"ئیتر قەڵەم هەڵدەگرم"

سەڵاحەدین/ خوێندنگەیەكی نەهێشتنی نەخوێندەواری لە تكریت فۆتۆ: بەڕێوەبەرایەتی نەهێشتنی نەخوێندەواری

لەیلا ئەحمەد – دوزخورماتوو

"ئێستا كەمێك دەتوانم بخوێنمەوە، بەڵام رێنوسم خراپە و لە بیركاریش باش نیم"، نەریمان ئیبراهیم (41ساڵ) وایوت. ئەو دوای 30 ساڵ گەڕایەوە بۆ خوێندن و بڕیاریدا قەڵەم هەڵبگرێت.

نەریمان ئیبراهیم، تەنیا تا پێنجی سەرەتایی خوێندووە و بەهۆی خراپی گوزەرانیان، دایك و باوكی لە هەستاكانی رابردوو، لە خوێندن دەریانهێناوە. بەڵام سێ هەفتەیە جارێكی تر بۆ خوێندن گەڕاوەتەوە، ئەوەش دوای كردنەوەی یەكەم خوێندنگە بۆ نەهێشتنی نەخوێندەواری لە گەڕەكی كۆماری دوزخورماتوو.

ئەو خوێندنگەیە (نەورۆز)، بە بڕیاری وەزارەتی پەروەردەی عیراق، بۆ یەكەمجارە لەدوای روخانی رژێمی بەعس لە 2003 لەو گەڕەكە كوردییە بكرێتەوە. ئامانجیان تیایدا نەهێشتنی نەخوێندەوارییە.

سێ هەفتەیە فێرخوازان، دەستیان بە خوێندن كردووە، 30 خوێندكار وەرگیراون و بەسەر دوو پۆلدا دابەشكراون. هەروەها چوار مامۆستا وانە دەڵێنەوە.

هەڵۆ جەمال، سەرپەرشتیار و بەڕێوەبەرى  خوێندنگەكە، بۆ (كەركوك ناو)ی وت "رۆژ دوای رۆژ ژمارەی خوێندكارەكانمان زیاتر دەبێت".

خوێندكارەكان لە رەگەزی نێرن و بە زمانی عەرەبی دەخوێنن، لەپاڵئەوەشدا فێری پیشەی تر دەكرێن، لەنێویاندا دارتاشی پیشەسازیی و هەندێك كاری دەستی.

هەڵۆ جەمال وتی "لەهەوڵداین لەمەودوا زمانى کوردیش بخوێنین".

لەهەوڵداین لەمەودوا زمانى کوردیش بخوێنین

خوێندنگەكە بە مۆڵەتی وەزارەتی پەروەردەی عیراق كراوەتەوە. لەپاڵ دوو خوێندنگەی تر كە چەند ساڵێكە لە گەڕەكە توركمانیی و عەرەبییەكانی قەزاكە بونیان هەیە.

بڕیارە لە مانگی داهاتودا خوێندنگەیەكی هاوشێوە بۆ خانمان بكرێتەوە.

هەڵۆ وتی "وەزارەتی پەروەردە بەڵێنیان پێداوم مامۆستای ئافرەت بۆ خوێندنگەكە دابین بكەن... خواستى خوێندنى ئافرەتیش بۆ خوێندن زۆرە و دەمانەوێت لەپاڵئەوەشدا فێری درومان و ئارایشتگەیان بكەین".

خوێندكاران فێری ئەلف و بێ، خوێندنەوە و نوسین دەكرێن، هەروەها وانەی بیركاری و رۆشنبیرییان پێدەوترێتەوە.

"ئەگەر فێرخوازان خوێندنى سەرەتایی تەواوبکەن، ئەوا دەتوانن قۆناغەكانی تریش بخوێنن تا دەگەنە زانكۆ"، هەڵۆ جەمال وایوت.

نەریمان ئیبراهیم لەبارەی خوێندنەكەیەوە، وتی "ئەمە ئاواتى چەندین ساڵەم بوو... کاتی خۆی زۆر پێویستم بەبڕوانامە بوو بۆ ئەوەی ببمە ئەفسەر، بەڵام لەبەر نەبونی بڕوانامە نەمتوانی".

زیاتر وتی "لەگەڵ خوێندنەوە و نوسین، دەمەوێت ببمە خوێنەوارێکى باش و فێری كارێكی تریش ببم وەك دارتاشی".

  • FB
  • Instagram
  • Twitter
  • YT