ئەنجومەنی پارێزگای كەركوك تانە لە بڕیاری هەڵوەشاندنەوەی دەدات

كەركوك/2017/ كۆبونەوەیەكی ئەنجومەنی پارێزگای كەركوك فۆتۆ: كەركوك ناو

سۆران محەمەد - کەرکوک

سەرۆكی كاتی ئەنجومەنی پارێزگای كەركوك رایدەگەیەنێت كە تانە لە بڕیاری هەڵوەشاندنەوەی ئەنجومەنی پارێزگاكان دەدەن، بۆ ئەو مەبەستەش ئەمڕۆ یەكشەممە لە بەغدا دەبن.

جەمال مەلود، بە (كەركوك ناو)ی وت "نوێنەری ئەنجومەنی پارێزگای کەرکوک ئەمڕۆ یەكشەممە 10ی تشرینی دووەم، لە بەغدا دەبێت بۆ تانەدان لە بڕیاری هەڵوەشاندنەوەی ئەنجومەنی پارێزگاكان".

ئه‌نجومه‌نی نوێنەرانی عیراق لە 28ی تشرینی یەكەم، بڕیاریدا بە هەڵوەشاندنەوەی ئەنجومەنی پارێزگاكانی عیراق لە نێویاندا كەركوك، ئەوەش وه‌ك به‌ده‌مه‌وه‌چونی داواكارییه‌كی خۆپیشانده‌رانی ناڕازی، كه‌ زیاتر مانگێكه‌ له‌ به‌غدا و چه‌ند شارێكی دیكه‌ به‌رده‌وامی هه‌یه‌ و به‌هۆی بارگرژییه‌كانیشه‌وه‌، زیاتر له‌ 270 كه‌س كوژراون و هه‌زارانی كه‌سی تر برینداربون.

بە‌پێی راگه‌یه‌ندراوێكی په‌رله‌مانی عیراق كه‌ رۆژێك دوای بڕیارەكەی بڵاویكردەوە، هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی ئه‌نجومه‌نی پارێزگاكان پاڵپشته‌ به‌ یاسای پارێزگا نه‌به‌ستراوه‌كان به‌ هه‌رێمه‌وه‌ و ئه‌وی پێی رازی نیه‌، ده‌توانێت له‌ دادگا تانه‌ی لێبدات.

جوان حەسەن، ئەندامی ئەنجومەنی پارێزگای کەرکوک بە (کەرکوک ناو)ی وت "بڕیارەکەی پەرلەمان بەبێ هیچ رێنماییەک دەکراوە، هەر بۆیە بەشێك لە ئەنجومەنی پارێزگاكان لە دادگای فیدراڵی تانەیان لە بڕیارەکە داوە، دادگاش سکاڵاکەی وەرگرتووە، بۆیە تا کاتی یەکلاییکردنەوەی کەیسەکە، ئەندامانی ئەنجومەن و خودی ئەنجومەن کارەکانی هەڵپەسێردراوە، بۆیە ئێمە هیچ رۆڵێکی چاودێریمان نەماوە لەسەر پارێزگا و ئیدارەكەی".

لە ئێستادا هەریەكە لە ئەنجومەنی پارێزگای بەغدا و دیوانییە لە دادگای فیدراڵی تانەی لە بڕیاری هەڵوەشاندنەوەیانداوە، ئەنجومەنی پارێزگای نەینەواش بڕیاریداوه‌ هەمان هەنگاو بنێت.

ئەحمەد عەسکەری، ئەندامی ئەنجومەنی پارێزگای كەركوك، بە (كەركوك ناو)ی وت "بەپێی بڕیارەکەی پەرلەمانی عیراق بێت، ئەنجومەن سڕاکراوە و ئێمە هیچ رۆڵ و پێگەیەکمان نییە، بۆیە ئێستا هاوڵاتی ئاسایین، ناتوانن هیچ رۆڵێکی چاودێریش ببینین".

به‌پێی بڕیاره‌كه‌ی په‌رله‌مانی عیراق، تا هه‌ڵبژاردنی داهاتوی ئه‌نجومه‌نی پارێزگاكان كه‌ بڕیاره‌ 1ی نیسانی 2020 ئه‌نجامبدرێت، په‌رله‌مان خۆی چاوێر ده‌بێت به‌سه‌ر كاری پارێزگاره‌كانه‌وه‌.

بەڵام جەمال مەولود وتی "دەمانەوێت بڕیارەكە هەڵبوەشێتەوە و ئەمڕۆ تانەی لێدەدەین".

  • FB
  • Instagram
  • Twitter
  • YT