ئەندامانی ئەنجومەنی پارێزگای كەركوك
هەوڵی سڕكردنی ئەنجومەنی پارێزگاكان بە سەرهەڵدانی "فەوزا" ناودەبەن

كەركوك/ 2017/ كۆبونەوەیەكی ئەنجومەنی پارێزگا بەر لە روداوەكانی 16ی ئۆكتۆبەر فۆتۆ: راگەیاننی ئەنجومەن

گۆران بابان – كەركوك

ئەندامانی ئەنجومەنی پارێزگای كەركوك، هەوڵی پەرلەمانی عیراق بۆ سڕكردنی كارەكانی ئەنجومەنی پارێزگاكان بە سەرهەڵدانی "فەوز" و تەشەنەسەندنی  گەندەڵی و ناودەبەن و دژایەتی دەكەن.

ئەنجومەنی پارێزگاكان، بەپێی یاسا تاوەكو مانگی ئازاری ئەمساڵ لەكاردادەبن، بەڵام لە 8ی تشرینی یەكەم، ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق لە دانیشتنێكدا دەنگیدا لەسەر گرتنبەری كۆمەڵێك رێكاری پەیوەست بە هەمواركردنەوەی ئەو یاسایە.

ئەحمەد عەسکەری، ئەندامی لیستی برایەتی لە ئەنجومەنی پارێزگای كەركوك، بە (كەركوك ناو)ی وت "ئەوانەی ئەو جۆرە هەوڵەدەدەن لە بنەڕەتدا فێری سیستمی دیکتاتۆریەت بون و بڕوایان بەلامەرکەزی نییە... پێشموایە بەشێکی ئەو بڕیارە ترسە لە بەهەرێمبونی پارێزگای بەسرە".

ئەو سەرسوڕمانی خۆیشی لەو بڕیارە نیشانداو وتی "بۆچی ئەنجومەنەکان بە ئامانج بگیرێن؟، خۆ پارە لای ئێمە نییە، بەڵکو لای حکومەت و پارێزگارەکانە، لای ئیدارەی شارەکانە، من پێموایە ئەوان ئەنجومەنەکان بە رێگریی دەبینن بۆ ئەنجامدانی كاری گەندەڵیی و دەیانەوێت لایەنێك نەبێت لێپرسینەوەیان لەگەڵدا بكات".

ئەنجومەنی پارێزگاكان ئەركیان پەسەندكردنی بودجەی پڕۆژەكان، هەروەها بەدواداچون بۆ كاری فەرمانگەكان و لێپرسینەوەیە. ئەگەر ئەو هەوڵەی پەرلەمانی عیراق سەربگرێت، تا هەڵبژاردنی یەكی نیسانی 2020 لەكاردەخرێن.

ئەحمەد عەسكەری وتی "لە کەرکوک ئێمە تێبینی زۆرمان لەسەر کارەکانی پارێزگار هەیە، ئەگەر ئەنجومەن نەبێت بۆ لێپرسینەوە و ئەو هەوڵەی پەرلەمان سەربگرێت، ئەوا بەڕەڵایی و فەوزا دروستدەبێت و گەندەڵی تەشەنەدەستێنێت".

 ئەو هەوڵەی پەرلەمان سەربگرێت، ئەوا بەڕەڵایی و فەوزا دروستدەبێت و گەندەڵی تەشەنەدەستێنێت

تەحسین کەهیە، سەرۆکی لیستی تورکمانی لە ئەنجومەنی پارێزگای كەركوك، پێیوایە ئەو هەوڵە ناكۆكە لەگەڵ یاسا هەمواركراوەكەی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاكان، كە تیایدا هاتووە ئەنجومەنی پارێزگاكان لە كارەكانیان بەردەوامدەبن تا یەكی ئازاری 2020، واتە یەك مانگ بەر لە هەڵبژاردن.

"ئەمە یاسایە، یاسا بەیاسا هەڵدەوەشێنرێتەوە، بۆیە ئەگەر نیازێک هەبێت بۆ هەڵپەساردنی کارەکانی ئەنجومەن، دەبێت یەکەمجار پەرلەمان گفتوگۆ لەگەڵ لیژنەی یاسایی پەرلەماندا بکات بەمەبەستی هەموارکردنەوەی یاسای هەڵبژاردن"، تەحسین كەهییە وایوت.

وتیشی "ناڕەزایی فراوان هەیە لە ئەنجومەنی پارێزگاكانی عیراق دژی ئەو هەوڵە. من لەگەڵ لیژنەی یاسایی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق قسەم کردووە، ئەوانیش سەرسوڕمانی خۆیان نیشانداوە، بەبۆچونی من ئەنجومەنەکان کارەکانی خۆیان دەکەن تا ماوەی دیاریکراو لەساڵی ئایندە و ئەو هەوڵە سەرناگرێت".

  • FB
  • Instagram
  • Twitter
  • YT