ئەو گەنجەی ئاڵای داعشی لەسەر مزگەوتێكی پردێ هەڵكرد دەستگیركرا

كەركوك/تشرینی یەكەمی 2017/ رێگای نێوان كەركوك - هەولێر نزیك ناحیەی پردێ فۆتۆ: فازڵ هۆرامی

كەركوك ناو

بەڕێوەبەری پۆلیسی ناحیەی پردێ دەستگیركردنی گەنجێكی راگەیاند، كە هەستاوە بە هەڵكردنی ئاڵای داعش و بڵاوكردنەوەی كتێبی "توندڕەوی" لە مزگەوتێكی سەر بە ناحیەی پردێ و لە لێكۆڵینەوەكانیشدا بە پۆلیسی وتووە "ئێوەمان خۆشناوێت".

ئەو گەنجە، شەوی پێنجشەممە 10ی تشرینی یەكەم، چۆتە گوندی بیرەسپان سەر بە ناحیەی پردێ و ئاڵای داعشی لەسەر مزگەوتەكە هەڵكردووە و هەندێك كتێبی "توندڕەوی" لە مزگەوتەكە جێهێشتووە.

عەقید عابدین نەجمەدین، بەڕێوەبەرى پۆلیسى پردێ بە (كەركوك ناو)ی وت "رۆژی هەینی 11ی تشرینی یەكەم، ئەنجومەنى گوندى بیرەسپان چەند ئاڵایەکی داعش و ژمارەیەك کتێبی ئاینی توندڕەوی رادەستكردین و وتیان كەسانی نەناسراو ئاڵاكەیان لەسەر مزگەوتەكە هەڵكردووە و كتێبەكانیان لە مزگەوتەكە داناوە".

پۆلیس هەر ئەوكات دەست بە لێكۆڵینەوە دەكات و هەمان رۆژ گەنجێكی ناحیەی پردێ دەستگیردەكەن، بە تۆمەتی ئەو كارە.

عەقید عابدین نەجمەدین وتی "ئەو گەنجە لەنێو بازاڕى پردێ قوماش و بۆیەی سپى کڕیوە و هەر خۆى هەستاوە بە نوسنى دروشمی داعش و دروستكردنی ئاڵاكەیان و دانی بەوەشدا ناوە".

ئەو گەنجە لەنێو بازاڕى پردێ قوماش و بۆیەی سپى کڕیوە و هەر خۆى هەستاوە بە نوسنى دروشمی داعش و دروستكردنی ئاڵاكەیان

بەپێی دانپێدانانەكان كە پۆلیس بە (كەركوك ناو)ی داوە، گەنجەكە بە پۆلیسی وتووە " ئێوەمان خۆش ناوێت، من ئیسلامیم بۆیە ئەم كارەم كردووە".

لەوەسفی گەنجەكەدا، پۆلیس دەڵێت "ریشێكی درێژی هەیە و هەڵگری بیروباوەڕی ئایینی توندڕەوە".

گەنجەكە دوای ئەوەی رادەستی پۆلیسی فیدراڵ كرا، دواتر بۆ بەڕێوەبەرایەتی گشتی پۆلیسی كەركوك گوازراوەتەوە.

عەقید عابدین نەجمەدین وتی "باوكی ئەو گەنجە پێشوتر ئەنجومەنى گوندى بیرەسپان بووە، بەڵام بەهۆى فشارى کوڕەکەیەوە وازى هێناوە".

  • FB
  • Instagram
  • Twitter
  • YT