رێكخراوێكی ناحكومی: لە مانگی تشرینی دووەمدا 38 حاڵەتی كوشتن لە كەركوك تۆماركراون

كەركوك/ئابی 2017/ ناوەندی شار، پایسكلسوارێك بە بەرەدەم خانەقای سەید ئەحمەد-دا تێپەڕدەبێت فۆتۆ: كەركوك ناو

كەركوك ناو

ناوەندی مافەكانی مرۆڤ لە عیراق، كوژرانی 38 كەسی لە مانگی تشرینی دووەمی ئەمساڵدا لە كەركوك راگەیاند، لەنێویاندا چوار مەدەنی.

رێكخراوەكە لە راگەیەنراوێكدا جەختدەكاتەوە لەوەی لەیەك تا 30ی تشرینی دووەمی 2019، لە پارێزگای كەركوك 38 حاڵەتی كوشتن رویداوە، لەنێویاندا چوار مەدەنی، سێ سەربازیی، لەگەڵ "31 تیرۆریست"، بەبێ ئەوەی وردەكاریی "تیرۆریستەكان" رونبكاتەوە.

هەر لەو مانگەدا و بەپێی راگەیەنراوەكە 18 حاڵەتی برینداربون بەهۆی توندوتیژییەكانەوە تۆماركراون، كە 17 حاڵەتیان مەدەنیی بون. لەگەڵ یەك سەرباز.

رێكخراوە ناحكومییەكە، ئاماژە بە دەستگیركردنی هەشت كەس دەكات هەر لەو مانگەدا، بەپێی ماددەی تیرۆر. لەگەڵ حاڵەتێكی رفاندنی مەدەنی.

تا سەرەتای ئەمساڵ نێردەی تایبەتی نەتەوە یەكگرتووەكان (یۆنامی) مانگانە ئاماری تایبەتی ژمارەی كوژراو و بریندارانی لە پارێزگاكانی عیراق جگە لە هەرێمی كوردستان بڵاودەكردەوە. بەڵام دواتر رایگرت.

ئامارەكەی ناوەندی مافەكانی مرۆڤ لە عیراق لەكاتێكدایە هیچ ناوەندێكی رەسمی لە عیراق مانگانە ئاماری لەو شێوەیە بڵاوناكاتەوە.

  • FB
  • Instagram
  • Twitter
  • YT