ژن و مێردێك لەناو بنكەی پۆلیسی كفری كوژران

كفری/ سەرەتای 2018 ناوەندی قەزاكە فۆتۆ: كەركوك ناو

كەركوك ناو

لەناو بنكەی پۆلیسی كفری، پۆلیسێك تەقە لە برازایەك و هاوسەرەكەی دەكات و دەیانكوژێت.

ئەو روداوە، بەیانی ئەمڕۆ دووشەممە 9ی كانونی دووەم رویدا، كاتێك ئەو ژن و مێردە بە مەبەستی تۆماركردنی سكاڵا لە دژی بكوژەكە - كە دەكاتە مامیان-، سەردانی بنكەی پۆلیسی كفری دەكەن، ئەوەش بەپێی زیاد لە سەرچاوەیەك بۆ (كەركوك ناو).

ئەو هەڕەشانە لەكاتێكدایە ئەو ژن و مێردە "شەش مانگ لەمەوبەر بەبێ رەزامەندی كەسوكاریان هاوسەرگیرییان كردووە و كێشەكە بەردەوامی هەبووە تا گەیشتۆتە تۆماركردنی سكاڵا و روداوەكەی ئەمڕۆ"، سەرچاوەیەك لە ئیدارەی كفری وایوت.

سەرچاوەیەك زیاتر وتی "ئەمڕۆ ئەو ژن و مێردە بە مەبەستی تۆماركردنی سكاڵا لە دژی مامێكی مێردەكە چونەتە دادگای كفری، ئەوانیش رەوانەی پۆلیسیان كردووە بۆ تۆماركردنی سكاڵاكە، لەوكاتەداو لەناو بنكەی پۆلیس كێشەكە تەقیوەتەوە".

بكوژەكە لە هەمان بنكەدا پۆلیسە، لەكاتی وەرگرتنی وتەی ئەو ژن و مێردە بە دەمانچە تەقەی كردووە و هەر لەوێ ژنەكە كوژراوە و مێردەكەشی بەرلەوەی بگاتە نەخۆشخانە گیانیلەدەستداوە.

سەرەتای كێشەكە بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە كە ژنەكە پێشتر خاڵۆژنی كوڕەكە بووە و دواتر هاوسەرگیریان كردووە، ئەوەش بەلای كەسوكاریانەوە قبوڵكراو نەبووە، بەپێی زیاد لە سەرچاوەیەك بۆ (كەركوك ناو).

عەلی  جەمیل قەدوری، وتەبێژی پۆلیسی گەرمیان، بە (كەركوك ناو)ی وت "لەناو ژوری لێكۆڵینەوەدا تەقەیان لێكراوە و هەری لەوێ ژنەكە گیانیلەدەستداوە و دواتر مێردەكەشی لەڕێی گەیاندنی بۆ نەخۆشخانە مردووە".

سامان سەرتیپ، بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی شەهید خالید لە كفری، بە (كەركوك ناو)ی وت "كاتێك هێنران بۆ نەخۆشخانە هەردوكیان گیانیانلەدەستدابوو، لەئێستادا تەرمەكانیان رەوانەی پزیشكی دادوەری كەلار كراون".

بكوژەكە ناوی هۆشیار ئیبراهیمە و كارمەندە لە بنكەی پۆلیسی كفری.

پێشتر ژنەكە بۆ ماوەیەك لە شێڵتەر بووە و داڵدەدراوە، دواتر كە هێنراوەتە دەرەوە هاوسەرگیری لەگەڵ خوشكەزایەكی مێری پێشویدا كردووە.

ئەو رووداوە لەكاتێكدایە هێشتا هەڵمەتی 16 رۆژەی بەرەنگاربونەوەی توندوتیژیی لە هەرێمی كوردستان بەردەوامە و كۆتایی نەهاتووە.

  • FB
  • Instagram
  • Twitter
  • YT