لێپرسراوێكی باڵای هەواڵگری داعش لە ناوەندی كەركوك دەستگیركرا

فۆتۆ: كەركوك ناو

كەركوك ناو

هێزە ئەمنییەكانی كەركوك لە ئۆپەراسیۆنێكدا توانیان لێپرسراوێكی باڵای هەواڵگری داعش لە ناوەندی شاری كەركوك دەستگیربكەن، بەبێ هیچ روبەڕوبونەوەیەك. دەستگیركراوەكە لەساتی بەهێزبونی داعشدا بەر لە 2017، دەستە ڕاستی ئەبوبەكر بەغدادی بووە.

ئۆپەراسیۆنەكە، بەسەرپەرشتی راستەوخۆی فەریق روکن سەعد حەربیە، فەرماندەی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەكانی كەركوك، بەرەبەیانی ئەمڕۆ سێشەممە سێی كانونی یەكەم بەڕێوەچوو.

بەپێی سەرچاوەیەك كە لێپرسراوێتی هەیە لە هێزە ئەمنییەكانی كەركوك و ئاگادارە لە ئۆپەراسیۆنەكە، دەستگیركراوەكە ناوی حامد شاکر، ناسراو بە ئەبو خەلدونەو لە گەڕەکی یەكی ئازاری شاری کەرکوک دەستگیركراوە.

سەرچاوەكە جەختیكردەوە "چەند رۆژێكە چاودێری ئەبو خەلدون دەكرێت، تا توانراوە بەبێ روبەڕوبونەوە و لە ماڵێكدا دەستگیربكرێت".

ئەبو خەلدون، بە یەکێک لە ترسناكترین و چالاکترین سەرکردەکانی رێكخراوی چەكداریی داعش ناودەبرێت، وەك سەرچاوەكە وتی "ماوەیەك دەستە رستی ئەبوبەكر بەغدادی بووە".

سەرچاوەكە زیاتر وتی "دەستی هەبووە لە تەقاندنەوەی شوێنە پیرۆزەكانی سەماوە لە ساڵی 2006، دواتر لەگەڵ سەرهەڵدانی داعش پەیوەندی بەو رێكخراوەوە كردووە، پۆستی باڵای پێدراوە لە پارێزگای سەڵاحەدین كاتێك ئەو پارێزگایە لە ساڵی 2014 كەوتە دەست رێكخراوی چەكداریی داعش و ئێستای لێپرسراوێتی هەواڵگری هەیە لەو رێكخراوە".

هەروەها لەکەوتنی ناحیەی عەلەم لە پارێزگای سەلاحەدین بەشداریی چالاكی هەبووە و بەشداربووە لەهێرش و چالاكییەكانی ئەو رێكخراوە و كوشتنی هاوڵاتی مەدەنی.

لە ئۆپەراسیۆنەكەی هێزە ئەمنییەكاندا، هێزێک لە بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی حەویجە و پۆلیسی كەركوك بەشداربون.

  • FB
  • Instagram
  • Twitter
  • YT