە، بەڵكو بەهێزکردنی رۆڵی ژنانە لە بەرقەرارکردنی ئارامیی و روبەڕوبونەوەی توندوتیژییەکان"، هاوژین وایوت.

جەختیشیكردەوە "بەشداریپێکردنی ژنان لە دەزگا ئەمنییەكان بەتایبەتی لە بەشی پاراستنی خێزان و منداڵ و پۆلیسی کۆمەڵگە بە سیفەتی لیکۆڵەر و ئەفسەران، دەتوانن بوار بڕەخسێنن بۆ ژنان کە تواناکانیان بەرجەستە بکەن و بتوانن پەیوەندیی و متمانە دروستبکەن لە دەزگا ئەمنییەکان".

دەستوری عیراق رێگەیداوە ژنان بەشداربن و رۆڵ و پێگەیان هەبێت لە دەزگا ئەمنییەكاندا، بەڵام هێشتا لە كەركوك هیچ كارمەند و ئەفسەرێكی ژن دانەمەزرێنراوە، بە پێچەوانەی پارێزگاكانی تری عیراق.

كۆمەڵەی هیوای عیراقی لە بەیاننامەكەیاندا داواكارن وەزارەتی ناوخۆ بوار بڕەخسێنێت بۆ ژنان وەک لێکۆڵەر و ئەفسەر لە ریزەکانی پۆلیس و بەشداریپێكردنیان، تا لەڕێیەوە مافەکانی مرۆڤ لە کەرکوک پێشبخەن.

سرود ئەحمەد، لێپرسراوی لقی کەرکوکی کۆمەڵەی هیوای عیراقی، بە (كەركوك ناو)ی وت "لەچەند رۆژی داهاتودا و لەگەڵ ئیدارەی کەرکوک کۆدەبینەوە بۆ ئەوەی ئەوانیش هەوڵەکانیان بۆ ئەو بابەتە چڕبکەنەوە... کەرکوک پێویستی بە ژن هەیە بە تایبەت بۆ لێکۆڵینەوە، چونکە رۆژانە حاڵەتی توندوتیژی بەرامبەر بە ژنان تۆمار دەکرێت".

"نمونەمان هەیە ژن و پیاو کێشەیان هەبووە، پیاوەکە بە ژنەکەی وتوە بچیتە بنکەی پۆلیس تەڵاقت دەدەم، ئەگەر پۆلیس و لێکۆڵەرێکی ژن هەبێت دۆخەکە باشتر و ئاساییتر دەبیت"، سرود وایوت.

ئەگەر پۆلیس و لێکۆڵەرێکی ژن هەبێت دۆخەکە باشتر و ئاساییتر دەبیت

جوان حەسەن، سەرۆکی لیژنەی مافەكانی مرۆڤ، ژنان و منداڵان لە ئەنجومەنی پارێزگای کەرکوک، بە (كەركوك ناو)ی وت "ئەم پرس و داواكارییە چەند ساڵێكە هەیە، بەڵام بەهۆی عەقڵییەتێکی پیاوسالارییەوە ئەو داوکارییە قبوڵناکرێت، بەڵێ لە کەرکوک گرنگە لێکۆڵەری ژن هەبێت، چونکە زۆرکات ژنان ناتوانن بە ڕونی لە کاتی روداوەکاندا لای لێکۆڵەرە پیاوەکان هەموو شت باسبکەن".

جوان بەڵێنیدا پشتگیری لەو كەمپینە و هەوڵەكەی کۆمەڵەی هیوای عیراقی بكات.

  • FB
  • Instagram
  • Twitter
  • YT